داواكاری گشتی سزای شاسوار دیار دەكات و داوای تۆماركردنی سكاڵا دەكات

:: PM:06:51:24/04/2019 ‌

لەسەر هەڕەشەكردن و بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ، دادگا سلێمانی رای دەگەیەنێت، هەركاتێك سكاڵا تۆمار كرا لە دادگا كاری لەسەر دەكەن و داواكاری گشتیش داوا دەكات لەسەر ئەو پرسە سكاڵا تۆمار بكرێ‌.

ئەمڕۆ چوارشەم شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، لەلایەن شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكە نامەیەكی هەڕەشەی ئاراستە كرداوە و تیایدا نووسراوە " چاوەڕێی فیلم و وێنەی ڕوتی خۆت بە". ئەو نامەیە كاردانەوەی لێ‌ كەوتەوە.

هیوا دزەیی ئەندامی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پرسی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆی پەرلەمانتاران لە تاوانەكانی كەسایەتی هەژمار دەكرێت و دەچێتە چوارچێوەی هەڕەشە و سزای قورسی هەیە.

زیاتر گوتی، بۆ ئەوەی داواكاری گشتی لەسەر ئەو بابەتە بەدواداچوون بكات پێویستە سكاڵا لە دادگا تۆمار بكرێت و دواتر داواكاری گشتی بەدواداچوونی بۆ دەكات.

ئەندامەكەی داواكاری گشتیی هێمای بۆ ئەوە كرد، ئەگەر بەڵگەی پێویست لەبەردەست بوو لە بەردەم دادوەر، سزای ئەو كەسەی هەڕەشەی كردووە لە دادگای كەتن لە شەش مانگەوە بۆ پێنج ساڵ زیندانی دەبێت.

لای خۆیەوە عومەر محەمەد گوتەبێژی دادگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو بابەتە راستەوخۆ پێوەندی بە دادگاوە نییە تا دادگا دەستبەجێ لای خۆیەوە كاری لەسەر بكات و بابەتەكە پێوەستە بە نێوانی كەسەكان لەو لایەنە.

روونیشی كردەوە كە هەركات ئەو كەسانە كە هەڕەشەی ئەو جۆرەیان لێ كراوە هاتنە دادگا و سكاڵایان تۆمار كرد ئەوكات دادگا كاری خۆی دەكات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم