گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان داوا دەكات دەزگە تەناهییەكانی شارەكە بەخێرایی ئەو ڕەوشەی درووست بووە و هەڕەشەیە بۆسەر پەرلەمانتاران و كەسانی تر كۆنتڕۆڵ بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی نیسان، محەمەد گۆمەشینی گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بوونی كامێرای چاودێری و هەڕەشەكردن لە پەرلەمانتاران و كادیران لەلایەن كەسانێك مەترسییە و پێویستە ڕێگری لێبكرێت.
گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ گوتی، پێویستە هێزە تەناهییەكانی سلێمانی بەخێرایی بێنە خەت و داواكاری گشتی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و ئەو باندانەی لەلایەن پەرلەمانتارێكەوە باسیان لێوە دەكرێت، نەبنە هەڕەشە بۆسەر كەسایەتی هاووڵاتییان.
زیاتر ڕوونی كردەوە، پێویستە فلتەر و مەرج هەبێت بۆ ئەوەی بەخێرایی ئەو دۆخانە كۆنتڕۆڵ بكرێت تا ئەو جۆرە هەڕەشانە نەبێت، هەروەها تاوەكو ئێستە لەلایەن پەرلەمانتارانی ئەو حزبە هیچیان بەئێمە نەگوتووە.
ئەمڕۆ شادی نەوزاد ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، سەركردەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە بە بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆ و تۆمەت و ڤیدیۆی دروستكراو، هەروەها ڤیدیۆیەكم بۆ نێردراوە و لەگەڵ نامەیەك، لەنامەكەدا نوسراوە چاوەڕوانی بڵاوكردنەوەی فیلمی ڕووتی خۆت بە.