یۆنامی هۆشداری دەدات.. وشكەساڵییەكی مەترسیدار چاوەڕێی عێراق دەكات

:: PM:02:37:23/04/2019 ‌
ئەگەرچی تا ئێستە بە بەردەوامی باران دەبارێت و بەپێی ئامارەكانیش رێژەی ئاو بۆ سێ هێندە زیادی كردووە، بەڵام یۆنامی هۆشداری وشكەساڵی دەدات و دەڵێ، عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانەی كاریگەر دەبێت بە گۆڕانكارییەكانی ژینگە تووشی کەمئاوی دەبێتەوە.

ئەمڕۆ 23ی نیسان، جینین هینیس نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق رای گەیاند، عێراق نزیكە لەوەی رووبەڕووی تەنگژەی ئاو ببێت و بەهۆیەوە رووبەڕووی كێشەی ژینگەیی ببێتەوە.

قسەكانی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە كاتێكدایە ئەمساڵ لە عێراق رێژەیەكی زۆر باران باریوە و لە چەند شارێكیش لافاو روویداوە، تەنانەت مەترسی رووخانی بەنداوەكان و ژێرئاو كەوتنی شارەكانیش دەكرێت.
 
جینین بەبۆنەی رۆژی جیهانی زەوی لە وتارێكیدا بە ناونیشانی "پارێزگاری ژینگە و ئیدارەدانی سەرچاوەكانی ئاو كلیلە بۆ گەشانەوەیەكی درێژمەودا لە عێراق" نووسیویەتی، عێراق لەو وڵاتانەیە كە كاریگەر دەبێت بە گۆڕانكارییە ژینگەییەكان.

نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان دووپات لەو دیاردەیە دەكاتەوە كە چەند ساڵی رابردوو عێراق بەهۆی وشكەساڵی دووچاری هات كە بەهۆیەوە پلەكانی گەرما زۆر بەرز بوونەوە و مەترسی بە بیابانبوونی چەند پارێزگایەكی عێراقی لێ دەكرا، زیاتر گوتی "عێراق چاوەڕوانی گۆڕانكارییەكی گەورەی ژینگەیی دەكات كە هەڕەشە لە گەشەپێدانی بەردەوام لەو وڵاتە دەكات، ئەو خاكەی كە پێشتر بە ناوی وڵاتی نێوان دوو رووبارەكە ناسرابوو دانیشتووانی ناتوانن چیتر خۆشگوزەرانی لەو بڕە ئاوە وەرگرن".

جینین لە وتارەكەیدا ئاماژە بەوە دەدات، تاكە چارەسەر هۆشیار كردنەوەی هاووڵاتییانە لە چۆنیەتی بەكارهێنانی ئاو و هەروەها ئامادەكاری بۆ داهاتوو.



وشە - فه‌رمان سادق