ئەبراهام لینكۆڵن كەناڵی سوێسی بڕی و بەرەو كەنداو دێت

:: PM:05:51:09/05/2019 ‌

بەیانی ئەمڕۆ وێنەی تێپەڕبوونی فڕۆكە هەڵگری ئەمەریكایی "ئەبراهام لینكۆڵن"، بڵاو كراەوەیە كاتێك كەناڵی سوێسی میسری لە نێوان دەریای سپی و دەریای سوور دەبڕێت بەر لە گەیشتنی بە كەنداو بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەكی ئێران بۆ سەر ناوچەكە.

وەك "سكای نیوز عەرەبی"، بڵاوی كردەوە فەریق میهاب مەمیش بەرپرسی دەستەی كەناڵی سوێس و سەرۆكی دەستەی گشتی ئابووری ناوچەی كەناڵەكە شایەتحاڵی پەڕینەوەكە بووە كە لە قاهیرە پێشوازی لە لیوا رالف گرۆفەر پاشكۆی بەرگری ئەمەریكا لە قاهیرە كرد و ئەوان بەیەكەوە ئامادەی پەڕینەوە فڕۆكە هەڵگرەكە بوون.

بەر لە چەند رۆژێك ئەمەریكا رەوانەكردنی فڕۆكە هەڵگری "ئەبراهام لینكۆڵن" و چوار فڕۆكەی بۆمبهاوێژی "بی52"ی بۆ كەنداوی عەرەبی راگەیاند بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەكی ئێران بۆ سەر ئامانجەكانی ئەمەریكا لە عێراق و لە ناوچەكەدا.

پێشتر جۆزێف دانفۆرد سوپاسالاری ئەمەریكا رای گەیاند كە بڕیاری رەوانەكردنی "ئەبراهام لینكۆڵن"، بۆ كەنداو بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكانی ئێرانە بۆ سەر ناوچەكە و ئەو هەنگاوەش دوای زانیاری هەواڵگری هات و پەیامێكیشە بۆ ئێران بەوەی تەواو ئاگەداری هەڕەشەكانین بۆ سەر ناوچەكە و ئێمە ئامادەین بۆ وڵامدانەوەی. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل