هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی پەرلەمانتاران لەلایەن شاسوارەوە دەنگدانەوەی دروست كرد

:: PM:03:25:24/04/2019 ‌

نەوەی نوێ‌ ئەو جوڵانەوەی لەماوەیەكی كەمدا بەهۆی ناڕەزای بەشێك لە ئەندامانی و پەرلەمانتارانی خەریكە بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یەكجارەكی دەچێت، بەڵام هەڕەشەی سەرۆكی نەوەی نوێ‌ لە ئەندامە ژنەكانی بە بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی ڕوتیان ناڕەزایەتییەكانی بردە قۆناغێكی ترەوە.

ماوەی دوو هەفتەیە ناڕەزاییەكان لەناو نەوەی نوێ‌ بەرەو تەقینەوەی گەورە دەچن تا ئەمڕۆ گەیشتە ئەو ئاستەی پەرلەمانتارێكی سەر بە نەوەی نوێ‌ لەبەردەم دەیان میدیای كوردستان و بیانی نامەیەكی هەڕەشەئامێزی بڵاو كردەوە كە لەلایەن شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ ئاراستەی كرابوو تیایدا نووسراوە" چاوەڕوانی بڵاوكردنەوەی فیلمی ڕووتی خۆت بە". بڵاوكردنەوەی ئەو نامەیە بە خێرای لەسەر ئاستی كوردستان دەنگدانەوەی لێ‌ كەوتەوە، بەڵام هێشتا شاسوار عەبدولواحید هیچ هەڵوێستێكی لەوبارەیەوە نەبووە.

شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ‌ لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا گوتی، ئەوەی شەوێك لە گوندی ئەڵمانی یان كابینە گەشتیارییەكانی چاڤیلاند مابێتەوە لە ڕێی كامێرای نهێنییەوە ڤیدیۆی تۆمار كراوە و ئێستە وەك هەڕەشەیەك بەرانبەریان بەكار دەهێنرێتەوە.

شاسوار عەبدولواحید لەسەرەتای دەركەوتنی وەك بازرگانێك بوو دواتر قەرزێكی زۆری خەڵكی و حكوومەتی كەوتە سەر و ماوەی چەند ساڵێكە پەنای بۆ كاری سیاسیی بردووە بە دروستكردنی جوڵانەوەی نەخێر بەرانبەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان تا ئەو كاتەی لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و كوردستان بەشداری كرد و ژمارەیەك كورسیی بەدەست هێنا.

بە بڕوای چاودێرانی سیاسیی بەدەستهێنانی ژمارەیەك كورسیی پەرلەمانی لەلایەن نەوەی نوێ‌ شاسوار عەبدولواحیدی تووشی هەڵپەی تری سیاسیی كرد و تەنانەت هەڕەشەی ڕاپەڕین و هەڵواسینی چەند سەركردەیەكی كوردستانی دەكرد.

ئێستە شاسوار بەدەست كێشەكانی ناو نەوەی نوێ‌ دەناڵێنێ‌، سروە عەبدولواحیدی خوشكی وەك جێگر و شۆخانی خێزانی وەك بەرپرسی دارایی لەناو نەوەی نوێ‌ مامەڵە دەكەن، ئەوەیش یەكێك بووە لەو هۆكارانەی كە ناڕەزایی دروست بێت و حزب و كۆمپانیا تێكەڵ بكرێ‌.

مەجید ساڵح هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لە واڵی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، ئەمانەی شاسوار بەرانبەر پەرلەمانتار و خۆبەخشەكانی نەوەی نوێ كردوونی چاوەڕوان كراوبوو.

ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە ئەوەی چاوەڕوان نەكراوە ئەوەیە ئەو بە ناو ڕووناكبیر و فیمینیستە یاساناسانەی بەم دوایە كەوتوونەتە پیاهەڵدان بە شان و باڵی شاسوار، یەكسەر داوای لێبوردنیان لە شادی نەوزاد نەكرد.

ئە نامەیەی شاسوار بۆ بەشێك لە پەرلەمانتارەكانی ناردووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ناڕەزایی زۆری لێ‌ كەوتووە و هاووڵاتییان پێیان وایە ئەوە پرسێكی كۆمەڵایەتی گەورەیە و پێویستە دەزگا تەناهییەكانی سلێمانی و لایەنی پێوەندیدار بێنە دەنگ.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم