گۆڕان بەڵێننامە بە کاندیدی پۆستە حکوومییەکانی پڕ دەکاتەوە

:: AM:10:23:24/04/2019 ‌

بزووتنەوەی گۆڕان لە ترسی وازهێنانی کادرەکانی لە گۆڕان و مانەوەیان لە پۆستە حکوومییەکاندا، بەڵێننامە بە کادرەکانی پڕ دەکاتەوە و دەیەوێت لەگەڵ پارتی ڕێک بکەوێت تا هەر کادرێکی لە بەرنامەی گۆڕان لای دا، ڕاستەوخۆ لە پۆستەکەی لابدرێت و یەکێکی تر بخرێنە شوێنی، بەڵام تا ئێستە پارتی ڕەزامەندیی نیشان نەداوە.

لە کابینەکانەکانی پێشووتردا چەند کادرێکی گۆڕان لە كاتی بەرپرسیارێتی لە پۆستە حکومییەکاندا لە گۆڕان وازیان دەهێنا یان دەچوونە ناو لایەنەکانی ترەوە، بەڵام پۆستە حکومییەکانیان هەر بە دەستەوە دەما، ئێستە گۆڕان دەیەوێت ئەوە چارەسەر بکات، بۆیە هەم بەڵێننامەیان پێ پڕ دەکاتەوە، هەم بە پارتیشی گوتووە هەر کات بیەوێت کادرەکانی دەگۆڕێت.

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، دوو بەڵێننامە بەو کاندیدانە پڕ دەکرێنەوە کە دەچنە پۆستە حکوومییەکانەوە، بەڵێننامەیەک لای دادنووس و یەکێکیش لای ژووری یاسایی گۆڕان.

ئاماژەی دا، "بارمتەیەکی پارە لە بەڵێننامەکەدایە لە ٣٠ ملیۆن دینارەوە دەست پێ دەکات تا ٢٠٠ ملیۆن دەڕوات، بۆ ئەوانەی پۆستی وەزیر وەردەگرن."

بزووتنەوەی گۆڕان ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ پارتی کردووە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و لەو ڕووەوە جگە لە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم و چەند وەزارەتێک، زیاتر لە ٦٠ بەڕێوەبەری گشتی پێ دەدرێت.
خەلیل سەرکانی ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، "یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتیدا ئەوەیە هەر نوێنەرێکی گۆڕان لە حکوومەتدا لە پەیڕەوی بزووتنەوەکە لا بدات بەبێ ئاگاداریی خۆی بڕیاری لادانی بۆ دەردەکرێت و کەسێکی تر لە شوێنی دادەندرێت".

پرسی یەکلاکردنەوەی کاندیدی گۆڕان بۆ پۆستە حکوومییەکان کێشەی خستووەتە ناو بزووتنەوەكە، لە لایەک دامەزراوەکانی وەک جڤاتی گشتی و نیشتمانی دەیانەوێت تەواو لە نیازپاکی و ڕابردووپاکی کاندیدەکانیان دڵنیا بن، لە لایەکی تریشەوە خانەی ڕاپەڕاندن دەیانەوێت دوا بڕیار لەسەر کاندیدەکان خۆیان بیدەن.

سەردار محەمەد ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ "وشە" گوتی، "لە نێوان جڤاتی گشتی و نیشتمانی هاوئاهەنگی هەیە بۆ چۆنیەتی دیاریکردنی کاندیدەکان، بەڵام خانەی ڕاپەڕاندن بۆچوونێکی تری هەیە لەو بارەیەوە." 

دووپاتیشی كردەوە، "هیچ جۆرە متمانەیەک بوونی نییە لە کاری سیاسیدا، ئێمە بەڵێننامە بە هەموو کاندیدی پۆستە حکوومییەکان پڕ دەکەیەنەوە ٣٠%ی مووچەکانیان بۆ حزب بگەڕێننەوە."

بزووتنەوەی گۆڕان سوورە لەسەر ئەوەی ئەزموونی رابردوو دووبارە نەكاتەوە و هەر نوێنەرێكی لە حكوومەت بەرنامەكەی جێبەجێ نەكات، لە كابینەكەی داهاتوو دەیگۆڕێت، پارتیش لەم داوایەی گۆڕان ترسی هەیە و بە گۆڕانی راگەیاندووە كە ترسی لەوە هەیە گۆڕینی وەزیرەكان كێشە بۆ كابینەی داهاتوو دروست بكات.

بەپێی زانیارییەکانی بەردەست "وشە"، لە دوا کۆبوونەوەی گۆڕان و پارتیدا شاندی بزووتنەوەكە بە پارتی ڕاگەیاندووە كە دەبێت كابینەی نوێ و سەرۆكی حكوومەتی داهاتوو هیچ ئاستەنگێك بۆ دوورخستنەوە و گۆڕینی وەزیرەكان یان نوێنەرانی گۆڕان دروست نەكەن.
لەبارەی وەڵامی شاندی پارتیەوە بۆ ئەم داواكارییەی گۆڕان، زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە پارتی ئەوەیان ڕاگەیاندووە كە ترسیان لەوە هەیە گۆڕینی وەزیرەكان كێشە بۆ كارنامەی حكوومەت دروست بكات و داوای ئەوەیان كردووە بۆ ئەو چوار ساڵە مۆڵەتی تەواو بدرێت بە سەرجەم وەزیرەكان تا كارنامەكە جێبەجێ بكەن.

وشە/بەدواداچوونی هەستی کەمال




وشە - وشه‌