شه‌به‌كه‌ ئاواره‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ گونده‌كانیان

:: PM:07:15:06/01/2017 ‌
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق شکرای کرد، تاوەکو ئێستا چوار ھەزار کوردی شەبەک گەراونەتەوە سەر گوندەکانیان لەسنووری پارێزگای  مووسڵ و پرۆسەی گەرانەوەش بەردەوامە.

مەلا سالم شەبەک نوێنەری کۆتای شەبەکه‌كه‌كان لە پەرلەمانی عێراق بە"وشە"ی راگەیاند "پرۆسەی گەرانەوەی ئاوارەکانی کوردانی شەبەک بۆ سەر گوندەکانیان بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش چوار ھەزار کەس گەراونەتەوە بۆ گوندەکانی تۆپزاوە و ئەبو جربۆعە و گۆگجەلیل و عومەر قاپچی".

مەلا سالم شەبەک گوتیشی، بڕیارە لە رۆژانی داھاتوو ژمارەیەکی دیکەی کوردانی شەبەک بگەرێنەوە بۆ سەر گوندەکانیان کە لە دەستی داعش رزگار کراون لە دەشتی نەینەوا و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.

لای خۆشیەوە نوێنەری کوردانی شەبەک لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، غەزوان حامد بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو گوندانە دەکەونە ئەو دیوی ساتری ھێزی پێشمەرگە و ئەوانەن کە لە دوای پرۆسەی رزگار کردنی مووسڵ ئاوارە بوونە و لە ئێستادا دوای رزگارکردنی گوندەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

غەزوان حامد باسی لەوەشکرد، ئەو ئاوارانەی کاتی ھاتنی داعش بۆ مووسڵ، ڕوویان لەھەرێمی کوردستان کردووە و ئێستا لەکەمپەکان نیشتەجێکراون ھێشتا ماون و نەگەڕاونەتەوە بۆ گوندەکانیان و چاوەرێی ئەوە دەکەن خزمەتگوزاری بۆ گوندەکانیان دابین بکرێت".

وتیشی، ئەوانەی دەگەرێنەوە بۆ گوندەکانیش خزمەتگوزاریان بۆ دابین نەکراوە،بەڵام باس لەوە دەکەن لەجیاتی دانی کرێ بە خانوو باشترە کە بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان.

هه‌وڵێر: بڵند ئیبراھیم.


وشە - عه‌لی سدیق