بەرپرسێكی تری یەكێتی داوای وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە دەكات

:: PM:07:41:23/04/2019 ‌

مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم روونكردنەوە دەدات و دەڵێت، بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە نامەم بۆ مەكتەبی سیاسی ناردووە.

ئەمڕۆ سێشەم 23ی نیسان، مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەكردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بەو پێیەی پۆستی وەزیری پێشمەرگە لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم بەر یەكێتی دەكەوێت، منیش نامەیەكم بۆ مەكتەبی سیاسی نووسیوە داوام كردووە پۆستە بەمن بدرێ‌.

زیاتر گوتی، هەموو تەمەنم لە پێشمەرگایەتیدا بەسەر بردووە و ماوەی 14 ساڵیشە بەرپرسی فەرماندەییم و هەموو مەرجەكانی بوون بە وەزیرم تێدایە.

لە بارەی بوونی كاندیدی تر لەناو حزبەكەی، مستەفا چاوڕەش گوتی، رەنگە كاندیدی تر هەبن خۆیان بۆ ئەو پۆستە ئامادە كرد بێت، بەڵام یەكلا بوونەوەی پۆستەكە بۆ من یان هەر كەسێكی تر دەكەوێتەوە سەر سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی.

لە بارەی ئەو پرسیارەی كە ئایا شێخ جەعفەر خۆی بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە كاندید كردووە، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ڕای گەیاند، شێخ جەعفەر بەو پێیەی دوو جار داوای لە من كردووە خۆم بۆ پۆستەكە كاندید بكەم، ئەو خۆی كاندید نەكردووە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر "وشە" هەواڵی ئەوەی بڵاو كردبووەوە كە لەسەر پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە كێشە هەیە و چەند كەسێك داوای وەرگرتنی ئەوپۆستەیان كردووە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم