حوسێن مه‌ده‌نی پسپۆڕ له زانستی جیۆپۆله‌تیك، پێی وایه خاكی كوردستان له روانگه‌ی ستراتیژی و جیۆپۆله‌تیكییه‌وه، به‌سه‌ر خاكی ئه‌و چوار وڵاته‌ی كوردی به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه، زاڵه. ئه‌و له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ "وشه" ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بیه‌وێ ئاغایه‌تی دنیا بكاته‌وه، ده‌بێ كوردستانی له به‌رده‌ستدا بێ". ئه‌و پسپۆڕه‌ی سیاسییه كه پێشتر مامۆستای زانكۆ بووه، قسه له‌سه‌ر سه‌ردانی فرانسوا هۆڵاند سه‌رۆكی فڕه‌نسا بۆ كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێ، "فڕه‌نسا ده‌یه‌وێ قه‌ره‌بووی ئه‌و هه‌ڵانه بكاته‌وه كه به‌رامبه‌ر به كورد كردوویه‌تی".
پێت وایه فڕه‌نسا ئه‌و هێزه‌ی جارانی ماوه كه بتوانێ وه‌ك كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی له‌ناو گۆڕانكارییه‌كاندا رۆڵ بگێڕێ؟
فڕه‌نسا هێزی جارانی نه‌ماوه. له سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن و كاتی شه‌ڕی رزگاركردنی عێراقدا، فڕه‌نسا متمانه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر به دنیای رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكا له ده‌ست دا. له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی بوشی كوڕدا و ئه‌وكاته‌ی شه‌ڕی ئه‌فغانستان و عێراق هه‌بوو، فڕه‌نسا به‌شێوه‌ی نه‌رێنی سیاسه‌ت و هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كرد. ئێسته سه‌رده‌می جه‌نه‌ڕاڵ دیگۆل نییه. ئه‌وكات فڕه‌نسا هێزێكی گه‌وره‌ی جیهانی بوو به‌رامبه‌ر به ئه‌مه‌ریكا و رووسیا و قورسایییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو. بۆیه ئه‌وكات نه له به‌ره‌ی رۆژئاوا بوو و نه له به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵات.
به‌ڵام ئێسته فڕه‌نسا ده‌یه‌وێ وه‌ك كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی بۆ ناو یارییه‌كه بگه‌ڕێته‌وه، چ هێزێكی بۆ ئه‌و كاره له به‌رده‌سته؟
ناتوانێ وه‌ك كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی بگه‌ڕێته‌وه. فڕه‌نسا له كاتی شه‌ڕی عێراقدا و له نیوه‌ی رێگه‌دا، ئه‌مه‌ریكای به‌جێ هێشت و ئه‌مه‌ش گورزی له متمانه‌ی نێوانیان دا، بۆیه ئێسته به‌و ئاسانییه ناتوانێ بۆ ناو یارییه‌كه بگه‌ڕێته‌وه و جێ پێی خۆی جێگیر بكات.
فڕانسوا هۆڵاند یه‌كه‌م سه‌رۆكی وڵاتانه كه دوو جار سه‌ردانی كوردستانی كردووه، ئه‌و ده‌یه‌وێ به‌و سه‌ردانانه‌ی چی بگه‌یه‌نێت؟
فڕه‌نسا ده‌یه‌وێ قه‌ره‌بووی ئه‌و هه‌ڵانه بكاته‌وه كه له رابردوودا به‌رامبه‌ر به كوردستان كردوویه‌تی. ئێسته‌ش نووسراوه‌كانی خاتوو دانیاڵ میتران هه‌یه كه ده‌ڵێ، كورد نابێ هه‌رگیز پشت به ئه‌مه‌ریكا ببه‌ستێ و ئه‌گه‌ر كارێكی له‌و شێوه‌یه بكات، دیسان ده‌یدۆڕێنێت. ده‌مه‌وێ بڵێم كه فڕه‌نسا له هه‌ڵوێست و پشتگیرییه‌كانیدا به‌رامبه‌ر كورد، هیچ كاتێك قورس و جێگیر نه‌بووه.
به بڕوای تۆ فڕه‌نسا ده‌یه‌وێ قه‌ره‌بووی كوردان بكاته‌وه، چۆن ده‌یه‌وێ ئه‌و كاره بكات؟
قه‌ره‌بووی بۆ ناكرێته‌وه. ئێسته كه ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له گۆڕانكارییه‌كی به‌رده‌وامدایه، فڕه‌نسا ده‌یه‌وێ بیسه‌لمێنێ كه هه‌مان هێز و متمانه‌ی ئه‌وكاتی هه‌یه كه له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا، ناوچه‌كه‌یان دابه‌ش كرد.
پێت وایه ده‌رچوونی به‌ریتانیا له یه‌كێتیی ئه‌وروپا، كاریگه‌ری له‌سه‌ر هێز و قورسایی فڕه‌نسا له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌بووبێت؟
به‌ڵێ بێگومان. به‌ریتانیا رۆڵی زیاتر بووه و هه‌میشه شانبه‌شانی ئه‌مه‌ریكایییه‌كان چووه‌ته پێش و له هیچ قۆناغێكیشدا پشتی ئه‌مه‌ریكای به‌رنه‌داوه، به‌ڵام فڕه‌نسا له هه‌ڵوێست و كاره‌كانیدا له‌رزۆك بووه، ئه‌وان هه‌میشه به شوێن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیانه‌وه بوونه و زۆربه‌ی جاریش له‌و كاره‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوونه.
باست له گۆڕانكارییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد، چ لایه‌نێك له‌و گۆڕانكارییانه‌دا زیانی به‌رده‌كه‌وێ و چ لایه‌نێكیش قازانج ده‌كات؟
گۆڕانكارییه‌كان زۆر ناڕوونن و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌زانین كه هه‌یه. ئێسته رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی سایكس-پیكۆ، تووشی ته‌نگژه‌ی زۆر گه‌وره‌ی دارایی و سیاسی بووه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كێشه ئاینی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان له‌وپه‌ڕی خۆیدایه. هه‌ر كاتێك توانییان هۆی ئه‌و گرژی و كێشانه بدۆزنه‌وه، ئه‌وكات ده‌توانن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. پرسی كورد، پرسێكی گرنگی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته. ئه‌و وڵاتانه‌ی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی ناوچه‌یین، كێشه‌ی كوردیان هه‌یه. ئێسته‌ش ئه‌گه‌ر له بنچینه و ره‌گی ئه‌و شه‌ڕ و ئاژاوه‌یه له ناوچه‌كه بكۆڵینه‌وه، ده‌رده‌كه‌وێ كه پرسی كورده. تا یه‌كلا نه‌بێته‌وه، ته‌نگژه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دانامركێن.
كام له ده‌وڵه‌تان ده‌توانن نه‌خشه‌یه‌كی نوێ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دابڕێژنه‌وه، به‌و مه‌رجه‌ی ببێته ناوچه‌یه‌كی ئارام؟
ئه‌گه‌ر بڕیاره دیسان نه‌خشه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه دابڕێژرێته‌وه، ته‌نیا به دۆناڵد ترامپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێت. 100 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌مه‌ریكا و رووسیا له داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هیچ رۆڵێكیان نه‌بووه و ته‌نیا پاشكۆی به‌ریتانیا و فڕه‌نسا بوونه. ئێسته ته‌نیا مۆسكۆ و واشنتن ده‌توانن نه‌خشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دابڕێژنه‌وه و ئه‌زموون له 100 ساڵه‌ی سایكس- بیكۆ وه‌ربگرن و بزانن ره‌گی كێشه نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان چییه و له چیدایه. ترامپ ده‌توانێ كێشه ئاینییه‌كان نه‌هێڵێ و ئه‌وه كارێكی ژیرانه‌یه. كورده‌كان له‌و نێوه‌دا به درێژایی مێژوو بوونه‌ته سووته‌مه‌نی شه‌ڕ و كێشه‌ی شیعه و سوننه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه هیچ پێوه‌ندییان به مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی كورده‌وه نه‌بووه.
ئێسته‌یش به‌شێكی زۆری كورد شیعه‌یه، پێت وا نییه دیسان كورد له داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی نوێی ناوچه‌كه‌دا ده‌بێته سووته‌مه‌نی؟
ده‌بێ زۆر به وردبینییه‌وه هه‌ڵسوكه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌دا بكرێت، به‌ڵام كێشه‌ی كورد نه‌ته‌وه‌یییه نه‌ك ئاینیی. له هه‌ر كوردێكی شیعه پرسیار بكه‌ی، سه‌ره‌تا خۆی به كورد ده‌زانێ و دواتر ده‌ڵێ شیعه‌م. ده‌بێ تایبه‌تمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی كورد به ته‌واوی له‌به‌رچاو بگیرێت. ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه سه‌یری پرسه‌كه نه‌كرێت، دیسان هه‌ڵه‌كانی رابردوو دووباره ده‌بنه‌وه و دیسانیش رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نائارامی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت. جیا له‌وه پرسی كورد، پێوه‌ندی به دۆخی زۆر تایبه‌ت و باشی ستراتیژیی خاكی كوردستانه. كوردستان خاوه‌نی خاكێكه كه به‌سه‌ر خاكی ئه‌و چوار وڵاته‌ی به‌سه‌ریدا دابه‌ش كراوه، زاڵه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بیه‌وێ ئاغایه‌تی دنیا بكاته‌وه و به ته‌واوی كۆنترۆڵی بكات، ده‌بێ بێگومان كوردستانی له به‌رده‌ستدا بێ. پسپۆڕانی ستراتیژیی ئه‌مه‌ریكا ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌و پرسه نه‌كه‌ن، دیسان ده‌یدۆڕێنن.
باس له گرنگیی جیۆپۆله‌تیكی كوردستان ده‌كه‌ی و پێت وایه ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا بیه‌وێ ئاغایه‌تی بكات، ده‌بێ كوردستانی له به‌رده‌ستدا بێت. رووسه‌كانیش ئه‌وه ده‌زانن، ئه‌ی ئه‌وان چۆنه به ئاسانی كوردستان راده‌ستی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن؟ یان ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه رێك كه‌وتوون؟
من نازانم، به‌ڵام بوونی پێویسته، چونكه ئه‌مه‌ریكا به‌بێ هاوكاری رووسیا ناتوانێ نه‌خشه‌كه دابڕێژێته‌وه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه رووسیا ئه‌و هێزه‌ی نییه بتوانێ به ته‌نیا ده‌ستكاری ناوچه‌كه بكات. رووس و ئه‌مه‌ریكاییه‌كان خۆیان ئه‌وه ده‌زانن. رووسه‌كانیش له پرسی كورد غافڵ نین و تیۆریسیه‌نی خۆیان هه‌یه، بۆ نموونه ژێرنۆفیسكی كه گرنگیی زۆر به پرسی كورد ده‌دا و داوای ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی بۆ كورد كردووه، به‌ڵام ئاراسته‌ی ئه‌وان وه‌ك په‌كه‌كه وایه. پێم وایه هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان رووسیا و ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر پرسی كورد دروست ده‌بێت، بۆ نموونه كوردستانی توركیا زیاتر له رووسیا نزیكه.
كه‌وایه دیسان كوردستان وه‌ك 100 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی دوو ده‌سه‌ڵاتی جیهانیدا دابه‌ش ده‌بێته‌وه؟
به‌ڵێ، به‌ڵام ئه‌و دوو ده‌سه‌ڵاته له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا و فڕه‌نسا جیاوازییان هه‌یه. ئه‌وكات ده‌توانین به‌و شێوه‌یه لێكی بده‌ینه‌وه كه پێش له كوردستانی یه‌كپارچه‌ی یه‌كگرتوو، كوردستانێكی فیدراتیو دروست ببێت.
دیمانه\ كاوه جه‌م