کەشناسی هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات بە تایبەت لە سنووری هەولێر و دهۆك كە باران و تەرزە و هەورە تریشقە دەست پێ دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی ئایار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئێوارەی هەینی لە كاتەكانی درەنگ هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر كاریگەری شەپۆڵێكی بارانبارین و كاریگەری بارانەكەش لە كەشوهەوای دەریا سوور و توركیا سەرچاوەی گرتووە و بارانبارین لە تەواوی ناوچە دەبێت.

زیاتر ڕوون كراوەتەوە، لە ناوچە شاخاوییەكانی هەولێر و دهۆك بارانبارین زیاتر دەبێت و لەگەڵ بارانبارینیش ئەگەری تەرزە هەیە و هەورەتریشقەش دەبێت و پلەگانی گەرماش سێ‌ بۆ پێنج پلە نزم دەبنەوە و ڕۆژی شەمە شەپۆلە بارانبارینەكە كۆتایی دێت.

كەشناسی پێشبینی كردووە، لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 14 ملم و لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 10 ملم و لە پارێزگای كەركووك 13 ملم و لە پارێزگای دهۆك 20 ملم و لە پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە 10 ملم باران دەبارێت.

ئەو هۆشدارییە لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان ئەمساڵ لە هەندێك شوێن زیاتر لە دوو هەزار ملم باران باریوە.





وشە - رامیار جەواد


PM:12:04:02/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 3641 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌