لە كتێبخانەی گشتیی كەركووك هۆڵێكی تایبەت بە منداڵان دەكرێتەوە

:: PM:11:15:05/01/2017 ‌
له‌ كتێبخانه‌ی گشتیی كه‌ركووك هۆڵێكی تایبه‌ت به‌ منداڵان كراوه‌ته‌وه‌ و زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كانیش كه‌ بۆ هۆڵه‌كه‌ دابین كراوه‌ تایبه‌تن به‌ رۆشنبیری منداڵان.

شادیە بەكر محەمەد بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتیی كەركووك به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، لە كتێبخانەی گشتیی كه‌ركووك هۆڵێكی خوێندنەوەمان تایبەت كردووە بە منداڵان و نزیكەی 1000 دانە كتێبی تێدایە، كتێبەكانیش جۆراوجۆرن و لە ئاستی ڕۆشنبیریی منداڵانن و كتێب و كۆواری كوردی، عەرەبی، توركمانی و ئینگلیزین.

زیاتر گوتی، له‌ هۆڵه‌كه‌ ره‌چاوی تەمەن و مێز و كورسییەكانیشمان كردوه‌ كه‌ لەگەڵ قەوارەی منداڵاندا دەگونجێن و ژمارەیەكی زۆری وێنەی ڕەنگا و ڕەنگیشمان بۆ هۆڵەكە داناوە، تاوەكو ببنە هاندەرێك بۆ ڕاكێشانی سەرنجی منداڵان.

"هۆڵە تایبەتەكە جێگەی 50 منداڵی تێدا دەبێتەوە و باوانی منداڵان ڕۆڵێكی كاریگەر دەگێڕن لە ڕۆشنبیركردن و دوور خستنەوەی ڕۆڵەكانیان لەو خولیایانەی تەنیا كاتیان پێ بە فیڕۆ دەدرێ. ژمارەیەكی باشی شارەكە منداڵەكانیان دێننە ئەم هۆڵە تایبەتە و هەوڵ دەدەن كولتو,ری خۆێندنەوە لە ناخی منداڵەكانیان بچەسپێنن لەم قۆناغە هەستیارەی تەمەنیان" شادیە وای گوت.  

كتێبخانەی گشتیی كەركووك لە ساڵی 1937 دروست كراوە و سەرەتا سەر بە (دائیرەی معارف)ی كەركووك بووە و ژمارەیەك لە مامۆستایان سەرپەرشتیان كردوە، پاشان خراوەتە سەر وەزارەتی ڕۆشنبیری و لە ئێستادا ژمارەی كتێبە پۆڵینكراوەكانی دەگاتە 32 هەزار كتێبی جۆرەوجۆر.

 كەركووك: نەبەز ڕۆستەم


وشە - عه‌لی سدیق