وردەكاریی پلانی جەنگی مووسڵ

:: PM:04:41:15/10/2016 ‌


هێزەكانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەر هەموویان ئامادەیی خۆیان بۆ جەنگی مووسڵ راگەیاندووە، بارزانی و عەبادی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی هەرێم و عێراق و ئەمەریكاش كۆ بوونەوە، عەبادی پلانی جەنگەكەی لەگەڵ سەركردایەتی كردەوەگەلی نەینەوا باس كردووە، بەڵام پلانەكە چۆن بەڕێوە دەچێت.

شاری مووسڵ لە حوزەیرانی 2014 كەوتە دەستی رێكخراوی داعش، ئەو توانی زۆرینەی ناوچەكانی ئەو پارێزگایە و پارێزگاكانی تری سونە داگیر بكات و خیلافەتی ئیسلامیان تیادا رابگەیەنێ، بەڵام لە ناوەڕاستی 2015دا دۆخەكە پێچەوانە بووەوە و داعش بەرەو لاوازی و شكانە، ئێستە تەنیا شاری مووسڵ و حەویجە و چەند ناوچەیەكی پارێزگەی ئەنباری بەدەستەوە ماوە.

بەپێی سەرچاوەكانی عێراق ئەو هێزانەی بەشداری لە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەكەن، بریتین لە سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و میلیشیا شیعەكان و پاسەوانی نەینەوا (حەشدی نیشتمانی) و یەكە تایبەتەكانی ئەمەریكا.

مەبەست لە پرۆسەكە و بەپێی پلانی ئەو جەنگە، بڕیارە لەو چەند رۆژە هێرش دەست پێ بكات، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی رۆڵیان لە ئازادكردنەوەی ناوچەكانی دەوری شارەكە دەبێت، دوای مانگێك دوای ئەوە سوپای عێراق دەست بە هەڵمەتەكانی بۆ پاككردنەوەی سەنتەری شارەكە دەست پێ دەكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەكانی كوردی و حەشدی شەعبی و نیشتمانی دەستی ئاژانسی "ئەنادۆڵو"ی توركیا كەوتووە، دابەشبوونی هێزەكان بەپێی پلانێكە كە ئەمەریكا خۆی سەرپەرشتی دەكات.

بەپێی ئەو پلانە، سەركردایەتی كردەوەگەلی نەینەوا كردە سەربازییەكە رێك دەخات و بەڕێوەی دەبات لەژێر سەرپەرشتی جەنەڕاڵێكی سوپای عێراق، چاوەڕوانیش دەكرێت كە هێزی پێشمەرگە لە قۆڵەكانی گوێڕ و خازر لە رۆژهەڵاتی مووسڵ دەست بە هێرش بكات. 

هەروەها پێشمەرگە خۆی بۆ هێرشكردنە سەر ناوچەكانی تەلسقۆف و حەكنە لە باكوری مووسڵ ئامادە دەكات بۆ كۆنترۆڵكردنی هێڵی نێوان گوێڕ و كەسكێ كە لەژێر دەسەڵاتی داعشدایە و بەو شێوەیە ئەركی پێشمەرگە كۆتای پێ دێت بەپێی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا.

هەرچی ئەركی پاسەوانی نەینەوا (حەشدی نیشتمانی)ین واتە هۆزە سونەكانی نەینەوا، كە لە سێ هەزار خۆبەخشی مووسڵاوی پێك هاتووە و لە 2015ەوە لە سەربازگەی زیلكان لە بەعشیقە لەلایەن هێزە چەكدارەكانی توركیا سەرپەرشتی دەكرێن، ئەوان لە پاڵ پێشمەرگە لە دەروری مووسڵ جووڵە دەكەن و دەخرێنە سەر سەركردایەتی كردەوەگەلی نەینەوا. 

پێشتر چەند دیدار و كۆبوونەوە لە نێوان فەرماندەكانی سوپای عێراق و ئەسیڵ نوجێفی پارێزگاری پێشووی مووسڵ و فەرماندەی پاسەوانەكانی نەینەوا كراوە بۆ رێككەوتن لەبارەی پابەندی بە پلانێكی روون تایبەت بە بەشداری حەشدی نیشتمانی كە لە سەربازگەی بەعشیقەدا هەن لە جەنگی مووسڵ، بەبێ دابەشكردنیان بەسەر خاڵی جیاوازەوە.

بەپێی پلانی سەربازی جەنگەكە، هەرچی هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبین كە لە شارەدێی گەیارە لە باشووری مووسڵ نیشتەجێ كراون، ئەوان هاوكات لەگەڵ جموجۆڵی پێشمەرگە بەرەو سەنتەری مووسڵ لە قۆڵەكانی باكور و رۆژهەڵات، بەرەو شارۆكەی تەلەعفەر بەڕێ دەكەون.

بەپێی پلانەكە، نابێت هیچ شەڕوانێك بچێتە ناو شارەكە بێجگە لە سوپای عێراقی، ئەویش دوای مانگێك لە دەست پێكردنی كردەوەگەلی سەربازی مووسڵ، كە هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا كە لە بنكەی سەربازی گەیارەن پاڵپشتییان دەكەن. 

چاوەڕوان دەكرێت كە مووسڵ لە هەموو قۆڵەكانەوە گەمارۆ بدرێت و تەنیا یەك دەروازە بۆ داعش جیچ بهێڵرێت بۆ هاندانی بۆ دەرچوون لە شارەكە بەرەو سنوورەكانی سووریا لە رۆژئاوای مووسڵ، كە رەنگە ئەوەش بە نەرێنی كار بكاتە سەر كردەوەگەلی سەربازی توركیا لە باكوری سووریا "قەڵغانی فورات". 

بەپێی سەرچاوەكان، ئەنكەرە بێزارە لە هەڵەكانی ئەمەریكا لە داڕشتنی پلانی جەنگی ئازادكردنی شاری مووسڵ لە داعش كە رەنگە جەنگێكی تایفی بەدوای خۆیدا بێنێت.

ئەمڕۆ شەموو سەركردایەتی كردەوەگەلی نەینەوا رای گەیاند كە ژمارەی هێزە چەكدارەكانی لە دەوری شاری مووسڵ لە قۆڵە جیاجیاكان كۆ بوونەتەوە، گەیشتووەتە 140 هەزار شەڕوان كە باشترین جۆری چەك و تفاقی سەربازییان هەیە و مسۆگەری بڕنەوەی جەنگەكە دەكات.

پێنجشەمی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی نەینەوا بەمەبەستی دیاریكردنی سەعاتی سفری جەنگی مووسڵی كۆ بووەوە، بڕیاریش درا بەبەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە ئازادكردنەوەی شارۆكەی تەلەعفەر و هۆزەكانی مووسڵیش لە ئازادكردنەوەی دەشتی نەینەوا.

بەپێی سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەو هێزانەی لە جەنگەكە بەشدارن، بریتین لە فیرقەكانی 17 و 15ی سوپای عێراق و هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق و ژمارەیەك لیوای زریپۆش و فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵ و پۆلیسی ناوەخۆیی پارێزگای نەینەوا بۆ پاراستنی ئاسایش لە دوای ئازادكردنەوە.

روونی كردەوە كە جەنگەكە بەپاڵپشتی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بەڕێوە دەچێت، هەرچی حەشدی شەعبییە، رێككەوتن كراوە كە ئەوان لە قۆڵی تەلەعفەر و لە ئازادكردنەوەی ئەو شارۆكە بەتەنیا بەشداری بكەن، هەرچی هۆزە سونەكانیشە تەنیا لە دەروبەری مووسڵ. 

دوێنێ هەینی شانەی راگەیاندنی جەنگ سەر بە سەركردایەتی كردەوەگەلی هاوبەش رێنوێنییەكانی تایبەت بە رووماڵكردنی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵی راگەیاند و تیایدا بڵاو كردنەوەی هەر هەواڵێكی تایبەت بە جەنگەكە بێجگە لە سەرچاوە رێپێدراوەكان قەدەغە كرد و ئەو كەس و لایەنانەشی دیاری كرد كە دەتوانن لێدوان بدەن.

هەفتەی رابردوو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش دووپاتی ئامادەبوونی هێزە بەشدارەكان لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ كرد بۆ دەست پێكردنی جەنگەكە كە بێجگە لە هێزە تەناهییەكانی عێراق، هێزی پێشمەرگە و هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكاش بەشداریی تیادا دەكەن.  

وشە/ئەنادۆڵو-و: مەحموود ئیسماعیل


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل