ئەمەریكا دوو مەرج بۆ هەڵگرتنی سزا ئابوورییەكانی ئێران دەخاتە روو

:: AM:11:13:23/04/2019 ‌
دواجار ئەمەریكا بڕیاری درێژ نەكردنەوەی لێخۆشبوونی پێوەند بە فرۆشتنی نەوتی ئێران راگەیاند. مایك پۆمپیۆ دەڵێ، لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ئێران 10 ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت دەستكەوتووە و لە گروپە توندڕۆكانی خەرج كردووە، دەستپێشخەرییەكیش بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئێران ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 23ی نیسان، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی روونكردنەوەی زیاتری لە بارەی هۆكاری درێژ نەكردنەوەی ماوەی لێخۆشبوون لە كڕینی نەوتی ئێران لەلایەن هەشت وڵاتەكەوە راگەیاند.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێ، نەوتی ئێران سەرچاوەی سەرەكی پارەدار كردنی چالاكییەكانی ئێرانە كە بەلای ئەمەریكا چالاكی "پیسن"، بۆیە پێویستە لێخۆشبوون لە كڕینی نەوتی ئەو وڵاتە لەلایەن هەشت وڵاتەكەی ترەوە، پێویست بوو رابگیردرێت.

زیاتر گوتی "هەناردەی نەوت 40%ی داهاتی ئێران پێك دەهێنێت، لەم ماوەیەش كە لێخۆشبوون بۆ هەشت وڵاتەكە درا، ئێران لە فرۆشتنی نەوت 10 ملیار دۆلار دەست كەوتووە، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی بۆ پارەدار كردنی گروپە تیرۆریستییەكانی وەك حەماس و حزبوڵا و پێشخستنی بەرنامەی مووشەكی خەرج كردووە".

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێداگیری وڵاتەكەی دووپات كردەوە بەوەی نایانەوێت ئێران یەك دۆلاری داهاتی نەوتی دەست بكەوێت، دەڵێ، كار بۆ سفڕ كردنی داهاتی نەوتی ئێران دەكەین و لە یەكی ئایاری داهاتوو لێخۆشبوون بۆ وڵاتانی چین و ژاپۆن و كۆریای باشوور و هیندستان و یۆنان و تایوان و وڵاتانی تر نامێنێت.

مەترسی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت یەكێك بوو لە ئاستەنگە گەورەكانی بەردەم دۆناڵد ترەمپ لە سەپاندنی سزا بەسەر كڕیارانی نەوتی ئێرانی، ئەمەش پاڵنەر بوو ماوەی شەش مانگ مۆڵەت بە هەشت وڵات بدات، بەڵام مایك پۆمپیۆ دەڵێ، سعوودیە و ئیمارات بەڵێنی پڕ كردنەوەی دروستبوونی تەنگژەی نەوتیان لە بازاڕەكانی جیهان داوە، زیاتر گوتی "لەگەڵ ئەمەشدا لەگەڵ وڵاتانی تریش قسە كراوە كە نەوتی زیاتر هەناردەی بازاڕەكان بكەن بۆ رێگرتن لە تەنگژەی نەبوونی نەوت لە بازاڕ و بەرز بوونەوەی نرخەكەی".

 وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هاوشانی راگەیاندنی گوشاری سفڕ كردنەوەی داهاتی نەوتی ئێرانی، دەستپێشخەرییەكیشی بۆ ئەو وڵاتە ئاشكرا كرد.
پۆمپیۆ لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ئاماژەی بەوەدا ئەگەر ئێران دەیەوێت سزا ئابوورییەكانی لەسەر لابدرێت ئەوا دەبێت دەستبەجێ بەرنامەی ناوەكیەكەی بوەستێنێت و دەست هەڵگرێت لە پارەدار كردنی رێكخراوە تیرۆریستییەكان، گوتیشی "گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران بەردەوامیان دەبێت تا ئەو كاتەی ئامادەی سەر مێزی دانوستاندن دەبێت".



وشە - فه‌رمان سادق