نیسان مورانۆی 2019 خرایە بازاڕەوە

:: AM:11:25:25/04/2019 ‌

کۆمپانیای نیسان لە نوێترین بەرهەمدا یەکێک لە باشترین ئۆتۆمبێلەکانی خستە بازاڕەوە و گۆڕانکارییەکی تەواوی لە دەرەوە و ناوەوەیدا ئەنجام داوە.

بەگوێرەی هه‌واڵیك كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی "caricos" بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، باس له‌ نوێترین به‌رهه‌می كۆمپانیای نیسان ده‌كات و ئاماژەی پێ داوە، كۆمپانیای نیسان نوێترین ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزی بەناوی "Murano"ەوە بڵاو کردەوە كه‌ بووه‌ته‌ جێی سه‌رنجی كڕیارانی ئۆتۆمبێلی مۆدێل به‌رز‌، جگە لەوەیش کۆمپانیاکە بۆدییەکی زۆر گەورە و پتەویی بۆ داناوە کە پێشووتر وانەبوو.

له‌باره‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م ئۆتۆمبێله‌ كۆمپانیاكه‌ گوتویەتی، ئه‌م ئۆتۆمبێله‌ خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندیی ناوازه‌یه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر بەهێز دروست كراوه‌ و دیزاینێكی جوانیان بۆ داناوه‌، جگه‌ له‌وه‌یش خاوەن هێزی 260 ئه‌سپە و بزوێنه‌ره‌كه‌ی 3.5 لیترییه‌ و هەشت پستۆنه‌، ئێستە ئۆتۆمبێلەکە لە بازارەکان بەردەستە بە نرخی 30 هه‌زار و 550 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.

نیسان كۆمپانیایه‌كی ژاپۆنییه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ كۆمپانیا به‌ناوبانگه‌كانی دنیا بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێلی به‌هێز و خاوه‌ن كوالێتی ناوازه‌، ئه‌م كۆمپانیایه‌ له‌ 26ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1933 دامه‌زراوه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی "ماسوجیرۆ هاشیمۆتۆ، كینجیرۆ دێن و ویڵیه‌م گۆرهام" كه‌ ئێسته‌ ئۆفیسی سه‌ره‌كی ئه‌م كۆمپانیایه‌ ده‌كه‌وێته‌ شاری یۆكۆهاما له‌ ژاپۆن.


















وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان