ھه‌وڵێك ھه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ھێزانه‌ی نزیكن له په‌كه‌كه و خه‌ڵكی شنگالن، بخرێنه سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و په‌كه‌كه‌ش له شنگال بكشێته‌وه، به‌رپرس و فه‌رمانده‌كانی ناوچه‌كه‌ش له‌باره‌ی ھێزه‌كانی نزیك له په‌كه‌كه كه به یه‌په‌شه ناسراوه لێدوانی جیاواز ده‌ده‌ن، به گوته‌ی فه‌رمانده‌یه‌كی ھێزی پێشمه‌رگه، ژماره‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی كه خه‌ڵكی شنگال و له ریزه‌كانی ھێزه‌كانی نزیك له په‌كه‌كه‌ن، له ٥٠٠ كه‌س زیاتر نییه و ئه‌وانه‌ی تر خه‌ڵكی سووریا و توركیا و عه‌ره‌بن.
قاسم دربۆ فه‌رمانده‌ی ھێزی پێشمه‌رگه له شنگال و كه‌سایه‌تیی دیاری كوردانی ئێزیدی به "وشه"ی راگه‌یاند، "ئه‌مه‌ریكا په‌كه‌كه‌ی ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه پێویسته شنگال چۆڵ بكه‌ن، ئه‌وانیش پێویسته چۆڵی بكه‌ن و چاره‌ی تریان نییه".
ئاشكرای كرد، "پێش چه‌ند رۆژێكیش سه‌ردانی ھه‌ریه‌ك له وڵاتانی ئه‌ڵمانیا و فڕه‌نسامان كرد و له‌باره‌ی دۆخی شنگال له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاتانه گفتوگۆمان كرد، ئه‌وانیش باسیان له‌وه كرد ئێمه شنگال ته‌نیا جێ ناھێڵین و ھاوكاریان ده‌بین، به‌ڵام باسیان له‌وه كرد ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه له شنگال بێت، ئێمه ناتوانین ھاوكاری شنگال بین له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یدا، چونكه پێیان وایه ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌وێ بن رێكخراوه‌كان ناتوانن بچنه ئه‌و ناوچانه و به‌هۆی په‌كه‌كه‌وه مه‌ترسییان له‌سه‌ر دروست ده‌بێت".
ئه‌و فه‌رمانده‌یه ھه‌وڵێك ئاشكرا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ھێزانه‌ی خه‌ڵكی شنگالن، بخرێنه سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ھه‌رێمیش ھاتوون بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شوێنی پێشووی خۆیان.
لای خۆشیه‌وه مه‌حما خه‌لیل قایمقامی شارۆكه‌ی شنگال ئه‌و زانیارییانه‌ی پشتڕاست كرده‌وه و به "وشه"ی راگه‌یاند، "ھه‌وڵێك ھه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه له شنگال بكشێته‌وه و ئه‌و ھێزانه‌ی شنگالیش بخرێنه سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و بڕیاره گفتوگۆ له نێوان په‌كه‌كه و ھه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بكرێت".
خه‌لیل گوتی، "ھه‌ر گفتوگۆیه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی شنگالییه‌كان بكرێت، ئێمه پێمان باشه، به‌ڵام ھه‌ر چۆنێك بێت پێویسته په‌كه‌كه له شنگال بكشێته‌وه، ئه‌مه‌ش رای خه‌ڵكی شنگال و وڵاتان و ته‌نانه‌ت بۆچوونی حكوومه‌تی عێراقیشه" .
عومه‌ر ساڵح ھاوسه‌رۆكی پارتیی ئازادی دیموكراتی ئێزیدی كه سه‌ر به یه‌په‌شه‌یه به "وشه"ی راگه‌یاند، "تا ئێسته ھیچ پێشنیازێك ئاراسته‌ی ئێمه نه‌كراوه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ھێزه‌كانی ئێمه سه‌ر به حكوومه‌تی عێراقن و ھیچ پێوه‌ندییه‌كمان له‌گه‌ڵ ھێزی پێشمه‌رگه نییه، پێش چه‌ند رۆژێك سه‌رۆكی حكوومه‌ت باسی له‌وه كرد كه پێویسته په‌كه‌كه شنگال چۆڵ بكات، له‌كاتێكدا ئێمه‌ش وه‌ك ھێزه‌كانی به‌رخودانی شنگال به‌رخودان ده‌كه‌ین و چه‌ندان گوندمان رزگار كردووه و به‌رده‌وامیشین له رزگاركردنی گونده‌كان، له‌به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك گوند له ده‌ستی داعش ماون".
ساڵح زیاتر ده‌ڵێ، "ئێمه وه‌ك حزبی پارتیی ئازادی دیموكراتی ئێزیدی دژی پێشمه‌رگه نین، به‌ڵكو پێویسته وه‌ك یه‌ك ھێزی نه‌ته‌وه‌یی ببینه یه‌ك و رێگه نه‌ده‌ین كه‌س زیان به‌كوردستان و ئێزیدییه‌كان بگه‌یه‌نێت".
ئاماژه‌ی دا، "تا ئێسته ھیچ گفتوگۆیه‌كمان نه‌كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و ھیچ پێوه‌ندییه‌ك له نێوانماندا نییه، به‌ڵام ئێمه ده‌مانه‌وێت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ھه‌موو لایه‌نه‌كان بكه‌ین".
ھاوسه‌رۆكی پارتیی ئازادی دیموكراتی ئێزیدی كه له ئێسته‌دا ده‌یانه‌وێت جگه له ھێز، حزبیش دامه‌زرێنن رای گه‌یاند، "سه‌ره‌تا له رۆژئاوای كوردستان ھاوكاری ئێمه كراوه و ئێسته‌ش له لایه‌نی خۆراك له رۆژئاوا ھاوكاری ئێمه ده‌كرێت، حكوومه‌تی عێراقیش مووچه‌ی ھه‌زار چه‌كداری ئێمه ده‌دات و ژماره‌مان نزیكه‌ی سێ ھه‌زار چه‌كداره و ئه‌و مووچه‌ی دێت به‌سه‌ر ھه‌مووان دابه‌ش ده‌كرێت".
ساڵح ده‌ڵێ، "په‌كه‌كه تا ئێسته ٢٣٠ شه‌ھیدی داوه، بۆیه ئێمه رازی نین له شنگال بكشێته‌وه".
"له ئێسته‌دا ئێمه وه‌ك پارتێكی سیاسی له عێراق ناوی خۆمان تۆمار كردووه و ناوی ٥٠٠ ئه‌نداممان پێشكه‌ش كردووه، له ھه‌ڵبژاردنی داھاتوو وه‌ك پارتێكی ئێزیدی به‌شداری ده‌كه‌ین"، عومه‌ر ساڵح وای گوت.
لای خۆشیه‌وه داود جوندی جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای مووسڵ بۆ "وشه"ی روون كرده‌وه، "ئه‌گه‌ر ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌كان له شنگال زیاتر بێت، قوربانییه‌كه‌ی خه‌ڵكی شنگال ده‌بێت، ئه‌مه‌ش وای كردووه كه خه‌ڵك نه‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان".
ئه‌و ده‌ڵێ، "بوونی په‌كه‌كه له شنگال زۆر كه‌مه، ئه‌وه‌ی ھه‌یه ھێزی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگاله كه ھه‌ر خه‌ڵكی شنگالن و په‌كه‌كه به‌رده‌وام باسی له‌وه كردووه ھه‌ر كاتێك ته‌ناهی بۆ شنگال گه‌ڕایه‌وه، ئێمه ده‌كشێینه‌وه، چونكه له ئێسته‌دا ٥٠%ی شنگال له ده‌ستی داعش ماوه و رزگار نه‌كراوه".
له‌باره‌ی ژماره‌ی كوردی ئێزیدی له ریزه‌كانی په‌كه‌كه و هێزه‌كانی سه‌ر به په‌كه‌كه له ناوچه‌كه‌دا، ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانی پێی وایه، باشتر ئه‌وه‌یه ناوی ئێزیدییه‌كان وه‌ك كورد نه‌هێنرێت و ده‌ڵێ، "مه‌ڵێن كوردی ئێزیدی، ته‌نیا وشه‌ی ئێزیدی به‌كار بێنن و ته‌شخیسی كوردایه‌تیی ئێزیدی نه‌كرێت باشتره، له‌به‌رئه‌وه‌ی وشه‌ی ئێزیدی ته‌نیا خۆشتر و جوانتره".
زیاتر ده‌ڵێ، "ئه‌و ھێزه‌ی ئێزیدی ھێزێكی سه‌ربه‌خۆیه، به‌ڵام له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی په‌كه‌كه و ئۆجه‌لانه و ژماره‌شیان له ھێزی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال كه به یه‌په‌شه ناسراوه، زیاتر له چوار ھه‌زار چه‌كدار ده‌بێت".
جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه پێشتر فه‌رمانده‌ی ھێزی پاراستنی شنگال بووه و له‌گه‌ڵ یه‌په‌شه كاری كردووه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ئێسته وازی له كاری سه‌ربازی ھێناوه و كاری سیاسی ده‌كات. ئه‌و ده‌ڵێ، "ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشنیازه‌داین كه ئه‌و ھێزانه بخرێنه سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و پێش دوو ساڵیش ئه‌و بڕیاره درا، به‌ڵام وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه نه‌یتوانی رۆڵی خۆی ببینێت وه‌ك وه‌زاره‌ت و دواتر هێزێكی ھه‌شت ھه‌زار پێشمه‌رگه له خه‌ڵكی شنگال دروست كرا كه سه‌ر به‌پارتیی دیموكراتی كوردستانن".
جوندی پێی وایه، "باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌و ھێزانه‌ی ماویشن بخرێنه سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر كۆنترۆڵ بكرێن".
به‌گوته‌ی ئه‌و، "حكوومه‌تی عێراق وه‌ك فه‌سیلێكی سه‌ر به حه‌شدی شه‌عبی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌په‌شه ده‌كات و مووچه‌یان بۆ دابین ده‌كات و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیشیان بۆ دابین ده‌كات. جگه له‌و ھێزه ھێزێكی تر ھه‌یه كه له ھه‌زار كچ پێك ھاتووه و ئه‌وانیش له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی ئۆجه‌لانن".
هه‌رچه‌ند فه‌رمانده و كه‌سایه‌تییه‌كانی نزیك له په‌كه‌كه ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه ژماره‌ی چه‌كدارانی یه‌په‌شه و هێزه‌كانی تر به هه‌زارانن، به‌ڵام فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه.
قاسم دربۆ ده‌ڵێ، "ئه‌و ژماره‌ی ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن راست نییه، چونكه ئه‌وانه‌ی كه خه‌ڵكی شنگالن و له‌گه‌ڵ ئه‌و ھێزه‌دان، نزیكه‌ی ٥٠٠ كه‌س زیاتر نییه و ئه‌وانه‌ی تر ھه‌موویان خه‌ڵكی توركیا و سووریانه و ٥٠٠ كه‌سیشیان ئه‌و چه‌كداره عه‌ره‌بانه‌ن كه پێشتر له ریزه‌كانی داعشدا بوون و ئه‌وان كردوویانه‌ته چه‌كداری خۆیان، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و ھێزه بخرێته سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ته‌نیا چه‌كدارانی خه‌ڵكی شنگال ده‌گرێته‌وه و ئه‌وانه‌ی تر پێویسته شنگال چۆڵ بكه‌ن و خه‌ڵكی ئێمه نین، ئه‌وانه‌ی شنگالیش به‌پێی ناسنامه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و ناتوانن فێڵ بكه‌ن".
دربۆ زیاتر ده‌ڵێ، "به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه راست نییه كه باس له‌وه ده‌كه‌ن ته‌نیا ٥٠%ی شنگال ئازاد كراوه، به‌ڵكو راستییه‌كه ئه‌وه‌یه كه پێنج كۆمه‌ڵگه به‌ناوه‌كانی ته‌ل قه‌سه‌ب و گرعوزێر و ته‌ل به‌نات و گرزه‌رك و سیپا شێخ خدر و چه‌ند گوندێكی بچووك ماون ئازاد بكرێن، ئه‌وی تر ھه‌موو ئازاد كراوه و ئه‌مه‌ی ماوه به‌شێكی كه‌مه و پێشمه‌رگه ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ده‌توانێ رزگاریان بكات، به‌ڵام تا ئێسته فه‌رمانمان بۆ نه‌ھاتووه، ئه‌گه‌ر نا له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئه‌وانیش رزگار ده‌كه‌ین".
فه‌رمانده‌كه‌ی پێشمه‌رگه ئاماژه‌ی دا، "په‌كه‌كه ھیچ كارێكی له شنگال نه‌ماوه و ئه‌گه‌ر كارێكیان بمایه، وڵاتان پێیان نه‌ده‌گوتن شنگال چۆڵ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان كه باس له‌وه ده‌كه‌ن ھێشتا كاریان ماوه، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیانه و ده‌یانه‌وێت زیاتر بمێننه‌وه".
وشه/ بڵند ئیبراھیم