32 ملیۆن هەژماری ساختە لە عێراق هەیە

:: PM:01:07:23/04/2019 ‌
هودە سەجاد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، 32 ملیۆن هەژماری ساختەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە عێراق هەیە، پەرلەمانیش دەیەوێت لە رێگەی یاسای تاوانە ئەلكترۆنییەكان رێگری لە ناوزڕاندن بكات.


لە كاتێكدا سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراقی دەڵێ، رووبەڕووی یاسای تاوانە ئەلكترۆنییەكان دەبینەوە كە پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی دەنگدانە لەسەری، بەوەی بەپێی مادەكانی 22 و مادەی شەشی یاسایەكە ئازادی رادەربڕین بەرتەسك دەكاتەوە، ئەندامێكی پەرلەمان ئاشكرای دەكات كە 32 ملیۆن هەژماری ساختە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەن.

عێراقییەكان بە گشتی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك و ئینستاگرام بەكار دەهێنن، لەگەڵ ئەوەی چەندان تۆڕی تر هەن لەوانە تویتەر و ئیمۆ و تیلیگرام و ڤایبەر و واتس ئاپ.

هودا سەجاد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سمینارێكدا ئاشكرای كرد، لە تەواوی عێراق 40 ملیۆن هەژماری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەن، لەم ژمارەیەدا 32 ملیۆنی ساختەیە.

زیاتر گوتی، ئەو هەژمارانە ساختەن و بۆ ناوزڕاندن و شكاندنی سیاسی و كۆمەڵایەتی و بڵاوكردنەوەی پڕوپانگەندە بەرانبەر دەستخستنی بڕێك پارە بەكار دەهێنرێن.

ئەو قسانەی هودا لە كاتێكدایە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ یاسای تاوانە ئەلكترۆنییەكان لە 12ی كانوونی دووەمی رابردوو كردووە و چاوەڕوان دەكرێت لە مانگی داهاتوو دەنگی لەسەر بدرێت. بەپێی ئەو یاسایە بێت سزای توند بەرانبەر بە ناوزڕاندن و بڵاوكردنەوەی زانیاری هەڵە دانراوە، كە سەندیكای رۆژنامەنووسانی عێراقی پێیان وایە یاسایەكە بە باڵای سیاسییەكان دروایە و دەبێتە هۆی بەرتەسك كردنەوەی ئازادی رادەربڕین.

هودا روونی دەكاتەوە، پڕۆژە یاسایەكە لە قۆناغی تاوتوێ و دیراسە كردن دایە، دەمانەوێت سوود لە ئەزموونی وڵاتانی تر وەرگرین پێش دەركردنی یاسایەكە. 



وشە - فه‌رمان سادق