ئێران تەڵەیەكی مووشەكی لە عێراق دادەمەزرێنێت

:: PM:06:15:24/04/2019 ‌

لەسایەی ململانێی نێوان واشنتن و تاران و لەو كاتەی هەریەكەیان دەیانەوێن باڵادەستیی خۆیان بەسەر عێراق بسەپێنن، حەشدی شەعبی لەلایەن ئێرانەوە وەك ئامرازێكی سەرەكی ئەو رووبەڕوبوونەوە لەگەڵ ئەمەریكا بەكاردێنێت، ئەوەیش لەسەر بنەمای ئەوەی كە ئەو لایەنەی لەسەر زەوی باڵادەست بێت، لە رووی سیاسی و گۆڕەپانەكەدا باڵادەست دەبێت، بۆیە پرۆسەی دەمارگرتنی یەكتر بەردەوامە.

ئێستە ئێران هەڕەشە دەرەكییەكانی خۆی بۆ ناوچەكە زیاد كردووە، مەبەستی سەرەكیش ترسە لەوەی كاریگەری سزاكان و هەوڵەكانی ئەمەریكا لە ناوخۆی ئەو وڵاتە رەنگ بداتەوە ببێتە شۆرشێكی جەماوەری بە هاوشێوەی جەزائیر و سوودان و نەتوانێت كۆنترۆڵی بكات، بۆیە ئەو هەڕەشەی مووشەكی لە كەنداو و ئیسرائیل لە رێگەی میلیشیاكانی سەر بەخۆی و هەڕەشەی داخستنی هەردوو گەرووی هورمز و بابولمەندەب دەكات. 

هاوكات لەگەڵ واژووكردنی دەیان رێككەوتننامەی ئابووری و تەناهی و هیتریش لەگەڵ عێراق، ئێران دەیەوێت حەشدی شەعبی بەهەردوو دیوی سەربازی و سیاسییەكەی لەناو پەرلەمان بۆ بەرژەوەندی خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەمەریكا بەكاربێنێت، میسال ئالووسی سیاسەتوانی دیاری عێراق لەو بارەوە دەڵێت، سوپای پاسدارانی ئێران تۆڕێكی مووشەكی لەسەر خاكی عێراق دامەزراندووە وەك ئامادەسازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێكی ئاسمانی ئەمەریكا بۆسەر ئێران لە داهاتوودا.

لە ماوەی چەند مانگی دوایی سوپای پاسدارانی ئێران و سەرانی حەشدی شەعبی و حزبە سیاسییەكانی سەر بە ئێران دەستیان بە هەڵمەتێكی هەڕەشەكردن كرد لەدژی ئەمەریكا و دواترینیان داخستنی گەرووی هورمز لەبەردەم هاتوچۆی دەریاوانی جیهانی بوو، لەبەرانبەر دانانی ناوی سوپای پاسداران لەناو لیستی تیرۆر لەلایەن ئەمەریكاوە.

ئالووسی لەو بارەوە دەڵێت، هەڕەشەكانی سوپای پاسداران هەوڵێكی ئێرانییە بۆ ساردكردنەوەی ئەمەریكا لە هەنگاوە سزاییەكانی لەدژی رژێمی ئەو وڵاتە، ئێستە پاسداران لە جموجۆڵە خراپەكارییەكانی لە ناوچەكە بەردەوامە و لەسەر زەویدا كار دەكات بۆ رێكخستنی عێراقی و سووریایی و لبنانییەكان لە چوارچێوەی سوپایەكی چەكداری سەر بەخۆی لە هەموو بوارەكانی زەوینی و دەریایی و ئاسمانی، ئەوەیش بۆ بەكارهێنانیان لە جەنگ لەدژی ئەمەریكا لە دەرەوەی خاكی ئێران، لەوكاتەی هەوڵی داخستنی هەردوو گەرووی هورمز و بابولمەندەب دەدات. بەوەیش ئێران دەیەوێت بە دنیای بڵێت كە هەر جموجۆڵێكی ناوخۆیی لەدژی رژێمی ئەو وڵاتە، دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەكە، دووپاتی كردەوە، هەڕەشەكانی ئێران هەرچییەك بن، ناتوانن رێگری لە ئەمەریكا بكەن بۆ زیادكردنی گوشارەكانی بۆ سەر تاران و رێگریكردن لە هەڵسوكەوتەكانی لە ناوچەكە و دنیا.

ئالووسی روونی دەكاتەوە كە دۆسیەی مووشەكەكانی ئێران لە عێراق ئاڵۆزە و ئێران چەند جۆرە مووشەكێكی زەوی-زەوی و زەوی-ئاسمانی و زەوی-دەریایی لەسەر خاكی عێراق و سووریا داناوە و چەندان مووشەكی لە رێگەی عێراقەوە گواستووەتەوە لبنان و یەمەن و مەبەستیش لەو كارەی دروستكردنی هەڕەشەیە بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو بەتەواوەتی. 

ئاماژەی كرد، بەشێك لەو مووشەكانە دراون بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق و بەشێكی تریشیان هەر لای ئەوانە، بەڵام فەیلەقی قودس باڵی دەرەوەی سوپای پاسدارانی ئێران راستەوخۆ سەرپەرشتی دەكات كە لە فڕۆكەخانەی نەجەفەوە بۆ سووریا و یەمەن و حزبوڵای لبنان گوازراونەتەوە، جیا لە گواستنەوەی زەوینی بۆ سووریا و لبنان.

ئالووسی زیاتر گوتی، سوپای پاسداران تۆڕێكی مووشەكی زەوی-ئاسمانی لەسەر خاكی عێراق بڵاو كردووەتەوە بۆ لێدانی هەر فڕۆكەیەك هەوڵی كردنەئامانجی دامەزراوە سەربازییەكانی ئێران لە عێراق بدات، هاوكات سەرقاڵی دروستكردنی توڕێكی مووشەكی هاوشێوەیە لە سووریا، ئەوەیش لە چوارچێوەی ئامادەسازییەكانی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا كە هەروەها مووشەكی زەوی-دەریایی داوەتە حزبوڵای لبنانی بۆ كردنەئامانجی شەشەم هێزی دەریاوانی ئەمەریكا لە دەریای ناوەڕاست.

وەك ماڵپەڕی "عەین بۆ هەواڵەكان" باسی كردووە كە سەكۆی هاوێشتنی ئەو مووشەكە ئێرانییانە لەناو عێراق لە دەوروبەری بەغدا و شارەكانی كەربەلا و جورف ئەلسەخر لە باكوری بابل و خورماتوو لە رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین و پارێزگای كەركووك و شارۆكەی شنگال لە رۆژئاوای نەینەوا بڵاوكراونەتەوە، لای خۆیەوە جۆی هوود رێكخەری كاروبارەكانی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق 20ی ئەم مانگە ئاماژەی كرد، میلیشیاكان بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا خاكی عێراقیان بەكارهێناوە بۆ هاوێشتنی مووشەكەكان و ئەوەش لە چەند مانگی رابردوو لە شنگال رووی داوە. 

ئالووسی زیاتر دەڵێت، ئێستە فڕۆكەخانەی نەجەف بەتەواوەتی كەوتووەتە ژێر كۆنترۆڵی سوپای پاسدارانی ئێران كە بۆ گواستنەوەی چەك و پارە و مووشەك و چەكدار بۆ چەندان ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی بۆ سووریا و لبنان و یەمەن بەكاری دێنێت، بەپێی زانیارییەكانیش پاسداران بنكەیەكی سەربازی پێشكەوتوویان لە ناوچەی جورف ئەلسەخڕ لە باكوری بابل و لە باشووری بەغدا دامەزراندووە كە چەك و مووشەكی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت و چەندان ئەندامی فەیلەقی قودس و میلیشیای ئێرانی تیادا جێگیرە، جیا لە چەندان گرتووخانە كە هەزاران گیراوی عێراقیان تیادایە لەوانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكوومەت گیراون.

ئالووسی ئاشكرای دەكات كە لە هەفتەكانی دواییدا پاسداران حەشدی شەعبی راسپاردووە بە ئەركێكی تر، بەڵام ئەوجارەیان لەناو خاكی ئێران كە ئەوان بەپاساوی بەهاناچوونی لێقەوماوانی لافاوەكانی دوایی بۆ ئەوێ چوونە، كەچی راستییەكەی ئەوان بۆ سەركوتكردنی پێكهاتەكانی عەرەب و كورد و توركمان و بلووچ و ئەوانیتر چوونەتە ئەوێ، چونكە رژێمی ئێران لە هەڵگیرسانی شۆڕشێكی گەلانی ئێران دەترسێت هاوكات لەگەڵ توندبوونی كۆتەكەی ئەمەریكا لە گەردنییەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل