هەنگاریا كەنیسەیەك لە دیانا دروست دەكات

:: PM:03:28:09/05/2019 ‌

ماوەی چەند مانگێكە دەست كراوە بە نۆژەنكردنەوەی و دروستكردنەوەی كەنیسەی گەورەی مەسیحییەكانی دیانا، حكوومەتی هەنگاریا ئەركی دروستكردنەكەی گرتووەتە ئەستۆ.

كەنیسەی مارگۆرگیسی دیانا ساڵی 1980 لە سەنتەری شارەدێی دیانا لە لایەن حكوومەتی ئەوكاتی عێراق بە هاوكاری كەسایەتی ئاینی مەسیحییەكان دروست كرابوو، بەڵام بەهۆی كۆنی باڵەخانە و بچووكی شوێنەكە خراپ كرا و دووبارە دروست دەكرێتەوە .

لە شارەدێی دیانا و هەریەك لە گوندەكانی هاودیان و بێدیال لە سنووری مێرگەسۆر كەنیسەی گەورەی مەسیحییەكان بوونی هەیە  و رۆژانە چالاكی ئاینی و بەتایبەت رۆژانی یەكشەم رێوڕەسمە ئاینیەكانیان تێدا ئەنجام دەدەن، جیا لە كەنیسەكانیش مەسیحەكانی دەڤەری سۆران زیاتر لە 10 مەزار و شوێنی پیرۆزیان هەیە .

ئەمڕۆ نۆی ئایار ، یەتڕوون یۆنان داود قەشەری مەسیحییەكانی دیانا و دەڤەری سۆران بە "وشە"ی راگەیاند "بەهۆی بچووكی كەنیسەی ماركۆرگیس لە دیانا كە سەر بە كەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشوورییە،  شوێنی بەشدارانی رێوڕەسمە ئاینییەكانی بچووك بوو شوێنی خەڵك نەدەبوو، بۆیە دووای هەوڵێكی زۆر حكوومەتی هەنگاریا رەزامەندی دەربڕی لەسەر دابینكردنی 200 هەزار دۆلاری ئەمەریكی بۆ دروستكردنەوەی كەنیسەیەكی پێشكەوتوو .

بە گوتەی قەشەی دیانا "كەنیسەكە هەر لە شوێنی خۆی بە شێوازێكی مۆدێرن دروست دەكرێتەوە و هۆڵێكی گەورەی هەیە كە جێی 400 كەسی تێدا دەبێتەوە و رەچاوی هەموو چالاكی و رێوڕەسمێكی ئاینی كراوە و ناوەوەی كەنیسەكە زۆر بە جوانی دروست كراوە و كەلوپەل و پێداویستییەكانی زۆر رێكوپێكن و هەموو رێوڕەسمە فەرمییەكان وەك نوێژ و جەژن و كۆڕ و كۆبوونەوە و ئاهەنگی بووك گواستنەوە لەمەودوا تێیدا دەكرێت . 

گوتی "زۆربەی كارەكانی پڕۆژەی دروستكردنەوەی كەنیسەی مارگۆرگیسی دیانا تەواو بووە و لە ماوەیەكی نزیكدا پڕۆژەكە كۆتایی پێ دێت و  كەنیسەكە بە رووی خەڵكی خۆمان دەكەینەوە .

لەبارەی نۆژەنكردنەوە و دروستكردنەوەی كەنیسەی مارگۆرگیسی "وشە" پێوەندی كرد بە مەغدید عەریف ئەحمەد بەڕێوەبەری شارەدێی دیانا. ئەو گوتی "دابینكردنی بوددجە و پارەی پێویست بۆ چاككردنی كەنیسەی گەورەی دیانا لەسەر ئەركی ئێمە نەبووە وەك حكوومەتی هەرێم، لە رێی مەتڕان و كەسایەتی ئاینی مەسیحییەكانی كوردستان توانراوە حكوومەتی هەنگاریا رازی بكەن بە دروستكردنەوەی كەنیسەكە.

شایەنی باسە هاتنی مەسیحییەكان بۆ دیانا بە چەند قۆناغێك بووە، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"  مێژووی بوونی مەسیحی لە دیانا بۆ سەردەمی هاتنی حەزرەتی مەسیح بۆ سەدەی یەكەم و دووەم دەگەڕێتەوە، هەروەها بەشێكیان لە كۆتایی جەنگی جیهانی یەكەم هاتوونە، هەروەها قۆناغێكی تری هاتنی مەسیحییەكان بۆ دیانا دەگەڕێتەوە دوای ساڵی 1914 و ساڵی 1926 لە دیانا جێگیر كراون، جیا لە دیانا لە زۆربەی شار و شاركەكانی كوردستانیش بوونیان هەیە.

دەڤەری سۆران سەر بە پارێزگای هەولێرە و ئیسلام و مەسیحی بە درێژایی مێژوو پێكەوە دەژین و كەمترین كێشە و گرفتیان هەبووە، لە سنووری دیانا و هاودیان و بێدیال لە مەسیحییەكان بوونیان هەیە، ژمارەیان بە 300 خێزان دادەنرێت كە نزیكەی هەزار كەس دەبن، پیشەی سەرەكیی مەسیحییەكان لەو دەڤەرەدا، فەرمانبەری داودەزگەكانی حكوومەت و ژمارەیەكیشیان كاسبكارن.

سۆران – موڕشید برادۆستی



وشە - هیدایه‌ت جان