گفتوگۆ سیاسییه‌كانی حزبه‌كانی عێراق تا ئێسته به هیچ چاره‌سه‌رێك نه‌گه‌یشتووه بۆ ته‌واوكردنی حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی، كه تا ئێسته‌یش بێ وه‌زیری داد و ناوخۆ و به‌رگرییه، كه به سێ وه‌زاره‌تی گرنگی وڵات داده‌نرێت، پێشبینی ده‌كرێ له مانگی ڕه‌مه‌زانیش ئه‌و گرفته چاره‌سه‌ر نه‌كرێ و بۆ دوای جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان دێته دواخستن.
ئه‌ندامێكی هاوپه‌یمانی سائیروون به ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید"ی ڕاگه‌یاند، ناكۆكییه‌كان تا ئێسته چاره‌سه‌ر نه‌كراون، هه‌موو حزبه‌كان ناوی كاندیدی خۆیان ئاماده‌كردووه و ده‌یانه‌وێ له ڕێی به‌ش به‌شێنه‌وه ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌یش پڕ بكرێته‌وه، دوای چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌ی فالح فه‌یازیش ناكۆكی له نێوان هاوپه‌یمانی سائیروون و ده‌وڵه‌تی یاسا كۆتایی هاتووه.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌شواق جاف په‌رله‌مانتاری پێشووی پارتی له به‌غدا بۆ ڕۆژنامه‌كه گوتی، له نێوان پارتی و یه‌كێتی ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر كراوه و گرفتێكی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی داد نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رگرییه، بۆیه پێویست ناكات كورد به هۆكاری دواكه‌وتنی حكوومه‌ت تۆمه‌تبار بكه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی ئێسته هه‌ردوولا له‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌تی كوردستان گه‌یشتنه ڕێككه‌وتن، ئه‌مه وا ده‌كات به ئاسانی بڕیار له وه‌زاره‌تی دادی به‌غدایش بده‌ن.