وڵاتانی جیهان لەسەر نەهیشتنی گازێكی مەترسیدار رێككەوتن

:: PM:04:52:15/10/2016 ‌


نوێنەرانی ٢٠٠ وڵاتی جیهان لەسەر كەمكردنەوەی جۆرە گازێكی مەترسیدار بۆسەر ژینگە رێككەوتن. نوێنەرانی ئەو ٢٠٠ وڵاتەی جیهان لە كیگالی پایتەختی رواندا  رێككەوتنەكەیان واژوو كرد.

یەكێك لە گرنگترین ئەو بڕیارانەی ئەو وڵاتانە داویانە ئەوەیە ئەو جۆرە ساردكەرەوانە چیتر بەرهەم نەهێنن كە بە گازی هایدرۆفلۆرۆكاربۆن كاردەكەن. ئەو جۆرە گازە دەبێتە هۆی پیسكردنی ژینگە و لە دوو ئۆكسیدی كاربۆن زۆر مەترسیدارترە.

لە رێككەوتننامەی مۆنتراڵ كە لە ساڵی ١٩٨٧ لە كەنەدا واژوو كرابوو وڵاتانی جیهان بڕیاریان دابوو بۆ پارێزگاریكردن لە زەوی بەكاربردنی ئەو جۆرە گازە كەم بكەنەوە بەڵام ئەمجارە بڕیاریان دا  لە داهاتوودا كۆتایی بە بەكاربردنی ئەو جۆرە گازە بهێنن.




ئەگەر چینی ئۆزۆن زیانی بەركەوێت ئەوا تیشكە زیانبەخشەكان ئاسانتر دەتوانن بگەنە زەوی و ببنە هۆی كەوتنەوەی كۆمەڵیك كێشە و لە هەمان كاتدا بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی.

لە رێككەوتننامەی كیگالی، وڵاتانی جیهان بوونەتە سێ بەش كە گرووپی یەكەم وڵاتانی پیشەسازین و وڵاتانی تریش بەسەر دوو گرووپەكەی تردا دابەش بوون.

وڵاتانی پیشەسازی تا ساڵی ٢٠١٩ سودوەرگرتن لە هایدرۆفلۆرۆ كاربۆن تا ١٠% و تا ساڵی ٢٠٣٦ بۆ نزیكەی ٨٥% كەم دەكەنەوە.

گرووپی یەكەم تا ساڵی ٢٠٢٤ و گرووپی دووەمیش دەبێت تا ساڵی ٢٠٢٨ كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەن. هەر یەك لە وڵاتانی كەنداو كاتیكی زیاتریان پێدراوە تا بتوانن رێوشوێن بۆ رێگریكردن لە زیاتر تەشەنەسەندنی گازە مەترسیدارەكان دابنێن.

لە كۆتایی ئەمساڵیش نوێنەرانی ٢٥ وڵاتی جیهان لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بەیاننامەیەكیان واژوو كرد كە بە گوێرەی بەیاننامەكە  پەرە بە رێككەوتننامەی مۆنتراڵ دەددەن.

پێویستە بگوترێت كاریگەرییە خراپەكانی  پێكهاتەی هایدرۆفلۆرۆكاربۆنەكان ١٠٠ تا هەزار هێندەی دوو ئۆكسیدی كاربۆنە.



لە چەند ساڵی رابردوودا كەشوهەوای زەوی بە شێوەیەكی بەرچاو گۆڕانكاری بەسەرهاتووە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بووەتە هەڕەشەیەك بۆسەر ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی. زانایان پێشبینی دەكەن بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمی لە داهاتوودا زۆر ناوچە كە پیشتر بۆ ژیان گونجاو بوون بۆ بیابان بگۆڕدرێن و لە زۆر ناوچەی تریش لافاو و رووداوی سروشتی جۆراوجۆر سەرهەڵبدات و زیان بە خەڵك بگەیەنێت.

هەڵبەت یەكێك لەو مادانەی كە بەرێژەیەكی بەرچاو ژینگەی پیس كردووە co2 یان دو ئۆكسیدی كاربۆنە. لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی لە ساڵی ١٨٥٠ رۆژ بەرۆژ ئەو مادەیە كێشەی زیاتری بۆ ژینگە دروست كردووە.

وشە/دۆیچەوێلێ-ویكیپیدیا_و:سلێمان تاشان 


وشە - سلێمان تاشان