له كۆتایی ساڵی رابردوو وەزارەتی دارایی عێراق ٥٠٠ ملیار دیناری بۆ جوتیاران خەرجکردووە، بەڵام بەھۆی وردبینی کردنی پارەکە لەلایەن چاودێری دارایی، دابەشکردنی دواکەوتووە، له ئێستاشدا نووسراوێک ئاراستەی دیوانی چاودێری دارایی کراوە تاكو وردبینی کردن دوا بخرێت و دەست بە دابەشکردنی پارهكه بکرێت.
نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی ئابوری و وهبەرھێنان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند "ھەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی عێراق ٥٠٠ ملیار دیناری رەوانەی وەزارەتی بازرگانی کردووە کە پارەی جوتیارانە بۆ ساڵی ٢٠١٦ لەکاتێک پێویست بوو ھەموو پارەی جوتیاران بۆ ھەر ساڵی رابردوو بدرێت، بەڵام حکومەتی عێراق بەڵێن دەدات و جێ بەجێی ناکات".
نەجیبە نەجیب گوتیشی، لەئێستادا ئەو٥٠٠ ملیار دینارە ئامادەیە بۆ دابەشکردن و تەنھا ئەوە ماوە رەوانەی سایلۆکان بکرێت بۆ ئەوەی بەسەر جوتیاران دا دابەش بکەن، بەڵام وردبینی کردن لە چاودێری دارایی ماوە بۆ پارەکە بکرێت بۆیە تائێستا دابەش نەکراوە.
"بەھەوڵی ئێمە سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لەپەرلەمانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی چاودێری دارایی کردوه، بۆ ئەوەی وردبینی کردن لە پارەکە دوابخرێت و دەست بە دابەشکردنی ئەو پارەیە بکرێت، لەبەر ئەوەی زۆر دواکەوتووە، ئێستا چاوەڕێی وەڵامی چاودێری دارایی دەکەین، ھەرکاتێک بەو داواکاریەی ئێمە رازی بێت ئەو کات ھەم پارەکە دابەش دەکرێت و ھەم چاودێری دارایی دەست بە وردبینی کردن دەکات" نهجیب وای گوت.
پهرلهمانتاره كوردهكهی بهغدا ئاشکرای کرد، لەبەر ئەوەی پێشتر ٥٠٠ ملیار دینار بۆ جوتیارانی پارێزگاکانی خوارووی عێراق دابەشکراوە و پشکی ھەرێمی لێ نەدراوە، ئەو بڕە پارەی ئێستا خەرج کراوە پشکی زیاتری بۆ جوتیارانی ھەرێمی کودستان دەبێت.
ههولێر: بڵند ئیبراھیم.