رۆژى دووشه‌مى رابردوو كاتێك ئه‌مه‌ریكا سزایه‌كى تر‌ى به‌سه‌ر ئێران سه‌پاند، فه‌رمانده‌ى هێزى ده‌ریاوانى ئێران هه‌ڕه‌شه‌ى داخستنى گه‌رووى هورمزى كرد، هه‌رچه‌نده ئه‌مه یه‌كه‌مجار نییه ئێران هه‌ڕه‌شه‌ى داخستنى گه‌رووى هورمز ده‌كات، به‌ڵام تاكه هه‌ڕه‌شه‌یه كاتێك له‌سه‌ر زارى به‌رپرسانى ئێران دووباره ده‌بێته‌وه، ئه‌وا وڵاتانى دنیا به تایبه‌تى وڵاتانى عه‌ره‌بى و رۆژئاوا به رژدى هه‌ڕه‌شه‌كه‌ى ئێران وه‌رده‌گرن، ئایا ئه‌م گه‌رووه چ گرنگییه‌كى له ئابوورى دنیا هه‌یه و رۆژانه چه‌ند به‌رمیل نه‌وت به‌م گه‌رووه‌دا تێده‌په‌ڕێ تا ئێران وه‌ك كارتێكى گرنگى به‌كارى بهێنێ؟.
گه‌رووى هورمز گرنگییه‌كى زۆرى له‌سه‌ر ئاستى دنیا هه‌یه، وه‌ك ماڵپه‌ڕى
یۆرۆنیوز ئاماژه‌ى بۆ كردووه یه‌ك له پێنجى نه‌وتى دنیا به‌م گه‌رووه تێده‌په‌ڕێت. گرنگى ئه‌م گه‌رووه ته‌نیا له‌م دواییه ده‌رنه‌كه‌وتووه، به‌ڵكو له سه‌ده‌ى بیسته‌م له‌گه‌ڵ پێشه‌كه‌وتنى بازرگانى و كه‌شتیوانى كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى بایه‌خى به گه‌رووى هورمز داوه و چه‌ند رێككه‌وتنى نێوده‌وڵه‌تیش له باره‌ى ئه‌م شوێنه ستراتیجییه‌وه ئه‌نجام دراوه.
سه‌باره‌ت به ناوه‌كه‌ى" هورمز" له زمانى فارسییه‌وه هاتووه، به‌پێى سه‌رچاوه مێژووییه‌كان چه‌ندان بۆچوونى جیاوزا سه‌باره‌ت به ناوه‌كه‌ى هه‌یه، هه‌ندێك ده‌ڵێن ناوه‌كه له شانیشنى هورمز هاتووه، یان ده‌ڵێن هورمز یه‌كێك بووه له پاشاكانى مێژووى فارس. له‌رووى جوگرافیشه‌وه ئه‌م شوێنه ده‌كه‌وێته نێوان سوڵتاننشینى عومان و ئێران و ئه‌و دوو وڵاته له یه‌كتر جیا ده‌كاته‌وه.
له رووى ده‌ریاوانیشه‌وه به رێره‌وێكى گرنگ داده‌نرێت به‌رهه‌هێنه‌رانى نه‌وت له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به بازاڕه‌كانى ئاسیا و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكاى باكور ده‌به‌ستێته‌وه. پانى ئه‌م گه‌رووه له ته‌سكترین شوێنى ده‌گات به 33 كیلۆمه‌تر، به‌ڵام ئه‌و رێڕه‌وه‌ى گرنگترین كه‌شتیوانى دنیاى تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، له هه‌ردوو دیوه‌وه له سێ كلیۆمه‌تر تێپه‌ڕ ناكات.
به واتاى ئه‌وه ئه‌گه‌ر ئێران هه‌ڕه‌شه‌كه‌ى جێبه‌جێ بكات ئه‌وا ته‌نیا به داخستنى ئه‌م سێ كیلۆمه‌تره ده‌توانێ گه‌وره‌ترین ته‌نگژه له دنیا دروست بكات.
كاتێك باس له‌و گه‌رووه ده‌كرێت هه‌ر یه‌كه له ئه‌مه‌ریكا و ئێران رووداوى خستنه‌خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌یه‌كى ئێرانیان بیر ده‌كه‌وێته‌وه، له ته‌مموزى 1988 كه‌شتییه‌كى جه‌نگى ئه‌مه‌ریكا فرۆكه‌یه‌كى ئێرانى له ناوچه‌ى هورمز خسته خواره‌وه 290 كه‌س تێدا گیانیان له‌ده‌ست دا. ئه‌مه‌ریكا پاساوى ئه‌وه بوو كه‌شتیه جه‌نگییه‌كه فرۆكه‌ى ئێرانیه‌كه‌ى به فرۆكه‌یه‌كى جه‌نگى زانیوه.
ئایا گرنگییه‌كه‌ى له چییه؟
-فه‌رمانگه‌ى زانیارى وزه‌ى ئه‌مه‌ریكا، مه‌زنده‌ى كردووه له ساڵى 2016 رۆژانه 18 ملیۆن و 500 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌م گه‌رووه گوێزراوه‌ته‌وه، ئه‌م بڕه‌یش %30 ئه‌و نه‌وت و سووته‌مه‌نییه‌كانى تر پێك ده‌هێنێت كه له هه‌مان ساڵ به ده‌ریاوه گوێزراونه‌ته‌وه.
-كۆمپانیاى فۆرتیكسا بۆ شرۆڤه‌كاریى نه‌وت ده‌ڵێ له ساڵى 2017 رۆژانه 17 ملیۆن و 200 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له رێى گه‌رووى هورمزه‌وه گوێزراوه‌ته‌وه، له نیوه‌ى یه‌كه‌مى 2018یش هه‌مان رۆژانه هه‌مان بڕ و كه‌مێك زیاتر به‌گه‌رووه‌كه تێپه‌ڕیوه.
-ئه‌گه‌ر برى به‌كاربردنى نه‌وتى دنیا له رۆژێكدا 100 ملیۆن به‌رمیل بێت، ئه‌مه ماناى ئه‌وه‌یه یه‌ك له پێنجى نه‌وتى دنیا رۆژانه‌ى له گه‌رووى هورمزه‌وه تێده‌په‌ڕێت.
- له گه‌رووى هورمز سه‌رجه‌م هه‌نارده‌ى نه‌وتى سعوودیه و ئێران و ئیمارات و كوێت و عێراق. هه‌موو ئه‌م وڵاتانه‌یش له رێكخراوى ئۆپیك به‌شدارن.
- له هورمز رۆژانه گازى شلى قه‌ته‌ر تێده‌په‌ڕێت، قه‌ته‌ریش به گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌رى گازى شل داده‌نرێت له سه‌ر ئاستى دنیا.
-له نێوان ساڵانى 1980 – 1988 كه عێراق و ئێران له‌شه‌ڕ دابوون، هه‌ر یه‌كێك له‌م دوو وڵاته هه‌وڵیان ده‌دا كێشه بۆ هه‌نارده‌ى ئه‌ویتریان دروست بكات.
-گه‌له كه‌شتییه‌كى ئه‌مه‌ریكى تایبه‌ت له به‌حرێن دانراوه ئه‌ركى پاراستى كه‌شتییه بازرگانییه‌كانى ناوچه‌كه‌ى پێ سپێردراوه.
-شرۆڤه‌كارێكى بانكى RBC ده‌ڵێ "سه‌ره‌ڕاى بوونى گه‌له كه‌شتى ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه كه ده‌بێت هاتوۆچى گه‌روه‌كه بپارێزێ، كه‌چى پێشبینى ده‌كرێ ئێران مانۆرى سه‌ربازى له‌نزیك ناوچه‌كه ئه‌نجام بدات و چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كانى ده‌ست پێ بكاته‌وه".
ئایا هیچ شوێنگره‌وه‌یه‌ك نییه بۆ گه‌رووى هورمز؟
عێراق و زۆرێك له وڵاتانى ناوچه‌كه بیریان له‌وه كردوه‌وه‌ته‌وه، شوێنگروه‌یه‌ك بۆ گه‌رووى هورمز بدۆزنه‌وه، بۆیه ده‌ستیان كرده‌وه به راكێشانى بۆرى نه‌وت. له‌وانه ئیمارات و سعوودیه و عێراق چه‌ندان بۆرى نه‌وتیان راكێشاوه، تا ئاراسته‌ى گواستنه‌وه‌ى نه‌وت ته‌نیا به‌ره‌و هورمز نه‌بێت، به‌ڵام تا ئێسته هه‌موو كۆششه‌كانیان نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته به ته‌واوى ده‌سته‌به‌ردارى هورمز بن.
ماڵپه‌ڕى یۆرۆنیۆز و كه‌ناڵى جه‌زیره ته‌واو ورده‌كارییه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌م بۆریانه بڵاوكردووته‌وه، به‌ڵام دووپاتیشى ده‌كه‌نه‌وه تواناى كۆى بۆرییه‌كان ناكات به حه‌وت ملیۆن به‌رمیل له رۆژێكدا.