مەسروور بارزانی: لە مووسڵ هەڵسوكەوتی هێزەكان كۆنتڕۆڵ نەكرێ رەنگە شەڕی تایفی ڕوو بدات

:: PM:04:29:15/10/2016 ‌



ئەمڕۆ شەموو مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ باڵوێزی ئیتاڵیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كۆ بووەوە و لە كۆبوونەوەكەش ئاماژە بەوە كرا، بەم نزیكانە ئیتاڵیا كەرەستە و پێداویستی سەربازیی زیاتر دەگەیەنێتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە.

سەرەتا مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەگەر هەڵسوكەوتی هێزە بەشدارەكانی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ كۆنتڕۆڵ نەكرێ، ڕەنگە شەڕی تایفی و پاكتاوی رەگەزی ڕوو بدات.

لە دیدارەكە ماركۆ كارنێلۆس باڵوێزی ئیتاڵیا لە عێراق و ئەلێساندرا دی پیپۆ كونسوڵی ئیتاڵیا لە هەولێر، لەگەڵ راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، تاوتوێی دوا پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكە بەگشتی و مەترسی و ئاستەنگ و نیگەرانییەكانی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و قۆناغی دوای داعش و پێویستییە سەربازییەكان و هەماهەنگی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق خرانە بەرباس.

هەردوولا لە پێناو جێگیربوونی ئاشتی و پاراستن، دووپاتیان لە دایەلۆگ و رێككەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەكان بۆ چارەسەركردنی كێشە بنەڕەتییەكان كردەوە.

هاوكات راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئاماژەی دا، كە پێویستە هەموو هەستیارییەكان لەبەرچاو بگیرێن و چارەسەری كێشەكان بكرێ، چونكە ئەگەر هەڵسوكەوتی هێزە بەشدارەكانی مووسڵ كۆنتڕۆڵ نەكرێ، ڕەنگە شەڕی تایفی و پاكتاوی رەگەزی ڕوو بدات. 

دواتر لە دیدارەكە ماركۆ كارنێلۆس باڵوێزی ئیتاڵیا لە عێراق دووپاتی لەسەر بەردەوامی هاوكاری و یارمەتییەكانی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ پێشمەرگە كردەوە و گوتی، بەم نزیكانە لەلایەن حكوومەتی ئیتاڵیاوە كەرەستە و پێویستی سەربازی زیاتر دەگاتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە

وشە/باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د