ڤیان سلێمان: بوونی ڕێكخراوی تایبەت بە پیاوان بە پێویست نازانین

:: AM:09:46:08/05/2019 ‌
ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ "وشە"دا وەڵامی چەند پرسیارێكی گرنگ دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەكات كە بوونی ڕێكخراوی تایبەت بە پیاوان بە پێویست نازانن و پێویستە كۆمەڵگە بەرەو مرۆڤسالاری بڕوات. بەگوتەی خۆی "ژنسالاری و پیاوسالاریش ڕەت دەكەینەوە".

كوشتنی ژنان لە ساڵی 2019 جارێكی تر تەشەنەی كردووە، ئێوە چی دەكەن و چارەسەر چییە؟
ئەگەر سەیری داتاكان بكەین لە سێ مانگی 2019، ڕاستە كوشتنی ژنان زیادی كردووە، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە پۆلیسی شارەكان ئێستە بۆ كوشتنی ژنان بەدواداچوونی ڕاستەقینە دەكەن و لەڕووی یاساییەوە بەشی زۆریان گەیشتوونەتە ئەنجام و تاوانبارەكان گیراون، ئەوەش مانای وایە یاسا سەروەرە، ئێمە زیاتر كار لەسەر ئەوە دەكەین پاڵپشتی یاسایی دروست بكەین، بۆیە سەرجەم ئەو یاسایانەی بۆنی جیاوازی ڕەگەزی لێ بێت، داوای هەمواركردنەوەی دەكەین یان یاسای نوێ‌ دەربكرێت.
 
كۆمەڵێك یاسا هەن بۆ ڕێگریكردن لە توندوتیژی دژی ژنان، ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە هەندێكیان هەموار بكرێنەوە و بگونجێنرێن لەگەڵ سەردەم؟
كۆمەڵێك یاسا هەن دەبێت كاریان لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ كۆمەڵگە بگونجێنرێن، بەتایبەتی لەڕووی جێندەرییەوە، ئێستە كار لەسەر یاسای مافی كەسی دەكەین و دوای تەوابوونی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستانی دەكەینەوە.
 
لە كابینەی هەشتەمی حكوومەتدا ژن ئەو ڕۆڵە گرنگەی پێ نەدراوە و تەنیا یەك وەزیری ژن هەیە، ئێوە هیواتان بە كابینەی نۆیەم هەیە ئەو ڕێژەیە زیاد بكرێتەوە؟
هیوامان هەیە ڕۆڵی زیاتر بە ژنان بدرێت و تا پارتی لە دەسەڵات بێت، هیوامان هەیە جارێكی تر سەرۆكایەتیی حكوومەت هەم ڕێژەی ژن لە حكوومەت زیاد بكات و هەم گرنگی زیاتر بە مافی ژن بدرێت و ڕۆڵی زیاتریش بە ژنان بدرێت.

ئەی ئەگەر لە كابینەی نوێی حكوومەتدا هیچ پۆستێك بە ژن نەدرا، ئێوە هەڵوێستتان چی دەبێت؟
گەشبینم بەوەی پارتی ژن بێبەش ناكات لە حكوومەت، ئەوەیش وایكردووە ئەو حزبە هەمیشە ڕۆڵ بە ژنان بدات و لە كابینەی ڕابردووشدا تاكە ژن كە وەزیر بوو، لە پارتی بوو بۆیە گەشبینم، بەڵام بۆ حزبەكانی تر ئێمە وەك ڕێكخراوەكانی ژنان داوا دەكەین ڕۆڵ بە ژنان بدەن، تەنیا ئەوە نەبێت ژنێك وەزیر بێت، بەڵكو لە ڕوانگەی یەكسانی ئەرك بێت، ئەوەیش مانای وایە ئەو وەزیرانە ڕۆڵ ببینن و بارودۆخی ژنان باشتر بكەن.

لە وڵاتانی دەوروبەر و لە عێراقیشدا یاسای هاریكاری ژنانی بەتەمەن دەرچووە، ئێوە چیتان لە بەرنامەدایە بۆ ئەوەی دۆخی ژنان باشتر بكەن؟
ئێستە بەرنامەیەكمان هەیە بەناوی شیاندنی پیشەی ژنان كە ئەو بەرنامەیە تایبەتە بۆ ئەوەی ژنان پڕۆژەیان هەبێت لەگەڵ وەزارەتی كار و كاروباروی كۆمەڵایەتی، بەرنامەكەی ئێمە بۆ ئەوەیە نیوەی كۆمەڵگە لەكار كەوتووە كە ژنانن، بۆیە لە ڕێی پڕۆژەیەكەوە دەمانەوێت ئەو زەوینەیە دروست بكەین لەڕێی پڕۆژەی جۆراوجۆر، دەمانەوێت ئەو توێژە بكەینەوە خاوەن كار، بە تایبەتی ژنان.

چەند ساڵێكە ڕێكخراو دروست دەبن بۆ بەرگری لە پیاو، ئایە ژنان گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی مافی پیاوان پێشێل بكەن؟
لە كۆمەڵگەدا كاتێك شتێك هەیە، لایەنی پێچەوانەیش دروست دەبێت، ئێمە پێمان وایە هەموو پیاوێك خراپ نییە و هەموو ژنێكیش فریشتە نییە، بەڵام بوونی ئەو ڕێكخراوانە بە پێویست نازانم، لە كۆمەڵگەیەكی پیاوسالاردا یاسا هەیە بۆ ئەوەی بەرگری لە مافی هەردوولا بكات، هیوادارین كۆمەڵگە بگات بە ئاستی مرۆڤسالاریی، ئەوەیش مانای وایە یەكسانی ڕاستەقینە دروست ببێت، ئەوكات هیچ پێویستییەك ناهێڵێتەوە كە ڕێكخراوی ژنان یان پیاوان دروست بێت، بۆیە دروستبوونی ڕێكخراوەكانی ژنان بۆ بەرگرییە و بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەیە.

هیچ پێوەندییەكتان لەگەڵ ئەو ڕێكخراوە پیاوانانە هەیە یان بیرتان كردووەتەوە پێوەندیتان هەبێت؟
نەخێر هیچ پێوەندییەكمان نییە و ئەوان سەردانی ئێمەیان نەكردووە و ئێمەش سەردانی ئەوانمان نەكردووە، بەڵام بەپێی پڕۆژەكان ئامانجەكانی ئێمە و ئەوان ڕەنگە یەكتر نەگرێتەوە، بۆیە ئەگەر تێڕوانینی ئەوان بۆ مرۆڤسالاری بێت، ئەوا ڕەنگە لە پڕۆژەیەكدا كۆ ببینەوە، بەڵام ئامانجی ئەوان تەنیا بۆ بیرخستنەوەی كۆمەڵگە بێت كە كوشتن هەیە لە بەرانبەر پیاو، ئەوا لە یەكتر دوور دەبین.

ئەو ڕێكخراوانە پڕۆژەیاسایان هەیە بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانیان، ئایە لە كۆمەڵگەی كوردیدا هێندە ژنان باڵادەستن تا مافی پیاو پێشێل بكرێت؟.
هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە دەبێ ئەوە بزانن لە كۆمەڵگە هزری پیاوسالاری زاڵە و ئەوەیش زیانی بۆ ئێمە زۆرتر بووە، بۆیە دەبێت لەوە بگەین خزمەتكردن لە چوارچێوەی منداڵ بەخێوكردن بچێتە دەرەوە، بەرپرسیاریەتی ژنان لە بەڕێوەبردنی ماڵ و دارایی سەربەخۆ، ئەوە بیرۆكەی ئێمەشە و پشتگیری دەكەین.



وشە - رامیار جەواد