حه‌بی رێگری له منداڵبوون، یه‌كێكه له ئامرازه باوه‌كان كه خانمان به كاری ده‌هێنن بۆ رێگرتن له دووگیانی و منداڵبوون.
له‌باره‌ی ئه‌و حه‌به‌وه پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنیی هافینگتۆن پۆست، له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه سوودی ئه‌و حه‌به هه‌ر ئه‌وه نییه كه رێگریی له دووگیانی ده‌كات، به‌ڵكو به‌كارهێنانی ژماره‌یه‌ك سوودی تریشی بۆ خانمان هه‌یه كه به‌شێكیان ئه‌مانه‌ن:
یه‌كه‌م- رێگرتن له تووشبوون به شێرپه‌نجه: توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه كه ئه‌و ژنانه‌ی بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ یان زیاتر، به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر به‌كارهێنانی حه‌بی رێگری له دووگیانی، به رێژه‌ی %50 ئه‌گه‌ری تووشبوون به شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دانیان كه‌متر له‌سه‌ره.
دووه‌م- چاره‌سه‌ری زیپكه‌ی هه‌رزه‌كاری: حه‌بی رێگری له دووگیانی، به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌بێته هۆی چاره‌سه‌ركردن و نه‌هێشتنی زیپكه‌ی هه‌رزه‌كاری و لابردنی شوێنه‌واره‌كانی له‌سه‌ر پێست.
سێیه‌م- له‌ناوبردنی مووی زیاده: به‌كارهێنانی حه‌بی رێگری له دووگیانی به شێوه‌یه‌كی دروست و له‌ژێر رێنوێنیی پزیشكی پسپۆڕ، ده‌بێته هۆی كه‌مكردنه‌وه و نه‌هێشتنی مووی زیاده و هاوكات رێگری ده‌كات له گه‌شه‌كردنی كیس له هێلكه‌داندا.
چواره‌م- چاره‌سه‌ركردنی ژانی لاسه‌ره: رێژه‌ی %60ی ئه‌و ژنانه‌ی كه له ماوه‌ی سوڕی مانگانه‌دا به ده‌ست ژانی لاسه‌ره‌وه ناڵاندوویانه، رایان گه‌یاندووه، دوای به‌كارهێنانی حه‌بی رێگری له منداڵبوون به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، له ده‌ست ژانی لاسه‌ره رزگاریان بووه.
پێنجه‌م- رێكخستنه‌وه‌ی سوڕی مانگانه: ئه‌و ژنانه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك له مانگێكدا سێ هه‌فته حه‌بی رێگری له دووگیانی به‌كار دێنن و ئه‌و هه‌فته‌یه‌شی كه له ماوه‌ی سووڕی مانگانه‌دان به‌كاری ناهێنن، ئه‌وا سیسته‌می سووڕی مانگانه‌یان رێك ده‌كه‌وێت و مانگانه له هه‌مان كاتی خۆیدا ده‌كه‌ونه سوڕی مانگانه‌وه.