ئەندامانی مەڵبەندی 11ی کۆمەڵ دەستیان لەکار کێشایەوە

:: AM:11:37:23/04/2019 ‌
دوای دەستلەكاركێشانەوەی ژمارەیەك لە بەرپرسانی مەڵبەندی سێی كۆمەڵی ئیسلامی لە هەولێر ئەمڕۆ ژمارەیەك لە ئەندامانی مەڵبەندی 11ـی دەورووبەری هەولێر دەستیان لەكار كێشایەوە و ئاشكرای دەكەن، باڵی دەستڕۆیشتوو لەناو كۆمەڵ دروست بووە.

ئەمڕۆ سێشەم 23ـی نیسان، لە بەیاننامەیەكدا ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆمەڵ رایان گەیاندووە، بۆ رای گشتی دوای ئەوەی چەندین هەوڵ و پێشنیارمان رەتكرایەوە لەلایەن باڵی دەست رۆیشتووی ئەنجوومەنی بانگەواز و بەڕێوەبردن بۆ چاككردنی كێشە و گرفتە سەپێنراوەكانی هەردوو مەڵبەندی هەولێر، ئێمەی كارگێڕ و ئەندامانی مەڵبەندی 11ی هەولێری كۆمەڵی ئیسلامی دەستمان لەكار كێشایەوە.

لە بەشێكی ڕاگەیەندراوەكە باس لەوە كراوە، ئێمە دەستلەكاركێشانەوەی خۆمان رادەگەیەنین و دووپاتی دەكەینەوە كە پشتگیری هەرسێ سەركردایەتییە دەستلەكاركێشاوەكان دەكەین بۆ هەر پڕۆژەیەكی سیاسی سەربەخۆ كە خزمەتی رابوونی ئیسلامی بكات.

ئەو كەسانەی دەستیان لە كاركێشاەوەتەوە لە مەڵبەندی 11 بریتین لە :
هێمن ڕەسوڵ كارگێڕ مەڵبەند
عەبدولقادر ئیبراهیم ئەندام مەڵبەند
ڕەفعت ڕەئوف ئەندام مەڵبەند
بروسك عوسمان ئەندامی مەڵبەندو بەرپرسی لقی مامۆستایان

ماوەی چەند ڕۆژێكە دەستلەكاركێشانەوە لەناو كۆمەڵ دەستی پێ كردووە و كارگێڕانی مەڵبەندی سێی هەولێر رایان گەیاندووە، هیچ پێوەندییەكی سیاسی و یاساییمان بە كۆمەڵی ئیسلامییەوە نەماوە.
 
زیاد لە ساڵێکی ئەندامانی کۆمەڵی ئیسلامی ناوە ناوە وازیان لەو حزبە هێناوە و زۆربەیان رایان گەیاندووە بەهۆی تاکڕۆیی و خۆسەپاندنی ئەمیری کۆمەڵ دەستبەرداری ئەو حزبە بوون، بەڵام ئەمجارەیان وازهێنانەکە گەیشتە ئاستی سەرکردایەتی ئەو حزبە.



وشە - رامیار جەواد