هەرێم و بەغدا کێشەی رەگەزنامەیان چارەسەر کرد

:: PM:02:29:23/04/2019 ‌
ئەفسەرێكی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، شاندێكی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری كێشە دارایی  و كارگێڕییەكان لەگەڵ ڕەگەزنامەی عێراق سەردانی بەغدایان كرد و كۆنووسێك لە نێوانیان ئامادەكرا.

ئەمڕۆ سێشەم 23ـی نیسان، محەمەد قاسم ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شاندێك لە بەڕێوەبەرەكانی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ ڕەگەزنامەی گشتی عێراق تاوتوێی چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستانیان كرد.

ئەو ئەفسەر  گوتی، شاندەكە لە ڕەگەزنامە و نشینگەی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوون و سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ لیوا هەیسەم غەرباوی بەرێوەبەری گشتی ڕەگەزنامەی عێراق و ڕاوێژكارانی یاسایی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و یاریدەدەرانی بەڕێوەبەری گشتی بۆ كاروباری ڕەگەزنامە و نشینگە و كارتی نیشتیمانی كۆبوونەوە.

زیاتر ڕوونی كردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی كێشەوگرفتەكانی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان كرا، هەروەها كێشەكانی نێوان نشینگەی هەرێمی كوردستان و نشینگەی عێراق و كاركردن بۆ پەسەندكردنی ئەو نشینگانەی كە لە هەرێمی كوردستان دەدرێن بە كەسانی بیانی و پشت بەستن پێیان بۆ پێدانی ڕەگەزنامە بە هاووڵاتیانی بیانی كە داواكاری ڕەگەزنامەن.

"باسكردن لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسە كارگێڕی و داراییەكان تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو گەیشتینە كۆنووسێكی هاوبەش كە لە داهاتوودا لە ڕێگای لیژنەیەكی باڵای هاوبەش سەرجەم كێشەكان چارەسەر بكرێن" محەمەد قاسم وای گوت.

پێشتر هەرێمی كوردستان و عێراق لەڕووی كارگێڕی و دارایی و شێوازی پێدانی مۆڵەتی نشینگە بە هاووڵاتییان كێشەیان هەبوو و عێراق بەشێك لە نووسراوەكانی هەرێمی كوردستانی ڕەت دەكردەوە.





وشە - رامیار جەواد