وێنە..گرووپێكی ژنان لە سلێمانی بڕاندی جلوبەرگی كوردی دادەمەزرێنن

:: AM:11:13:05/05/2019 ‌

بۆ گرنگیدان و ناساندنی وەك بڕاندێكی كوردی، كۆمەڵێك ژنی دیزاینەر گرووپێكی تایبەت بە جلوبەرگی كوردی دادەمەزرێنن و ئێستە ئامادەكاری بۆ نمایشێكی فاشیۆنی جلوبەرگی كوردی دەكەن. نادیە شێخان دەڵێ، گرووپەكە كراوەیە بە رووی ژنانی تریشدا. بەڵام ڤارین سالار پێی وایە "دیزاینەر دەبێت لایەنی كەم دەرچووی كۆلیژی هونەرە جوانەكان بێت وەك مەرجێك كە دیزاینەرە جیهانییەكان كاری لەسەر دەكەن".

گرووپەكە لە ساڵوەگەڕی ژنان لە هەشتی مارس دامەزراوە، تا ئێستە چەند چالاكییەكی هەرەوەزییان بەیەكەوە ئەنجام داوە و پلانیان هەیە فراوانتری بكەن. نادیە شێخان دیزاینەری جلوبەرگ و چنینی نەخش و نیگار لەسەر جانتا و پێڵاوی ژننانە، بە"وشە" دەڵێ، ئامانج لە دامەزراندنی گرووپەكە كۆكردنەوەی توانا و وزەی ژنان بوو لە گرووپێك و دواتر گەورەكردنی پڕۆژەكە. 


نادیە ئەوەش ناشارێتەوە كە پێش دامەزراندنی گرووپەكە ململانێ و ناكۆكی هەبووە لە نێوان ژنانی دیزاینەر تا ئاستی یەكتر شكاندن، بەڵام ئێستە وەك گرووپ رێكلام بۆ كاری یەكتریش دەكەن.

نادیە كە ماوەی چەند ساڵێكە سەرقاڵی دیزاینە لەسەر جانتا و پێڵاوی ژنانە، زیاتر گوتی "گرووپەكە داخراو نییە بە رووی كەسانی تر، بەڵكو هەوڵ دەدەن خەڵكانی تریش فێری ئەو كارە بكەن". ئاماژەی دا "كاری دیزاین بە كەسێك ناكرێت و كەسێكیش بە تەنیا بەرهەمی كەم دەبێت، بۆیە پێویستی بە فراوانكردن هەیە، ئەمەش دەستمان پێ كردووە تا هەم بەرهەممان زیاتر بێت و هەمیش دەرفەتی كار بۆ ژنانی تریش بكەینەوە و فێری ئەو كارەیان بكەین".

روونیشی كردەوە كە ژن دەتوانێت هەموو كارێك بكات و كولتووری كوردیش كە دەوڵەمەندە بە جیاوازی دیزاینی جلوبەرگەكەی، ئەوە وای كردووە ژنان سوودمەند بن. زیاتر گوتی "ژن هەیە ئارەزوو دەكات لەسەر دیزاینی كولتووری كۆن كاری بۆ بكەین و هەیە داوا دەكات بەشێوەی نوێ".

نادیە كە بڕاندی نادیە مۆزایكی هەیە، باس لە كاری داهاتوویان دەكات كە پێوەندی لەگەڵ گرووپەكانی شارەكانی تری كوردستان بكەن بە مەبەستی ئەنجامدانی كاری هاوبەش. 

پێوەند بەو پرسە، ڤارین سالار كە چەند ساڵێك پێش ئێستە وەك فاشیۆن دیزاینەر سەردانی دوبەی كردووە و دەرفەتی كاركردنی لەگەڵ بڕاندە نێودەوڵەتییەكان بۆ رەخساوە، بەڵام وەك خۆی بە"وشە" دەڵێ، لەبەر ژیانی هاوسەری نەیتوانیوە لەوێ بمێنێتەوە، ئەمەش بە پاڵنەر دەزانێت لە كوردستان پەرە بە كارەكەی بدات و لە سلێمانی ئۆفیسێكی تایبەت بەخۆی بكاتەوە.

ڤارین و نادیە لەسەر ئەوە كۆكن هێشتا هەوڵەكان سەرەتایین و نەبوونەتە بازرگانی و قازانجی لێ بكەن، دەڵێن ئەوەی دەستیان دەكەوێت كەلوپەل و پێویستی پێ دەكڕنەوە، هاوكات پشتگیری هاوسەرەكانیان بە گرنگ دەزانن بەوەی كاری دیزاینەر كاتی زۆری پێویستە و پیاوەكانیان لە ماڵەوە هاوكاری زۆریان لە ئەنجامدانی كاری ماڵدا دەكەن.

ڤارین كە دەرچووی بەشی وێنەكێشانی كۆلیژی هونەرە جوانەكانی سلێمانییە و دیزاینەری جلوبەرگی هونەرمەند كیژان برایم خەیاتە، زیاتر كار لەسەر دیزاین و نەخشاندنی جلوبەرگی كوردی دەكات و دەڵێ، داواكارییەكی زۆر لەسەر كارەكانی لە شارەكانی كوردستان هەیە.
ڤارین كە بڕاندی ڤاریا ستایلی هەیە، لەبارەی دامەزراندنی "یونایتید كوردیش دیزاینەر" باس لەوە دەكات كە ئامانج لە دروستبوونی گرووپەكە پشتگیریكردنی كاری یەكترە نەك شكاندنی یەكتر لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی. 

ئەمانە لە ماوەی مانگی رابردوو خستنەڕوویان بۆ دیزاینەكانیان كردووە و كاری داهاتووشیان ئەنجامدانی نمایشێكی فاشیۆنی جلوبەرگی كوردییە. زیاتر گوتی "نمایشی فاشیۆن پێویستی بە كاتی زۆر و سپۆنسەر هەیە، بەڵام سەرقاڵین بە ئامادەكارییەكان".

ئەو هەوڵەی یونایتید كوردیش دیزاینەر لە كاتێكدایە لە ئاستی تاكەكەسی ماوەی چەند ساڵێكە كۆمەڵێك پەیجی دیزاینەری جلوبەرگی ژنان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام زۆر بڵاو بووە، بەڵام ئەو هەشت ژنە كە هەریەكەیان بڕاندی تایبەت بەخۆیان هەیە، یەكەمین گرووپی تایبەت بە دیزاین و فاشیۆنی جلوبەرگی كوردییان دامەزراندووە، هەوڵی فراوانكردنی پڕۆژەكەش دەدەن.

































وشە - فه‌رمان سادق