لە سلێمانی كچێكی تەمەن 24 ساڵ دەخنكێنرێت

:: AM:11:22:02/05/2019 ‌
پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای دەكات لەسەر كوشتنی كچێكی تەمەن 24 ساڵ، چوار كەس گیراون.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی ئایار، پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، لەسەر ڕووداوی كوشتنی كچێكی تەمەن 24 ساڵ چوار تۆمەتبار لەلایەن هێزەكانی بنكەی پۆلیسی تەكیەی سەربەشی پۆلیسی چەمچەماڵ گیران.

ڕوون كراوەتەوە، لە ڕۆژی 3 نیسانی2019 ، لەسەر ڕێی چەمچەماڵ – تەكیە تەرمی كچێك دۆزرایەوە دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە كرا، تەرمی "ك، ح، ق" تەمەن 24 ساڵ، ڕەگەز مێ‌ بۆ پزیشكی دادوەری لەشاری سلێمانی گواسترایەوە و دەركەوت كە كوژراوەكە بە پەت خنكێنراوە و كراوەتە ناو توورەكەیەكەوە و لەسەر ڕێی چەمچەماڵ – تەكیە فڕێ دراوە.

باس لەوەش كراوە، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی تەكیە بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ لێكۆڵینەوەكانیان دەست پێ كردووە، توانرا "ڕ، ع، م" و "ح، ق، ح" و "ه ، ح، ق" و "ه ، ح، ق" بگرن، سەرجەمیان بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.

زیاتر ڕوون كراوەتەوە، فەرمان بۆ باوكی كوژراوەكە دەرچووە، بەڵام تا ئێستە نەگیراوە و هێزەكانی پۆلیس لە هەوڵی گرتنین.




وشە - رامیار جەواد