جوتیاران داوا دەکەن پەرلەمان بە هانایانەوە بچێت

:: AM:11:41:24/04/2019 ‌
یەكێتی جوتیارانی كوردستان لە هەولێر خۆپیشاندانێكیان ئەنجام دا و داوای پشتگیرییان لە پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ ئەوەی بەشە گەنمی ئەمساڵ زیاد بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی نیسان، ڕەجەب موحسین نوێنەری جووتیاران لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، خۆپیشاندانی ئەمڕۆمان بۆ سێ‌ بابەتە و پێویستە ئەو ڕاستە بگوترێت كە باران بەشێكی زۆری بەرهەمی جووتیارانی لەناو بردووە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، داواكارین پەرلەمانی كوردستان نووسراوێك ئاراستەی حكوومەت بكات بۆ ئەوەی زیانەكان بخەملێندرێت و جووتیاران قەرەبوو بكرێنەوە، هەروەها داواكاری ئاراستەی حكوومەتی عێراق بكەن وەرگرتنی گەنمی جووتیاران زیاد بكەن بۆ یەك ملیۆن تۆن كە ئێستە بڕیارە 340 هەزار تۆن وەربگیرێت.

رەجەب موحسین دووپاتی دەکاتەوە، نەدانی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2015 و 2016 و 2017 وایكردووە جووتیاران لە كارەكانیان سارد ببنەوە، پێویستە پەرلەمان بەدواداچوون بكات بۆ ئەو پارەیە كە بڕەكەی 550 ملیار دینارە.

ئەمساڵ بارانێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان باریوە و پێشبینی دەكرێت بەشێك لە بەرهەمی جووتیاران تووشی زیان و لەناوچوون بووبێت.



وشە - رامیار جەواد