نەوت هەفتەیەكی پڕ هەوراز و نشێوی بەڕێ كرد

:: PM:04:58:15/10/2016 ‌

هەفتەی رابردوو هەفتەیەكی پڕهەوراز و نشێو بوو بۆ بازاڕی نەوت و لە ناوەندی هەفتەكە نرخی نەوت تا نزیكەی ٥٤ دۆلار بەرز بووەوە كە بەرزترین نرخی بوو لە ماوەی ١٢ مانگی رابردوو، لە كۆتای هەفتەكەش بە نزیكەی ٥٢ دۆلار داخرا كە هەمان نرخی سەرەتای هەفتەكە بوو و دواجار لە ئاستی بازاڕی هەفتانەدا نرخی نەوت بە رێژەیەكی كەم گەشەی كرد.

هەڵبەت ئەو نرخەی نەوت بەراورد بە مانگی رابردوو زۆر گونجاوە، چونكە نرخی نەوت لە ٢٨ی ئەیلوول تا نزیكەی ٤٥ دۆلار دابەزی. لە كۆبوونەوەكە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك كە رێك لەو رۆژەدا ئەنجام درا، وڵاتان  لەسەر ئەوە رێككەوتن ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە ٣٣ ملیۆن و ٤٧٠ هەزار بەرمیلەوە دابەزێنن بۆ خوارووی ٣٣ ملیۆن بەرمیل. هۆكاری دووەم بۆ بەرزبوونەوەوی نرخی نەوت بریتی بووە لە دابەزینی ئاستی نەوتی كۆگەكانی ئەمەریكا كە كاریگەریی بۆ سەر زیاتر داخوازی نەوت هەیە و دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ناوەندی هەفتەی رابردوو بۆ نزیكی ٥٤ دۆلار پێوەندی بەو كۆنگرە جیهانییەی وزە هەبوو كە لە ئیستانبۆڵ بەڕێوە چوو. لە میانەی كۆبوونەوەكە كاتێك ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا گوتی، هاوكاریی وڵاتانی ئۆپێك دەكات لە دانانی سنوورێك بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، یەكسەر كاریگەریی خستەسەر بازاڕی نەوت و نرخەكەی بەرەو ٥٣ دۆلار و ٧٠ سەنت هەڵكشا.

بڕیار بوو لە كۆنگرەكە وەزیرانی نەوتی چەند وڵاتێكی بەرهەمهێنەری نەوت كۆ ببنەوە و تاوتوێی دانانی سنوورێك بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بكەن، بەڵام كۆبوونەوە فراوانەكە بەڕێوە نەچوو و هیچ بڕیارێكی گرنگیش لەو رووەوە دەرنەكرا و رەنگە هەر ئەوەش هۆكار بێت بۆ دابەزینی دۆلار و نیوێك لە نرخی نەوت لە كۆتای هەفتەدا. جگەلەمە هەندێك هەواڵ بڵاو بوونەوە كە رووسیا بە پراكتیكی هاوكاری دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت ناكات و ئەوەش كاریگەریی بۆ سەر دابەزینی نرخی نەوت هەبوو.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، بەسوودی هەموو وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە كە لە دوو ساڵی رابردوو دابەزینی نرخەكەی گوشارێكی زۆری ئابووری خستووەتە سەریان. لە هەرێمی كوردستان كە سەرووی ٩٥%ی داهاتی حكوومەت پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەریی دەبێت بۆسەر بەرزكردنەوەی بڕی داهات و سووكتركردنی باری تەنگژەی دارایی كە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە.

نرخی نەوت پێش سەرهەڵدانی داعش سەرووی ١١٥ دۆلار بوو، بەڵام لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ەوە رووی لە دابەزین كرد و لە سەرەتای ئەمساڵ تا ٢٧ دۆلار دابەزی. مەترسیی ئەوە هاتە ئاراوە نرخی نەوت بگاتە خوارووی ٢٠ دۆلار و ئەمەش هۆشدارییەك بوو بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، هەوڵەكانیان بەگەڕ بخەن و هاوكاری یەكتر بكەن لە رێگەگرتن لە بەرهەمهێنانی زیادەی نەوت. 

گۆڕانكاری رۆژانەی نرخی نەوت

گۆڕانكاری هەفتانەی نرخی نەوت

گۆڕانكاری مانگانەی نرخی نەوت

وشە/سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان