سەرجەم باڵیۆزەکانی ئەمەریکا لە جیهان دەگۆڕێن

:: PM:04:35:06/01/2017 ‌
چەند دیپلۆماتکارێکی نزیک لە تیمی رادەستکردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی بۆە ترەمپ رایان ئاشکرای دەکەن، سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمەریکا داوای لە سەرجەم باڵیۆزەکانی ئەو وڵاتە کردوە بەر لە دەستبەکاربونی "20ی کانوونی دووەم" دەست لە کارەکانیان بکێشنەوە.

ئەمڕۆ هەینی شەشی کانوونی دووەم/یەنایەر ماڵپەڕی دەنگی ئەمەریکا رای گەیاندوە، رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ئاسکرای دەکات، ترەمپ داوای لە سەرجەم باڵیۆزەکانی ئەمەریکا لە هەمو جیهان کردوە بەر لە دەستبەکاربونی وەک سەرۆکی ئەمەریکا دەست لە کارەکانیان بکێشنەوە.

زیاتر روون کراوەتەوە، رۆژی 23ی کانوونی یەکەم/دیسەمبەری ساڵی 2016 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە نامەیەکدا داوای کردوە زۆربەی باڵیۆزەکانی ئەمەریکا بەر لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی دەست لە کارەکانیان بکێشنەوە.

نیۆیۆرک تایمزلە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە ترەمپەوە رای گەیاندوە، لەوانەیە بۆ ماوەی چەند مانگێک ئەمەریکا لە وڵاتە گرنگەکانی وەک ئەڵمانیا و بەریتانیا و کەنەدا هیچ باڵیۆزێکی فەرمی نەبێت.

وەک ئاماژەشی پێ داوە، هیچ پیلانێک لەو هەوڵەی ترەمپدا بەدی ناکرێت و تەنیا بۆ ئەوەیە دڵنیا ببینەوە هەروەک هەزار راوێژکار و هاوکارەکانی ئۆباما لە کۆشکی سپی، ئەوانیش بەتەواوەتی دەسەڵات بۆ تیمەکەی ترەمپ بەجێ بهێڵن.

دۆناڵد ترەمپ پێشتر رای گەیاندوە نیازی هەیە سەرجەم دەست و پێوەندییەکانی بنەماڵەی کلینتن و کەسانی نزیک لە باراک ئۆباما لە کابینەکەی خۆی دور بکاتەوە و "کەسانی دڵسۆز" بە ئەمەریکا لە جێگەیان دابنێت.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا


وشە - هیدایه‌ت جان