وەزارەتی دارایی ڕوونكردنەوە لەبارەی مووچەی مانگی دوو دەدات

:: AM:11:56:25/04/2019 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوە لەبارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی دوو بڵاو دەكاتەوە و ئاشکرای دەکات، هیچ گۆڕانكارییەك لە پێدان و دواخستنی مووچە نیە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی نیسان، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێدانی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی یەك كۆتایی هاتووە و هیچ گۆڕانكارییەكیش نیە بۆ دابەشكردنی مووچە لە مانگی دوو  و هەر بەپێی بەرنامەی پێشوو دابەش دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، دابەشكردنی مووچە بۆ مانگی شوبات وەك مانگی كانوونی دووەم دەبێت و هەر فەرمانبەرێک لە كاتی دیاریكراوی خۆی مووچە وەردەگرێت و هیچ پێشخستنێك نیە.

هاوكات ڕوونی كردەوە، ئەو دەنگۆیانەی پەرلەمانتاران بڵاوی دەكەنەوە لەسەر بڕینی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا هیچ ڕاستییەكی تێدا نیە.

هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق بەپێی ڕێكەوتنێك مانگانە بڕی 524 ملیار دینار وەردەگرێت و لەگەڵ فرۆشتنی نەوت، مووچەی فەرمانبەرانی پێ‌ دابەش دەكات، هەروەها لە سەرەتای مووچەی ساڵی نوێ مووچەی فەرمانبەران بەبێ‌ پاشەكەوت دابەش دەكرێت.




وشە - رامیار جەواد