بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكەی كۆیە ئاشكرای دەكات، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پۆلیسێك لەناو ماڵەكەی خۆی كوشتووە و لێكۆڵینەوە لەسەر هۆكاری خۆكوشتنەكەی دەستی پێ كردووە.
ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی نیسان، عەلی عەبدوڵا بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو كەسەی خۆی كوشتووە هیچ كێشەیەكی نەبووە، لە گەرماوەكەیاندا فیشەكێكی ناوە بە خۆیەوە و كۆتایی بە ژیانی هێناوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە گوتی، پێشتر برایەکی ئەو پۆلیسە خۆی كوشتووە كە پێوەندی بە حاڵەتی دەروونییەوە هەبوو.
سەركار حەكیم هاووڵاتییەكی نزیك لە ماڵی قوربانییەكە بۆ "وشە" روونی دەکاتەوە، سەعات 10 لە شارۆكەی تەقتەق ئەو پۆلیسە بە فیشەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، پۆلیسەکە ناوی "شێروان عومەر عەبدولكەریم"ـە و خەڵكی تاڵەبانە، پۆلیسە لە گەڕەكی گۆڕ قەرەج لە شارەدێی تەقتەق و تەمەنی 35 ساڵە و خێزاندارە و دەوامی لە کەرکووکە.
خۆ كوشتنی ئەو پۆلیسە لە كاتێكە لە ماوەی ڕابردو چەندین ڕووداوی خۆكوشتن و كوشتن لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە و بەرپرسانیش هۆكارەكەی بەهۆی زۆربوونی چەك لای هاووڵاتییان دەگێڕنەوە.