نەوەی نوێ لە لێكترازانی یەكجارەكی نزیك دەبێتەوە

:: AM:10:13:24/04/2019 ‌

جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە لێكترازانی یەكجارەكی نزیك دەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی تەواوی جومگەكانی دەسەڵات لە حزبەكە لەلایەن شاسوار و خوشك و براو هاوسەرەكەیەوە كۆنتڕۆڵ كراوە، ئێستەیش شاسوار بۆ خۆدزینەوە لە كێشەكانی ناو جووڵانەوەكەی، هەرێمی كوردستانی جێهێشتووە و چاوەڕوان دەكات دۆخەكە هێور ببێتەوە، ئینجا بگەڕێتەوە.

 بەپێی زانیارییەكانی "وشە" دامەزرێنەرانی نەوەی نوێ كە حەوت كەس بوون، شەشیان كشاونەتەوە و تەنیا شاسوار ماوە، لە ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێش تەنیا دوو كەس ماونەتەوە، هەریەكە لە رابوون مەعرووف، سەركەوت شەمسەدین و ئارام سەعید و چەند كەسێكی تری باڵایان، لە سەركردایەتی ئێستەی جووڵانەوەكە ناڕازین و ئارام سەعید ماوەیەكی زۆرە دەستی لەكار كێشاوەتەوە، بەڵام ئاشكرای نەكردووە. هەر بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، شاسوار عەبدولواحید بۆ خۆدزینەوە لەو كێشانەی رووبەڕووی جووڵانەوەكەی بوونەتەوە، هەرێمی كوردستانی جێهێشتووە و لە دەرەوەی وڵاتە، چاوەڕوان دەكات كێشەكان هێور ببنەوە و ئەوكات بگەڕێتەوە بۆ كوردستان. 

 بەپێی زانیارییەكان، سروە عەبدولواحید وەك كەسی دووەمی جووڵانەوەكە هەڵسوكەوت دەكات و پێوەندییەكانی نەوەی نوێ لە بەغدا ئیدارە دەدات، تەواوی دیدارەكانی حزبەكەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئەو ئەنجامی دەدات، بۆ ئەو مەبەستە شاسوار پشتیوانی تەواوی دەكات. 
 هاوكات شۆخان كە هاوسەری شاسوار عەبدولواحیدە، تەواوی جومگەكانی دارایی جووڵانەوەكە و كۆمپانیای نالیای بە دەستەوەیە و كۆنتڕۆڵی هەموو خەرجی و داهاتەكانی لە دەستە، ئەمەش لایەنگرانی ئەو جووڵانەوەیەی نیگەران و تووڕە كردووە. 

 پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان پێی وایە، ئێستە كاتی هەڵوەرینی گەڵای داری جووڵانەوەی نەوەی نوێیە. 
رێبوار بابكەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، بە "وشە"ی راگەیاند، شاسوار حزبەكەی بە بنەماڵەیی كردووە، كاتی خۆی كە جووڵانەوەی نەوەی نوێ خۆی راگەیاند، من لە راگەیاندنەكانیشەوە گوتم ئەو جووڵانەوەیە هێندەی پڕۆژەیەكی راگەیاندنە، ناكرێ بڵێین پڕۆژەیەكی سیاسییە، بۆیە دەكرێت وەك گەڵای دارێك لە ئانوساتێكی زەمەنیدا بوەرێت و كۆتایی پێ بێت.     

                                      
   زیاتر گوتی "ئەوەی رووی داوە ئێستە سەرەتای هەڵوەرینی ئەو گەڵایەیە كە بایەكە بەری دەكەوێت و هەڵدەوەرێت".

ئەوەشی گوت، "لەو جووڵانەوەیەدا بزنس و سیاسەت تێكەڵ كراون، لە لایەكی تریشەوە ئەو جووڵانەوەیە وردە وردە بە بنەماڵەیی دەكرێت، نەك بنەماڵە وەك دەستەواژە، بەڵكو گەورەترە لە بنەماڵە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دەنگی ناڕەزایی لەناو جووڵانەوەكەدا سەر هەڵبدات". 
 غالب محەمەد ئەندامی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە"وشە"ی راگەیاند، "كێشەی ناو نەوەی نوێ ئەوەندەی ئاگادار بین ئەوەیە كە ئەوانیش بەرەو بنەماڵەیی دەڕۆن، شاسوار و سروەی خوشكی و براكەی و هاوسەرەكەی، هەموو جومگەكانی دەسەڵاتی جووڵانەوەكەیان كۆنتڕۆڵ كردووە و دەسەڵات لای هیچ كەسێكی تری ناو جووڵانەوەكە نییە". 

ئەو پەرلەمانتارە رای گەیاند: "لە بزووتنەوەی گۆڕاندا دەزانرێت كێ لە جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی و خانەی راپەڕاندنە، بەڵام لەناو نەوەی نوێ كەس لە دەسەڵاتدا نییە جگە لەو چوار كەسەی باسم كردن، شاسوار نایەڵێت كەس لە تەلەڤزیۆنیش دەربچێت و تەنانەت نایانكات بە ژمارەش". غالب گوتی: "شاسوار بازرگانە و دەیەوێت پشتی خۆی جێگیر بكات بە سیاسەت و پەرلەمانتارەكانی، بەڵام كەس لەمە تێنەدەگەیشت، ئێمە دەمانزانی وایە و سەدان جار رامانگەیاند، بەڵام گوێیان بۆ نەگرتین". 

بەپێی هەواڵی میدیایەكی سەر بە نەوەی نوێ، باس لەوە كراوە كە هەریەكە لە سەركەوت شەمسەدین و رابوون مەعرووف، پارەی 20 پاسەوانیان بردووە كە مانگانە 20 ملیۆن دینارە، ئەمە سەرباری ئەوەی پارەی مانگانەی شەش پاسەوان و مووچەكەیان بۆ خۆیان هەڵگرتووە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" شاسوار داوای 10 ملیۆن دیناری لە هەریەكە لە پەرلەمانتارەكانی لە بەغدا كردووە بۆ جووڵانەوەكەیان، بەڵام ئەوان رەتیان كردووەتەوە بیدەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە ئەو بەیاننامەیە بەناوی فراكسیۆن و ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ بڵاو بكەنەوە.

"وشە" بۆ زیاتر پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیارییە، پێوەندی بە سەركەوت شەمسەدین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە نەوەی نوێ كرد، بەڵام ئامادە نەبوو قسە لەسەر ئەو پرسە بكات. 

 پێشتر ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەنراوێكی لەسەر كێشەكانی ناو جووڵانەوەكەیان بڵاو كردەوە و لە بەشێكیدا هاتووە: "ئێمە بە ئامانجی تێپەڕاندنی هەموو مۆدێل و ئەزموونی سیاسی تەقلیدی و زاڵ و باو دەستمان برد بۆ دامەزراندنی نەوەی نوێ، بەو ئومێدەوە هاتین كە نەوەی نوێ بكەین بە ئامرازی هەتانەوەی گەلەكەمان لە شكست، كە ئەزموونێكی سیاسی جیاوازی ئەوتۆ پێشكەش بكەین، ببێتە جێی شانازیی و نموونەی چاولێكردن". 

 "بەڵام ئێمە نیگەرانین كە نەوەی نوێ لە جووڵانەوەیەكی سیاسیی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێكی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە كە هەموو دەزگە و ئۆرگانە گرنگەكانی بڕیاردان تیایدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستەجەمعی تێدا نەماوە، جووڵانەوەكە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێكەڵ كراوە، ئیتر جیاكردنەوەیان سەخت بێت." لە بەیاننامەكە هاتووە

 دوای تێپەڕینی نزیكەی 24 سەعات بەسەر بەیاننامەكەی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، بەیاننامەیەكی تر بە ناوی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ بڵاو كرایەوە كە دوور و نزیك باسی كێشەكانی ناو جووڵانەوەكە ناكات. 

 لە بەیاننامەكەدا كە وەك خۆیان لە كۆتادا ئاماژەیان پێ داوە، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا و رەزامەندی سەرۆكی جووڵانەوەكە دەركراوە، بەهیچ جۆرێك باسی هۆكاری دەركردنی بەیاننامەكەی پێشووی فراكسیۆن و ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ نەكراوە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمەش بۆ زیاتر پەردەپۆشكردنی راستییەكانە لەبەرچاوی خەڵك و هێوركردنەوەی دۆخی ناهەمواری ناوخۆی جووڵانەوەكەیە. 

 ئەوەی جێی گلەیی و رەخنەی هاووڵاتییان و میدیاكاران بوو، ئەوەبوو لە هیچ كام لە بەیاننامەكانی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێدا ناو و واژووی كەسی لەسەر نەبوو، لەكاتێكدا ئەوان خۆیان رەخنە لە ناشەفافی حزبەكانی تر دەگرن. 

لای خۆیەوە "وشە" بۆ وەرگرتنی رای ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە جووڵانەوەی نەوەی نوێ، پێوەندی بە چەند پەرلەمانتارێكیانەوە كرد، بەڵام هیچ كام لەوان ئامادە نەبوون قسە لەسەر ئەو كێشەیە بكەن كە لە ناو جووڵانەوەكەدا هەیە.  وەك پێوەندی بە كاوە عەبدولقادر پەرلەمانتاری هەولێری فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستانەوە كرد، بەڵام ئامادە نەبوو قسە بكات بەو بیانووەی فەرمانی لە سەرووی خۆی وەرنەگرتووە.

*
وشە/ سلێمانی- هەستیار عەبدوڵا




وشە - وشه‌