ئەمەریکا هێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر مۆسکۆ دەست پێ کرد

:: PM:05:01:15/10/2016 ‌


دوای ئەوەی کۆشکی سپی بە فەرمی مۆسکۆی ئاگادار کردەوە لەوەی هێرشی ئەلیکترۆنی کردووەتە سەر سیستەمی هەڵبژاردنی وڵاتەکەی، ئەمەریکا بە چڕی هێرشی پێچەوانەی دەست پی کرد.

لە سەروبەندی دەستپیکردنەوەی دووبارەی دانوستانەکانی ئەمەریکا و رووسیا لەبارەی کۆتاییهینان بە شەڕ لە سووریا، راپۆرتێکی کەناڵی "NBC" ئەمەریکا بووە هۆی درووستبوونی گرژی نێوانیان. 

کۆشکی سپی دەستی کردووە بە هێرشێکی بەرفراوانی ئەلیکترۆنی بۆسەر تۆڕەکانی رووسیا و ئامانجیش لەو کارە سووک کردن و بێ بەهاکردنی پوتین، سەرۆک رووسیایە.

ئاژانسی هەواڵی "NBC" ئەمەریکا لەزاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆشکی سپی رای گەیاندووە، داوا لە  ناوەندی هەواڵگری ئەمەریکا کراوە چەند رێگەیەک دیاری بکات بۆ هێرشکردنە سەر کۆشکی  کرملین و رسوا کردنی.

راپۆرتەکە ئاماژەی بە کات وردەکارییەکانی ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییە نەداوە و تەنیا ئامانجی ئەو هیرشانەی خستووەتە روو کە وەک هیرشی پێچەوانە بۆ رسواکرنی کرێملن ناو براوە.

زیاتر روون کراوەتەوە، لەو هێرشانەدا ناوەندی هەواڵگری ئەمەریکا کۆمەڵێک بەڵگەی لەسەر پوتین دەست کەوتووە کە پەردە لەسەر چەندان تاکتیک لادەدات کە پێشتر بەلای ئەمەریکاوە گوماناوی بووە.

جۆ بایدن لە لێدوانیکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "ABC" لەبارەی چۆنیەتی ئەو هیرشە ئەلیکترۆنییە رای گەیاندووە، "ئێمە پەیامێک ئاراستەی رووسیا دەکەین، کاتی ناردنی ئەو پەیامە لەلای ئێمەوە دیاری دەکرێت و لە هەلومەرجێکیشدا دەینیرین کە زیاترین کاریگەری بەجێ بهێڵێت".

سەرەتای مانگی حوزەیران/جۆنیڤەری رووسیا بۆ یەکەمجار هێرشی ئەلیکترۆنی کردە سەر حزبی دیموکراتی ئەمەریکا و بە هاک کردنی ئیمێڵی هیلاری کلینتن و چەند ئەندامێکی ناوداری ئەو حزبە رووبەڕووی هەڵوێستی ئەمەریکا بۆوە و ئۆباما کەسی یەکەمی رووسیا "پوتین"ی بە تۆمەتباری سەرەکی ئەو هێرشانە وەسف کرد.

وشە/ VOA- هیدایەت جان 




وشە - هیدایه‌ت جان