ژمارەی ئاوارە و گەندەڵی ناو كەمپەكان لە هەڵكشانە

:: PM:05:56:05/01/2017 ‌

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رای گەیاند كە لەوەتەی دەست پێكردنی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ تا ئێستە 160 هەزار كەس ئاوارە بوونە لە سەرانسەری ناوچەكانی پارێزگەی نەینەوا، هاوكات پەرلەمانتارێكی عێراق ئاماژە بۆ بوونی گەندەڵی لە هەردوو كەمپی حەسەن شام و خازر دەكات و دووپاتیشی دەكاتەوە كە مانەوەی ئاوارەكان لەو كەمپانە بەزۆرە.

جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەكەمی رابردوو دەستی پێ كرد و تا ئێستە بەردەوامە و جەنگەكە گەیشتووەتە ناو شاری مووسڵ، بەڵام تا ئێستە ژمارەی هاووڵاتییانی مووسڵ كە چاوەڕوان دەكرا بەهۆی جەنگەكەوە ئاوارە بن نەگەیشتووەتە پێشبینییەكان كە پێشبینی ئاوارەبوونی زیاتر لە 750 هەزار كەس دەكرا.

ئەمڕۆ پێنجشەم دەرباز محەمەد وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە كە بە هاوكاری وەزارەتی گواستنەوە و هێزە تەناهییەكانەوە توانراوە ئەو 160 هەزار ئاوارەی تا ئێستە بەهۆی جەنگی مووسڵەوە دەربەدەر بن لە كەمپەكانی خازر و مەخموور و گەیارە و عەلەم و شێخان جێگیر بكرێن.

زیاتر گوتی، ئەوان بەردەوام هاریكاری دەكرێن و توانراوە مادەی خۆراك و كەلوپەلی ماڵەوە و نەوتی سپی و پێداویستییە گرنگەكانیان بۆ دابین بكرێت لەگەڵ هاتنیان بۆ كەمپەكانەوە، روونی كردەوە كە لەو كەمپانەوە 20 هەزاریان بۆ ناوچەكانیان گەڕاونەتەوە لە دوای ئازادكردنەوەیان لە داعش و وەزارەتەكەشیان بۆ ئەو مەبەستە ئاسانكاری كردووە و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە پاسی بۆ دابین كردوون.

لای خۆیەوە هەر ئەمڕۆ پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پارێزگەی نەینەوا ئەحمەد جبووری دووپاتی بوونی گەندەڵی دارایی لە هەردوو كەمپی حەسەن شام و خازری ئاوارەكانی مووسڵ كردەوە و راشی گەیاند كە مانەوەی ئاوارەكان لەوێ بەزۆرە و رێگری لە چوونەوەیان بۆ ناوچەكانیان دەكرێت.

زیاتر گوتی، ئاوارەكانی ئەو كەمپانە بەئێمەیان راگەیاندووە كە سەرپەرشتانی كەمپەكان بەهۆی گەندەڵی داراییەوە رێگری لە گەڕانەوەیان و چوونەوەیان بۆ ناوچەكانیان دەكەن كە لە داعش پاككراونەتەوە.

جبووری دووپاتی كردەوە كە سەرپەرشتیارانی ئەو كەمپانە بۆ هەر ئاوارەیەك بڕی 11 دۆلاری ئەمەریكایی لە حكوومەت وەردەگرن لە بەرامبەر دابینكردنی خۆراك و دەرمان و سۆپا بۆیان، بۆیە لێرەدا گەندەڵییەكی گەورە دەكرێت، ئەو داوای لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران كرد كە لێكۆڵینەوە لەو بارەوە بكەن.  

هەردوو كەمپی خازر /37 كیلۆمەتر باشووری رۆژئاوای هەولێر/ و حەسەن شام /45 كیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای هەولێر/ زیاتر لە 15 هەزار ئاوارە لەخۆ دەگرن، لەوانەی بەهۆی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵەوە ئاوارە بوونە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل