ئۆتۆمبێلی كارەبایی گەیشتە بازاڕی كوردستان

:: AM:10:19:24/04/2019 ‌

ئۆتۆمبێلە كلاسیكییەكان كە بە گاز و بەنزین كار دەكەن، جگە لە زۆریی خەرجی و بەهەدەردانی بڕێكی زۆری سووتەمەنی، هۆكارێكی سەرەكین لە پیسكردنی ژینگە. بۆ دەربازبوون لێی، وڵاتان ڕوویان لە ئۆتۆمبێلی كارەبایی و دۆستی ژینگە كردووە. كۆمپانیایەك ئۆتۆمبێلێكی لەو جۆرەی هێناوەتە كوردستان، تەنانەت بۆ بارگاویكردنی خۆیشی پێویستی بە كارەبا نییە.

لە پێشانگەی تەكنەلۆجی و زانیاری هەولێر كە ١٥ی نیسان بەڕێوە چوو، جۆرەها بەرهەمی ئەلیكترۆنی سەردەمیی خرابووە ڕوو، پێشانگەكە لەبەر گەنج كەسی تری نەدەگرت و كاتێك وەژوور دەكەوتی، لە دەستەڕاستت، یەكەم خانە كۆمپانیایەكی بواری ئۆتۆمبێل بە خستنەڕووی ئۆتۆمبێلێكی نیمچە كارەبایی پێشوازی دەكردی، كە سوود و كەمی خەرجی باوەڕنەكردەیە و ئەو ئۆتۆمبێلە ئەفسووناوییە ناوی 'هایبرد' ـە.

هایبرد ئۆتۆمبێلێكی ساڵۆنە و لە قەبارەدا وەك ئۆتۆمبێلی تر و شێوە دیزاینێكی سەرنجڕاكێشی بۆ كراوە، ئەوەی لە ئۆتۆمبێلی ئاسایی جیای دەكاتەوە، سەرچاوەی وزەكەیەتی كە تێكەڵەیەكە لە بەنزین و پاتری و بۆ بڕینی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر، تەنیا ٤٠ لیتر بەنزینی پێویستە و دۆستی ژینگەیە و گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن دەرنادات. 

ئۆتۆمبێلەكە سێ ساڵ گرەنتی هەیە و پاتریی وزەكەشی گرەنتییەكەی هەشت ساڵە. تانكی بەنزینی ئەو ئۆتۆمبێلە، تەنیا ٤٠ لیتر بەنزین دەگرێت و بەو ٤٠ لیترە دەتوانی ئەمسەر بۆ ئەوسەری عێراق پێی بڕۆیت، /لە دهۆك تا بەسڕە هەزار و ١٦ كیلۆمەترە/. 

ئەو ئۆتۆمبێلە دروستكراوی كۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنییە. سەمیر سەبری بەڕێوەبەری لقی هەولێری كۆمپانیای ساز كە تاكە بریكاری كۆمپانیا ژاپۆنییەكەن لە عێراق، باس لە تایبەتمەندییەكانی ئۆتۆمبێلی 'هایبرد' دەكات كە بە كارەبا و بەنزین كار دەكات و بۆ "وشە" ڕای دەگەیەنێ، ئۆتۆمبێلەكە تا خێرایی ٦٠ كیلۆمەتر بە وزەی پاترییەكی تایبەت كار دەكات، گەرەنتی هەشت ساڵی لەگەڵە و لە سەرووی ئەو خێراییەش، ئۆتۆمبێلەكە سوود لە هەردوو وزەی بەنزین و پاترییەكە وەردەگرێت كە خێراییەكەی ئەگەر لە ئۆتۆمبێلی ئاسایی زیاتر نەبێت، كەمتر نییە.
سەمیر دەڵێ، "هایبرد بە جۆرێك دروست كراوە لە بارگاویكردنی پاترییەكەی پێویستی بە كارەبا نییە و خۆی خۆی بارگاوی دەكاتەوە".
لە دنیادا پێشوازی باش لە هایبرد كراوە و تا ئێستە ١٢ ملیۆن ئۆتۆمبێلی لە ٩٠ وڵات لێ فرۆشراوە و ئێستە هاوشانی ئۆتۆمبێلی تر لە شەقامەكانی دنیادا جرتوفرتیانە. 

هایبرد كە دۆستی ژینگەیە، بەهۆیانەوە ٩٤ ملیۆن تۆن دوانە ئۆكسیدی كاربۆن كەمتر لە دنیا بەرهەم هاتووە، واتا لەو ژمارەیەی كە فرۆشراوە، ئەگەر ئۆتۆمبێلی ئاسایی بوونایە، ٩٤ ملیۆن تۆن گازی ژەهراویان پێشكەشی ژینگە دەكرد.

بەڵام نرخی هایبرد بەرزە، بەپێی تایبەتمەندی نرخەكەی لە ٣٣ هەزار دۆلارەوە بۆ ٣٦ هەزار دۆلاری ئەمەریكییە.

بەگوتەی كۆمپانیاكە كە بۆ زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر (وەك ئەوەی سێ جار لە هەولێرەوە بچیتە سلێمانی و بگەڕێیتەوە)، تەنیا ٤٠ لیتر بەنزینی پێویست بێت، ئەوا فەرمانبەرێكی حكوومەت، سێ مانگ تا چوار مانگ جارێك تانكییەكەی پڕ بەنزین ناكاتەوە، كوردستان كە توانای كەمتر لە نیوەی دابینكردنی پێویستی بەنزینی ناوخۆی هەیە، 'هایبرد' دووشەشە بۆی.

بەپێی داتاكان، زیاتر لە ملیۆنێك و ٧٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل لە كوردستان هەن، نزیكەی ملیۆن و نیویان بە بەنزین كار دەكەن و بڕی پێویستی ڕۆژانەیان بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، زیاتر لە حەوت ملیۆن لیتر بەنزینە، ئەوە لە كاتێكدایە ساڵی 2010 بڕی خواستی ڕۆژانەی بەنزین 3.5 ملیۆن لیتر بووە. بەڵام كوردستان لە ڕێی پاڵاوگەكانی كەڵەك و بازیان، تەنیا توانای دابینكردنی نزیكەی نیوەی ئەو خواستەی هەیە، ئەوەی تری پاڵاوگەكانی ناوەڕاستی عێراق و ئێران و توركیا پڕی دەكەنەوە.

سەرباری ئەوانە، هێشتا ئۆتۆمبێلی كلاسیكی كە لە جووڵانیان بەنزینێكی زۆر دەسووتێنن و ژینگەش وێران دەكەن، بە لێشاو لە سنوورەكانەوە هاوردە دەبن و تا دێت ژمارەیان لە كوردستان زیاتر دەبێت.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، تەنیا ساڵی 2018 لە سنوورەكانی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران، ٨٧ هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی كوردستان كراون و ساڵی پێشتریش ٦١ هەزار و ٧٠٠ ئۆتۆمبێل هاتوونەتە ژوورەوە‌، كە دواجار هەموو ئەوانە سامانێكی زۆری گشتی بە با دەدەن.
ئێستە ڕكابەری كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل لە دنیا، لەسەر كەمكردنەوەی خەرجی و سوودوەرگرتنە لە وزە لە بری بەنزین و گاز كە تا ئەوپەڕی دۆستی ژینگەن، وڵاتان بە پلان كار دەكەن تا ئۆتۆمبێلی كارەبایی جێی ئەوانە بگرنەوە كە بە بەنزین و گاز كار دەكەن، لە كوردستانیش ئەگەر لەبری ئۆتۆمبێلی ئاسایی، تەنیا ڕێ بە هایبرد و هاوشێوەكانی بدرێت، جیا لە گەڕاندنەوەی خەرجی بەردەوام بۆ بەكاربەر و ژینگەیەكی پاك، چیتر بۆ بەنزین حەوجەمان بە وڵاتان نابێت كە ئەگەر ڕۆژێك وەك كارتێكیش لە دژمان بەكار نەهێنرێ، لەهەر ئەگەرێكدا تەنگژەی بەنزین لە كوردستان چاوەڕوان كراوە و خەڵك دەبێت بۆ وەرگرتنی چەند لیترێك، چەندان سەعات لە نۆرە بەفیڕۆ بدەن.

وشە/ چواس خالید





وشە - وشه‌