ئەمەریكا تاوتوێی سزادانی ژمارەیەك كۆمپانیا و كەسایەتی عێراقی دەكات

:: PM:07:46:23/04/2019 ‌

میسال ئالووسی سەركردەی پارتی ئومەی عێراقی لیبراڵ دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی ئەمەریكا تاوتوێی سەپاندنی سزا بەسەر ژمارەیەك كۆمپانیا و كەسایەتی حكوومەتی و دانانی ناویان لەناو لیستی سزاكانی ئەمەریكا دەكات بەهۆی پابەند نەبوونیان بە سزاكانی سەر ئێرانەوە.  

ئالووسی لەو بارەوە گوتی، ئێستە حكوومەتی ئەمەریكا چاودێری پێشێلكردنی سزاكانی بۆ سەر كەرتی نەوتی ئێران و ئەو ئاسانكارییەی بۆ عێراق كراوە لە كۆتایی ساڵی رابردووەوە تا ئێستە دەكات، بۆیە بێگومان لە داهاتوودا لیستێك دەردەچێت بەو كۆمپانیا و بازرگان و كەسایەتییە عێراقییانەی كە پێشێلی سزاكان دەكەن و ئەوەیش عێراق دەخاتە ناو گێژاوێكی گەورەوە. 

ئەو سیاسەتەوانە دێرینە عێراقییە زیاتر گوتی، سەرمان سڕماوە لەو دەنگە نەشازانە لە سەرۆكایەتی كۆمار و چەند بەرپرسێكی تر و لە پەرلەمانیش كە هەموویان عێراق دەكەنە قوربانی بەدەستهێنانی رەزامەندی بەرپرسێكی سوپای پاسداران بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی عێراق بكات.

ئالووسی پێشبینی كرد كە لە مانگی داهاتوودا یان لە دوای مانگی رەمەزان لیستەكە ئامادە بێت و دەشبێتە بەڵگەیەكی تۆمەتباركردن لەدژی عێراق بەوەی ئاسانكاری لەگەڵ سوپای پاسداران دەكات كە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی لەبەرانبەر عێراق و ناوچەكە و دنیا تۆمەتبارە.

بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لە حكوومەتی عێراق بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ درێژ نەكردنەوەی بەخشینی وڵاتان لە سزای سەر ئێران، رەنگە بەغدا بخاتە هەڵوێستێكی نەخوازراوەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل