گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوە دەكرێت و رێككەوتنی كۆتایی بۆ پێكهێنانی حكوومەت رادەگەیەندرێت.
مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوە دەكرێت و رێككەوتنی كۆتایی لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان رادەگەیەندرێ.
گوتەبێژی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، ئەو كێشەی هاتە بەردەم كۆبوونەوەكان، ئێمە ویستمان بە رازی بوون و بە پێكەوەبوون كار بكرێت، نەك لە ژێر گوشاردا بێت، بۆ ئەم مەبەستە كاتی زیاتر لە پێویستمان دایە گفتوگۆكان، هەروەها بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەموو لایەنەكان دروست ببێت و ئەو لێكتێگەیشتنە لە هەفتەی داهاتوودا كۆتایی پێ دێت، بە شێوازێك هەرسێ لایەن رێك دەكەوین.
گوتەبێژی پارتی، دەڵێت: "پێشتر لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پۆستەكانیان رێككەوتووین، لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیش رێككەوتووین، تاكە شوێن كە مابوو رێككەوتنی لەسەر بكرێت، بابەتی سەرۆكی هەرێم بوو، كە یەك جێگر یا دوو جێگری هەبێت".
ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر بەهۆی جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كێشە لەنێوان یەكێتی و گۆڕان دروست ببوو ئەوەیش هۆكاربوو بۆ دواخستنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان.