سیسته‌مى بایۆمه‌ترى كه به تۆمارى ئه‌لیكترۆنى ده‌نگده‌ران ناسراوه، له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوو سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێت، به‌ڵام هاووڵاتییانى هه‌رێمى كوردستان به‌ده‌نگییه‌وه نه‌چوون، ئه‌وه‌ش حكوومه‌تى ناچار كردووه به‌زۆر هاووڵاتییان ناچار بكه‌ن خۆیان تۆمار بكه‌ن.
جه‌مال كه‌ریم بابان یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ئۆفیسى هه‌ولێرى كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق به "وشه"ى راگه‌یاند، له ماوه‌ى 10 مانگى ساڵى ڕابردوودا ته‌نیا رێژه‌ى 3%ى هاووڵاتییانى كوردستان خۆیان له سیسته‌مى بایۆمه‌ترى یان تۆمارى ئه‌لیكترۆنى ده‌نگدان تۆمار كردووه، ئه‌وه‌ش ناچارى كردووه به هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بیر له رێوشوێنى تایبه‌ت بكه‌نه‌وه بۆ هاندانى خه‌ڵك تا روو له بنكه‌كانى تۆمارى بایۆمه‌ترى بكه‌ن.
بابان ده‌ڵێ، "سه‌رۆكایه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به نووسراوى فه‌رمیى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران بڕیاری دا مامه‌ڵه‌ى هیچ هاووڵاتییه‌ك له فه‌رمانگه حكوومییه‌كاندا رایى نه‌كرێت، ئه‌گه‌ر ناوى خۆى له سیسته‌مى بایۆمه‌ترى تۆمار نه‌كردبێت، ئه‌وه‌ش وه‌ك دروستكردنى فشارێك تا هاووڵاتییان ناچار بن خۆیان تۆمار بكه‌ن".
پاش بڕیاره‌كه‌ى حكوومه‌ت، ئه‌و هاووڵاتییانه‌ى كاروباره‌كانیان له فه‌رمانگه‌كانى حكوومه‌ته، ناچار بوون روو له بنكه‌كانى تۆماركردن بكه‌ن و پاش به‌ده‌ستهێنانى فۆڕمى تۆماركردن، ده‌ست به راییكردنى مامه‌ڵه‌كانیان له فه‌رمانگه‌كاندا بكه‌نه‌وه.
به‌رپرسه‌كه‌ى كۆمیسیۆن ده‌ڵێ، "بڕیاره‌كه‌ى حكوومه‌ت كاریگه‌رى زۆرى له‌سه‌ر هه‌ڵكشانى رێژه‌ى به‌شدارى هاووڵاتییان هه‌بوو، ئێسته رۆژانه سێ تا چوار هه‌زار هاووڵاتى له كۆى بنكه‌كاندا، تۆمارى ده‌نگدان پڕ ده‌كه‌نه‌وه".
له شارى هه‌ولێر 24 بنكه‌ى تایبه‌ت به تۆمارى بایۆمه‌ترى كراونه‌ته‌وه، به‌پێى داتاكانى كۆمیسیۆن تا ئێسته رێژه‌ى تۆمارى هاووڵاتییان له شارى هه‌ولێر 24%، له شارى سلێمانى 22% و له شارى دهۆك 19%ى تێپه‌ڕ نه‌كردووه.
هه‌ر هاووڵاتییه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى خۆى له سیسته‌مى بایۆمه‌ترى تۆمار بكات، پێویست ده‌كات ئه‌و كارته ئه‌لیكترۆنییه‌ى هه‌بێت كه له هه‌ڵبژاردنى رابردووى عێراق به‌كارى هێناوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كارته‌كه‌ى ون كردبێت، ئه‌وه له به‌رامبه‌ر 25 هه‌زار دینار مامه‌ڵه‌كه‌ى رایى ده‌كرێت.
جه‌مال كه‌ریم بابان ده‌ڵێ، "ئه‌و هاووڵاتییانه‌ى پێشتر به‌شدارى هه‌ڵبژاردنیان نه‌كردووه و خاوه‌نى كارتى ئه‌لیكترۆنى نین، به‌شێوه‌یه‌كى ئاسایى مامه‌ڵه‌كانیان رایى ده‌كرێت و كارته‌كه‌یان بۆ ده‌رده‌هێنرێت".
كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق سه‌رپه‌رشتى بنكه‌كانى تۆمارى بایۆمه‌ترى ده‌كات له شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا و كارمه‌ند و ستافى خۆى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌كار دێنێت، له‌كاتێكدا كۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى كوردستان له سه‌ره‌تاوه هه‌وڵیان دا ئه‌وان ستافى به‌ڕێوه‌بردنى پرۆسه‌كه دابین بكه‌ن.
هه‌ندرێن محه‌مه‌د سه‌رۆكى كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، دواى چه‌ندان دانیشتن و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق كه ستاف و كارمه‌ندانى كۆمیسیۆنى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى كوردستان سه‌رپه‌رشتى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى سیسته‌مى بایۆمه‌ترى بكه‌ن له شاره‌كانى كوردستاندا، به‌ڵام ئه‌وان پێیان باش بوو خۆیان سه‌رپه‌رشتى بكه‌ن و ستافى خۆیان دابین بكه‌ن.
ڕوونى كرده‌وه، كۆمیسیۆنى سه‌ربه‌خۆیى هه‌ڵبژاردنه‌كانى كوردستان هیچ به‌شدارییه‌كى له به‌ڕێوه‌چوونى سیسته‌مى بایۆمه‌ترى نییه كه ئێسته له ئاستى عێراق و كوردستان كارى تێدا ده‌كرێت.
وشه/ هه‌ولێر- هێمن ره‌فیق