عێراق هەوڵی بەهێزكردنی پاسپۆرتەكەی دەدات

:: PM:09:33:24/04/2019 ‌
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەگەڵ شاندێكی دامەزراوەی پاسپۆرت ئیندكس تاوتوێی باشتركردنی پاسپۆرتی عێراق دەكەن. محەمەد عەلی حەكیم دەڵێ، ئامانج لێی گواستنەوەی هاووڵاتییانی عێراقە لە نێوان وڵاتانی دنیا.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ی نیسان، محەمەد عەلی حەكیم وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ دامەزراوەی پێوەری پاسپۆرتی ئیندكس كە تایبەتمەندە بە پۆڵینی بەهێزترین پاسپۆرتانی وڵاتانی دنیا، تاوتوێی پێشخستن و باشتر كردنی پاسپۆرتی عێراقییان كرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ، گرنگی پێشخستن و باشتركردنی پاسپۆرتی عێراقی كاردانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر هاتوچۆی هاووڵاتییانی عێراقی لە سەردانیان بۆ وڵاتانی دنیا، روونی دەكاتەوە لەگەڵ ئیندكس قسە و باس لەسەر واژووكردنی لێكگەیشتن كراوە لەگەڵ وڵاتانی دنیا تا هاووڵاتییانی عێراقی بتوانن بێ وەگرتنی ڤیزا سەردانی ئەو وڵاتانە بكەن.

هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق بۆ پێشخستن و باشتر كردنی پاسپۆرتی عێراقی لە كاتێكدایە ئەو پاسپۆرتەی ئێستە هاووڵاتییانی عێراقی بەكاری دەهێنن كە خۆی لە چەند جۆرێك دەبینێتەوە، بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەكان ساختەكاری تێیدا ئاسانە.

بەگوێرەی دواین پۆڵینی دامەزراوەی "هینلی" بۆ بەهێزترین پاسپۆرت لە دنیا دا بۆ ساڵی 2018، عێراق لە ریزبەندی خراپترینی نێودەوڵەتی دێت.

لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هاتووە، شاندی ئیندكس پلانێكیان داوەتە حكوومەتی عێراق بۆ بەهێزتر كردنی پاسپۆرتی عێراقی كە رێخۆشكەر دەبێت لە بەرزكردنەوەی ریزبەندی عێراق لە پۆڵینی پاسپۆرتی وڵاتانی دنیا.



وشە - فه‌رمان سادق