لیرە نزمترین نرخی لە شەش مانگی رابردوو تۆمار کرد

:: AM:10:57:25/04/2019 ‌

 

لە بەرەبەری راگەیاندنی نرخی سوودی بانکی ناوەندیی تورکیا، بازاری دراوی ئەو وڵاتە ئاڵۆز بوو و بازرگانان و هاووڵاتییان دەستیان بە فرۆشتنی لیرە کردووە لە ترسی ئەوەی نەکا نرخەکەی زیاتر بشکێت و زیانیان پێ بگات.

 

نرخی لیرە لە بەرانبەر دۆلاردا رووی لە دابەزین کردووە و ئەمڕۆ پێنجشەمیش نزمترین نرخی لە ماوەی شەش مانگی رابردوو تۆمار کرد. نرخی هەر 100 دۆلاری ئەمریکی بە 589 لیرە ئاڵوگۆڕ دەکرێت.

 

حکوومەتی تورکیا ری گەیاندووە رێز لەو سزایانە ناگرێت کە ئەمەریکا دژی ئێران دەستی پێ کردووە و پەرە بە پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەدات. مەولود چاوشئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەم قسانەی دوای ئەوە کرد کە ئەمەریکا رۆژی دووشەم کۆتایی بە مۆڵەتی کڕینی نەوت لە ئێران هێنا و تورکیاش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی رێگەی پێ درابوو نەوت لە ئێران بکڕێت.

 

بەگوێرەی "یۆرۆنیوز" سەلاحەدین بوحەمیدی خاوەن نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە تورکیا پێی وایە لیرە بووەتە تۆپی پێ و لە گۆرەپانی سیاسی پێوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئەنکەرە گەمەی پێ دەکرێت و هەر ئەمەش وایکردووە زیان بە ئابووری تورکیا بگات. ئەو پێی وایە نەدەبوایە ئەردۆغان لەگەڵ ئەمەریکا بکەوێتە ململانێ و بەو کارەی نەوت بە ئاگردادەکات.

 

هاوکات شڕۆڤەکارێکی دارایی ئەڵمانی ئاشکرای کرد کە تورکیا دووبارە دەدۆڕێنێت. لە لایەک بەهۆی ئەوەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە تورکیا   و دووەم هۆکاریش ئەوەیە بانکی ناوەندی بە جێگیرکردنی سوودی بانکی دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە سەرمایە و پارە لە وڵات بچێتە دەرەوە.

 

ئەردۆغان لە رابردوودا لیرەیەکی زۆری خستووەتە بازاڕەکان و بانکەکان و بەم کارەی ویستوویەتی ئاڵوگۆڕی لیرە بەهێز بکات و کۆمپانیاکان تووشی کەمیی پارە نەبنەوە، بەڵام پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە ئەم کارەی ئەردۆغان دواجار دروستبوونی هەڵاوسان لەو وڵاتەی لێ دەکەوێتەوە.

 

جێگەی باسە ساڵی 2018 بانکی ناوەندیی تورکیا بۆ رێگریکردن لە دابەزینی بەهیای لیرە نرخی سوودی بانکیی لە 17.5%ەوە بۆ 24% بەرز کردەوە.



وشە - سلێمان تاشان