ئێران و ئەمەریكا ئامادەسازی بۆ سەعاتی سفر دەكەن

:: PM:05:50:25/04/2019 ‌

بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا رای گەیاند كە ئەو سزایانەی وڵاتەكەی بەسەر ئێرانی سەپاندووە، ئەو وڵاتەی لە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت بێبەش كردووە، وەزارەتی هەواڵگری ئێرانیش رای گەیاند كە دەیان ئەندامی گرووپێكی بەرهەڵستكاریان گرتووە، نووسەرێكیش دووپاتی دەكاتەوە كە گۆڕین فەرماندەی سوپای پاسداران و درێژ نەكردنەوەی بەخشینی ئەمەریكا بۆ كڕیارانی نەوتی ئێران ئاماژەیە بۆ نزیكبوونەوەی رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە و دوور نییە یەكێكیان سەعاتی سفر دیاری بكات.

برایان هۆك نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران و راوێژكاری سیاسەتەكان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، ئەو سزایانەی ئەمەریكا بەسەر ئێرانی سەپاندووە، حكوومەتی ئەو وڵاتەی لە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت بێبەش كردووە. دووپاتی كردەوە كە لەگەڵ هاوبەشانمان كار بۆ مسۆگەركردنی گەیشتنی نەوتی پێویست بۆ بازاڕەكانی دنیا دەكەین.

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووشەمی رابردوو كۆتاهاتنی بەخشینی تایبەتی بۆ ژمارەیەك دەوڵەت لە كڕینی نەوتی ئێران راگەیاند، ئەوەش وەك پەرەسەندنێكی نوێ لە چوارچێوەی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران.

جۆش رۆجین شرۆڤەكاری ئەمەریكی لە وتارێكی لە رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكایی لە ژمارەیەك بەرپرسی وڵاتەكەی گواستەوە كە لە 2ی ئایاری داهاتوو هیچ بەخشینێكی تر نادرێتە هیچ لەو وڵاتانەی ئێستە نەوتی ئێران دەكڕن، لەو كاتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە نۆڤێمبەری رابردوو هەشت دەوڵەت بۆ ماوەی 180 رۆژ لە كڕینی نەوتی ئێران بەخشی تا كاتی سەرچاوەی تر بۆخۆیان دەدۆزنەوە.  

ئێستە ئێران هەڕەشە دەرەكییەكانی خۆی بۆ ناوچەكە زیاد كردووە، مەبەستی سەرەكیش ترسە لەوەی كاریگەری سزاكان و هەوڵەكانی ئەمەریكا لە ناوخۆی ئەو وڵاتە رەنگ بداتەوە ببێتە شۆرشێكی جەماوەری بە هاوشێوەی جەزائیر و سوودان و نەتوانێت كۆنترۆڵی بكات، بۆیە ئەو هەڕەشەی مووشەكی لە كەنداو و ئیسرائیل لە رێگەی میلیشیاكانی سەر بەخۆی و هەڕەشەی داخستنی هەردوو گەرووی هورمز و بابولمەندەب دەكات، وەك میسال ئالووسی سیاسەتوانی عێراقی دەڵێت، ئێران دەیەوێت بە دنیای بڵێت كە هەر جموجۆڵێكی ناوخۆیی لەدژی رژێمی ئەو وڵاتە، دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەكە.

بەم دواییە وەزارەتی هەواڵگری ئێران دانی بە گرتنی 60 كەس دانا لە نێوان 21ی ئازاری 2018 تا 20ی ئازاری ئەمساڵ كە زۆرینەیان لە رێكخراوی موجاهیدینی خەڵكی بەرهەڵستكار بوون، لەو كاتەی ئەو رێكخراوە رای گەیاند كە راپەڕینی جەماوەری ئێرانی بەهێزترە لەو هەوڵانە كە لە وڵامی پۆلێنكردنی سوپای پاسدارانە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی.

رادیۆی فەردا كە بارەگای لە چیكە و بە فارسی پەخش دەكرێت لەو بارەوە گوتی، ئەو هەڵمەتەی گرتنە دوای رەخنەگرتنە لە رژێمی تاران بەهۆی شكست و كەمتەرخەمی لە بەهاناچوونی زیانلێكەوتووانی كارەساتی لافاوەكانی دوایی كە 25 هەرێمی ئێرانی گرتەوە، لای خۆیەوە بەشی فارسی ئێزگەی دەنگی ئەمەریكا وریایی لە دەست پێكردنی هەڵمەتێكی نوێی گرتن لە ئێران رەنگە چالاكانی مەدەنی و بەرهەڵستكاران بگرێتەوە بەپاساوی سیخوڕیكردن، ئەوەش لەدوای راگەیاندنی مەحموود عەلەوی وەزیری هەواڵگری ئێران بە گرتنی دەیان سیخوڕ لە ئێران.

مووسا ئەفشار، ئەندامی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نیشتیمانی بەرگری ئێران گوتی، ئەو هەنگاوەی ئێران داننانە بە بەهێزی پێگەی ئۆپۆزسیۆن لەناوخۆی ئێران و ژمارەی گیراوان زۆر زیاترە لەوەی راگەیندراوە.

لای خۆیەوە مستەفا فەحس نووسەری لبنانی لەو بارەوە دەڵێت، لە نێوان گۆڕینی فەرماندەی سوپای پاسداران و كۆتاهێنانی ئەمەریكا بە لێخۆشبوون لە ژمارەیەك وڵات لە كڕینی نەوتی ئێران و پابەندی بە سزاكانی سەر ئەو وڵاتە و ئەو زانیارییانەی لەبارەی ئەگەری دروستبوونی جەنگێكی ئیسرائیل لەدژی لبنان دزەیان كردووە، هەردوو لایەنی ئەمەریكی و ئێرانی ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی نێوانیان زیاتر دەكەن و دوور نییە كە یەكێكیان بەو هۆیەوە سەعاتی سفری رووبەڕووبوونەوەكە دیاری بكات.

زیاتر دەڵێت، هەردوولا ئامادەسازیان زیاتر كردووە و تاران ئەو كەسەی كردە فەرماندەی پاسداران كە بانگەشە بۆ پڕۆژەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و باوەڕی لەدژی ئەمەریكا دەكات، لەوكاتەی ئەمەریكا سزاكانی توندتر كردووە بەرەو بەسفركردنی هەناردنی نەوتی ئێران و بەر لەوەش دانانی سوپای پاسداران لەناو لیستی تیرۆرەوە و توندكردنی زیاتری كۆتەكە لەسەر حزبوڵای لبنانی.

فەحس دەڵێت پێش 3ی ئایاری داهاتوو كە توندكردنی سزای ئەمەریكا جێبەجێ دەبێت، تاران فەرماندەی پاسدارانی گۆڕی كە لەسەر ئاستی ناوخۆییدا چوونە ناو قۆناغێكی توندڕۆترە كە ئەو رژێمە پەنای بۆ ببات بۆ بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆیی لەسەر هەردوو ئاستی ناو سوپای پاسداران بە هێنانە پێشەوەی كەسانی توندڕۆتر، دووەم هێنانە پێشەوەی كەسانی باوەڕ پێكراوتر بۆ گرتنی پۆستە هەستیارەكان، واتە هێنانە پێشەوەی جەنەراڵ حوسێن سەلامی بۆ فەرماندەی سوپای پاسداران و ئیبراهیم رەئیسی بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەزایان، بە بوونی ئەوانەش پارێزگاران مسۆگەری باڵادەستیان بەسەر ئێستە و داهاتووی ئێران دەكەن.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل