15 کۆمیتەی یەکێتی دژی مەڵبەندی سلێمانی دەوەستنەوە

:: PM:01:48:11/05/2019 ‌

بەشێک لە کارگێڕ و جێگرانی مەڵبەند و 15 کۆمیتەی یەکێتی لە یاداشنامەیەکدا دژی ئەو گۆڕانکارییانە دەوەستنەوە کە لەلایەن بەرپرسانی مەڵبەندی یەکی ئەو حزبە لە سلێمانی بڕیاری لەسەر دراوە و بە کارێکی بێ پرەنسیپانە و دوور لە کاری رێکخراوەیی وەسفی دەکەن.

وەک لە یاداشتەکەدا دەردەکەوێت، ماوەیەکە حاکم قادر حەمەجان، بەرپرسی مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستەی کارگێڕی، دەستی کردووە بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری لەو مەڵبەندە، ئەوەیش ناڕەزایی 15 کۆمیتە و بەشێک لە کارگێڕ و جێگر مەڵبەندەکانی لێ کەوتۆتەوە و هەڕەشەی ئەوە دەکەن، ئەگەر ئەو رێنماییانەیان جێبەجێ نەکرێت، ئەوان پابەندی هیچ بڕیارێک نابن و هەڵوێست وەردەگرن.

لە یاداشتەکەدا هاتووە، ئێمە لە بەرامبەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە سنووری مەڵبەندی رێکخستنی سلیمانی دەکرێت بە مەبەستی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری لە لێپرسراوی بەش و لێپرسراوی کۆمیتەکان، هەست دەکەین دوور لە هەموو پرەنسیپ و بنەما و ئیتیکی کاری رێکخراوەیە، زیاتر روون کراوەتەوە، بە پێویستی دەزانین ئاڵوگۆڕەکان بخرێنە چوارچێوەی کاری رێکخراوەیی و پرەنسیپی حزبی.

15 کۆمیتەکەی یەکێتی لە حەوت خاڵدا داواکارییەکانیان بۆ جێگری سکرتێری گشتی و مەکتەبی رێکخستنی یەکیتی خستووەتە روو و داوا دەکەن:

1- سەرجەم گۆڕانکارییەکان لە کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕیدا بڕیاری لەسەر بدرێت.

2 – هەر بەش و ئۆرگانێک کە پێویست بکات گۆڕانکاری تێدا بکرێتبە هەڵبژاردن لە دەستەی کارگێڕیدا بڕیاری لێبدرێت.

3- هەڤاڵانی جێگر و کارگێڕ مافی خۆپاڵاوتنیان هەبێت بۆ لێپرسراوی بەشەکانی مەڵبەند.

4- لە ئێستەدا گۆڕانکاری لە لێپرسراوی کۆمیتەکاندا نەکرێت تا بەستنی کۆنگرە، ئەگەر لەمساڵدا کۆنگرە نەبەسترا ئاڵوگۆڕ لە لێپرسراوی کۆمیتەکاندا بکرێت.

5- پلە بەرزکردنەوە رابگیرێت، جگە لە لێپرسراوی ئۆرگان و بە پرەنسیپی حزبی بێت.

6- بە هەڵبژاردن جێگری کۆمیتە پڕ بکرێتەوە لە ئەنجوومەنی کۆمیتەدا.

7- لە دەرەوەی پرەنسیپی حزبی و ئەم داواکاریانەمان هەر گۆڕانکارییە بکرێت پێوەی پابەند نابین و هەڵوێستمان دەبێت.

ئەو هەڵوێستە دوای ئەوە دێت میدیاکان باسیان لەوە کردبوو باڵی دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتی دەیەوێت بەر لە کۆنگرە گۆڕانکاری لەناو مەڵبەند و کۆمیتە و رێکخستنەکاندا بکات لە بەرژەوەندی خۆی و وەک لە هاوپێچی نامەکەدا هاتووە، کۆمیتەکانی: یەک، سێ، چوار، پێنج، شەش، نۆ، 10، 13، 15، 16، 17، 18، 19، 22 و زانکۆ و بەشێک لە کارگێڕ و جێگرانی مەڵبەند پاڵپشتی ئەو یاداشتە دەکەن.

لێره‌ هه‌واڵێكى تر له‌باره‌ى هه‌وڵه‌كانى یه‌كێتى بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى زانكۆ و په‌یمانگاكان له‌ ڕێى گۆڕانكارییه‌كانى مه‌ڵبه‌ندى یه‌كى یه‌كێتییه‌وه‌ بخوێننه‌وه‌.

 







وشە - هیدایه‌ت جان