ڕاستی كوشتنی بیلال دەخرێتەڕوو.. لە نێوان كێشەی پارە و شەرەف یەكلا نەبووەتەوە

:: PM:03:48:02/05/2019 ‌

شاناز دوایەمین نانی نیوەڕۆ لەگەڵ بیلالی هاوسەری دەخوات و پێش گەڕانەوەی بۆ سەر كار لەكاتی دواین دەرچوونی لەماڵدا هەر لەگەڵیدا دابووە، دەڵێت "لەبەردەم ئاوێنەكەی تا ئەوكاتەی خۆی چاككرد هەر لەناو باوەشیدا بووم، قسەی خۆشمان دەكرد، ماڵئاواییم لێ كرد كاتێك چووە دەرەوە دووجار گەڕایەوە و ناوچاوانی ماچ كردم پێی گوتم، دەستنوێژم هەیە بۆیە ڕوومەتت ماچ ناكەم، لە بالەكۆنەوە سەیرم كرد نەمزانی دواین بینیمە، ئاوڕێكی بۆ دامەوە و پێی گوتم ئاگات لە خۆت بێت، لەوكاتە نامەیەكم نارد و نووسیم قوربانی ماندووبوونتبم دەزانم لەبەر كارەكەت زۆر ماندووی، فرمێسكێكیشم نارد تا نیو سەعات پێش كوشتنی بەنامە قسەمان دەكرد و ئیتر بۆ هەمیشە لەبەر چاوم ونیان كرد".

ڕۆژی 11ی نیسانی ئەمساڵ لە نزیك تێرمیناڵی هەولێر تەرمی بیلال عەبدولڕەحمان تەمەن 28 ساڵ بە كوژراوی دۆزرایەوە كە لەلایەن هاوڕێیەكیەوە كوژرابوو. خێزانەكەی دەڵێت "بڕی نزیكەی 10 هەزار دۆلار "یەك دەفتەر"ی پێشتر داوەتێ تا كاری پێ بكات، ئەو هاوڕێیەی بەناوی "عەدنان" دانی بەتاوانەكەیدا ناوە و ئێستە گیراوە و لەژێر لێكۆڵینەوەدایە.

شاناز ئەحمەد خێزانی بیلال عەبدولڕەحمانە، ئەوان ماوەی پێنج ساڵ و 10 مانگە هاوسەرگیرییان كردووە، خاوەنی دوو منداڵن، كچەكەی پێنج ساڵە و كوڕەكەی دوو ساڵ و نیوە، شاناز بۆ "وشە" باسی هاوسەرەكەی دەكات و دەڵێت، "ماڵم وێران بوو خۆشەویست و هاوسەر و هەموو كەسم ڕۆیشت و منداڵەكانم بێكەس بوون، كوشتنی مێردەكەم بەس نەبوو ئێستە لەدوای كوشتنیشی بوختانی بۆ دەكەن و لەگەڵ هەر هەواڵێكی درۆ كە بڵاوی دەكەنەوە، ئازارەكەی من و منداڵەكانم هەزار هێندە قووڵتر دەكەن.

 شاناز دەیەوێت سكاڵا تۆمار بكات و دەڵێت، سكاڵا لەدژی هەموو ئەو كەسانە بڵاو دەكاتەوە كە هەواڵی ناڕاست یا لایەنگری بڵاو دەكەنەوە و دەڵێت ئەوانیش هیچ جیاوازیان نییە لەگەڵ بكوژەكەدا، چونكە لەگەڵ هەر هەوڵێكی ناڕاست دووبارە مردنی هاوسەرەكەمم بۆ نوێ دەكەنەوە بە ئازارێكی گەورەتر.

لەبارەی پێوەندییان لەگەڵ ماڵی بكوژەكەدا شاناز دەڵێت، هەموو ئەو هەواڵانەی كە بڵاو كراونەتەوە لەسەر كوشتنی هاوسەرەكەم لەسەر ئەوەی پێوەندی لەگەڵ خێزانی هاوڕێكەی هەبووە درۆن و دوورن لە ڕاستی. ئەو دەڵێت خێزانی ئەو پیاوە تەمەنی لە تەمەنی دایكی بیلال گەورەتر بووە و هەموو جارێك كە هاتوچۆی ماڵی یەكتریان كردووە بیلال بە دایكە ناوی ‌هێناوە. دووپات لەوە دەكاتەوە كە هاوسەرەكەی كەسێكی زۆر لەخوا ترس بووە و زۆریش شەرمن بووە هەرگیز لە ئاست هیچ ژنێك سەری هەڵنەبڕیوە.

بیلال عەبدولڕەحمان لە یەكێك لە كۆمپانیاكان كاری كردووە ماوەی چەند مانگێك پێش كوشتنی خێزانەكەی دەڵێ، بڕی نزیكەی 10 هەزار دۆلاری "یەك دەفتەر"ی داوە بە هاوڕێیەكی كە كاری پێ بكات و خێری بداتێ، بەڵام چەند مانگ بەسەریدا تێدەپەڕێت و هیچ پارەیەكی پێ نادات دواتریش دەیكوژێت. خێزانی بیلال دەڵێت بەدواداچوونیان كردووە و بەڵگەیان دەست كەوتووە كە ئەو پیاوە پێشتر بەو جۆرە پارەی لە سێ كەسی تریش وەرگرتووە و نەیداونەتەوە، با پارەكەی نەدایەتەوە، بەڵام منداڵەكانی منی بێ باوك نەكردبایە و ماڵی منیشی وێران نەكردایە.

بیلال سەعات یەك و نیوی دوای نیوەڕۆ لەماڵ دەچێتە دەرەوە و هاوسەرەكەی دەڵێت، تا سەعات حەوت و نیوی ئێوارە قسەیان كردووە "تەلەفۆنم بۆی كرد و پێم گوت گیانەكەم بۆ ئێوارە یاپراخی گەڵامێوم بۆ لێناوی زۆرت حەز لێیە تۆزێك زوو وەرەوە و بەگەرمی بیخۆ، ئەویش پێی گوتووە كەمێك دوا دەكەوێت دواتر دێتەوە و دەیخوات". نیو سەعات دوای ئەو پێوەندییە بیلال لەلایەن هاوڕێكەیەوە دەكوژرێت و بۆ هەمیشە خێزنەكەی جێدەهێڵێت.

عبدولڕەحمان بابە باوكی "بیلال" ڕەتی دەكاتەوە كە كوڕەكەی لەسەر هەبوونی هیچ پێوەندییەك كوژرابێت و دەڵێت، ڕاگەیاندنەكان خەریكە ئابڕووم دەبەن و خوێنی كوڕەكەم بۆ كوشتن حەڵاڵ دەكەن، ئەو داوا دەكات ڕاستی ڕووداوەكە وەك خۆی بڵاو بكرێتەوە.

"كوڕەكەی بەهۆی پارەوە كوژراوە ویستوویەتی ئەو پارەی كە داویەتی بە هاوڕێكەی وەریبگرێتەوە، دووپات لەوە دەكاتەوە كە شایەتیان هەیە لەسەر ئەوەی كە تاوانبارەكە قەرزاری  كوڕەكەیان بووە هەمووان ئامادەن شایەتی بدەن". باوكی بیلال گوتی. وەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئامادە نین هیچ سوڵحێكی عەشایەری بكەن و لە خوێنی كوڕەكەیان خۆش بن.

ئیبراهیم میكائیل باوكی عەدنانە كە ئێستە بەهۆی كوشتی بیلالەوە گیراوە، لەبارەی كەیسی كوشتنی بیلال دەڵێت، لە دوور و نزیكەوە ئاگاداری هیچ شتێك نین، كوڕەكەمان دەڵێت لەسەر بابەتی نامووسە، ئێمەش هیچ ئاگاداری بابەتەكە نین و زۆریش نیگەرانین، بۆیە چاوەڕوانی یاسا دەكەین ئەوەی لە یاساوە بەرانبەر كوڕەكەمان بكرێت، ئێمە پێی ڕازین.

هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەبارەی كەیسی كوشتنی بیلال بە "وشە"ی گوت، تاوانبارەكە ددانی بەتاوانەكەیدا ناوە كە بیلالی كوشتووە و پێش كوشتنیشی پیلانی بۆ داناوە، هەروەها ئاشكرای كردووە كە جارێكی تریش هەولێ كوشتنی داوە و هێناویەتی بۆ هەولێر، بەڵام بۆی نەڕەخساوە و لە دووەم جاردا پلانەكەی سەری گرتووە و كوشتوویەتی.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم