دوا زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەكانی شاندی بازرگانی هەرێم لە بەغدا

:: PM:11:58:08/05/2019 ‌

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت كە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق كۆبووینەتەوە و بەشێكی زۆری كێشەو گرفتەكانی تایبەت بە بازرگانی و هاوردە و ناردنكاران و كێشەی كۆمپانیاكانی هەرێم چارەسەر كراوە و كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن لە داهاتوودا تا چارەسەری یەكجاری.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سێ بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوژێكارێك لە وەزارەتی بازرگانی عێراق سەردانی بەغدامان كرد و لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق و وەزیری بازرگانی عێراق و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی بازرگانی عێراق كۆبووینەوە لە بارەی چارەسەری چەند كێشەیەكی تایبەت بە هەرێم و بەغدا گفتوگۆمان كرد.

زیاتر گوتی، یەكەم بابەتە كە سەرەكی بوو قسە و گفتوگۆی لەسەر كرا، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەكاران بوو لەنێوان هەرێم و بەغدا، ئەو پرسە یەكلا كرایەوە و بڕیارە مۆڵەتی هاوردە و هەناردە لەنێوان هەرێم و بەغدا یەكبخرێت ئەو مۆڵەتەی ئێستە دەدرێت، شێوازەكەی لە بەغدا بە جۆرێكە و ئۆنلاینە و ئەلیكترۆنییە و خاوەن كۆمپانیا و بازرگانەكان دەتوانن ئەو كارە بكەن، واتە مۆڵەت وەرگرن.

ئەدهەم روونی كردەوە، ئەو مۆڵەتانەی كە لە هەرێمی كوردستان دەدرێت هەمان شێوازی ئەوەی بەغدایە، ئێستە ئەو مۆڵەتانەی كە لە هەرێمی كوردستان دەدرێت لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم تەنیا لە چوارچێوەی هەرێم كار دەكات، بەڵام ئەوانەی بازرگانی عێراق بۆ هەموو عێراقە و ئەو پرسەش چارەسەر دەكرێت و ئەوانەی هەرێمیش دەبنە هەموو عێراق واتە لە هەموو عێراق كاریان پێ دەكرێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی هەرێم ئاماژەی كرد، یەكێك لە پرسەكانی تر رەسمی خزمەتگوزاری بوو بۆ پێدانی مۆڵەت، ئەوان داوایان كرد بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، بەڵام ئێمە گوتمان ئەو ڕەسمە بۆ هەرێم دەبێت، واتە داهاتەكەی بۆ هەرێم بێت، چارەسەری تەواوی كێشەكانی بازرگانی كاری كۆمپانیاكان كراوە و هەمان مەرج وڕێنمای و مافی كۆمپانیاكانی بەغدا كۆمپانیاكانی هەرێم دەگرێتەوە.دووپاتی كردەوە، چەند پرسێكی تری تایبەت بە ئابووری و بازرگانی لەنێوان هەرێم و بەغدا ماوە و بڕیارە لە كۆبوونەوەكانی داهاتوو ئەوانیش چارەسەر بكرێن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل