فەتوایەكی نوێ‌ بۆ راوکردن لە هەرێمی كوردستان دەرچوو

:: PM:01:24:25/04/2019 ‌
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان، سەبارەت بەحوكمی شەرعی هەردوو پرسی ژینگەپارێزی ‌و ڕاوكردن فەتوایەكی تایبەت بڵاو كردەوە و ئاشكرای دەكات ڕاوكردن لەگەڵ ئیسلام یەكناگرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی نیسان، یەكێتی زانایانی كوردستان فەتوایەكی لەڕێگەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بڵاو كردۆتەوە و تێیدا هاتووە، كە خەڵكانێك لە كوردستان جۆرێك لە كەمتەرخەمیان بەرامبەر بە ژینگە ‌و چۆنیەتی پارێزگاری لێكردن بەدی دەكرا، یان كەسانێك هەن ئاژەڵ ‌و باڵندە‌و ماسی ڕاو دەكەن، بێ‌ ئەوەی رەچاوی یاسا بكەن، یان لە وەختی زاووزێ‌ ئەو كارە ئەنجام دەدەن.

لە بەشێكی فەتوایەكە هاتووە، ئەركی سەرشانی هەموو هاونیشتمانیانی كوردستانە كە پارێزگاری تەواو لە ژینگەی كوردستان بكەن‌ و وەك ئەركێكی ئایینی‌ و نیشتمانی لێی بڕوانن، چونكە ئەمە دەچێتە چوارچێوەی فەرمانی شەریعەتەوە، لەگەڵ ئاین یەكناگرێتەوە.

باس لەوەشكراوە،  كە ڕاوكردن دیاردەیەكی ناڕەوایە ‌و لەكاتی زاووزێ‌ كردن دروست نیە ‌و كاردانەوەی خراپی لێ‌ دەكەوێتەوە‌و زیان بە ژینگە دەگەیەنێت، هەروەها پێویستە هاووڵاتیان پابەندی رێسا‌و یاساكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بن سەبارەت بە ڕاوكردن‌ و رێنوێنییە ژینگەییەكان.

بلاو كردنەوەی ئەو فەتوایە لە كاتێكە ژمارەیەك لە هاووڵاتیان ڕاوی گیانەوەران دەكەن و دەیان كوژن بێ‌ گوێدانە یاسا و ڕێنونییەكان.




وشە - رامیار جەواد