بڕیاردەری پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە پەرلەمان بەنیازە مێوانداری وەزیری دەرەوە بكات بۆ باسكردنی دۆسیەی دانانی باڵوێزانی عێراق و میكانیزمی دیاریكردنیان، روونی كردەوە كە چەندان فراكسیۆن بە میكانیزمەكە و كەسانی دیاریكراون رازی نین.
لە رۆژانی رابردوودا هۆڵەكانی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆیەكی گەرمی لەبارەی لیستی نوێی باڵوێزانی عێراق بەخۆیەوە بینی كە وەزارەتی دەرەوە بۆ پڕكردنەوەی ئەو شوێنە بەتاڵانەی لە دەرەوەی وڵات هەن ئامادەی كردووە.
خەدیجە عەلی ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، وەزارەتی دەرەوەی عێراق میكانیزمێكی خستووەتە روو و لە ماوەی دواییدا ژمارەیەك باڵوێزی داناوە، بەڵام میكانیزمی دانانی ئەوان لەلایەن ژمارەیەك فراكسیۆنی پەرلەمانەوە بەرهەڵستی كرا.
روونی كردەوە، چەند فراكسیۆن و پێكهاتە هیچ نوێنەرایەتییەكیان لە باڵوێزخانەكانی عێراق نەبووە، لەوكاتەی چەند هێزێكی تر دەستیان بەسەر چەندان یاڵوێزخانە و نێردەی دیپلۆماسیدا گرتووە، بۆیە پەرلەمان بڕیاری داوە مێوانداری محەمەد عەلی حەكیم وەزیری دەرەوە بكات.
سەرچاوەیەك لە راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق گوتی، ئیبراهیم جەعفەری وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق لیستێكی 80 ناوی دابووە پەرلەمانی عێراق بۆ پڕكردنەوەی پۆستە دیپلۆماسییە بەتاڵەكان، بەڵام چەند فراكسیۆنێك رێگریان لە تێپەڕاندنی كرد، لیستەكە زۆرینەی سەر بە حزبی دەعوە باڵی نووری مالیكی و بەشێكیشیان سەر بە خۆی بوون. بۆیە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان لیستەكەی گەڕاندەوە حكوومەت بۆ چاوخشاندنەوە و پێشكەشكردنی لیستێكی نوێ.