كرم حەوت گوندی بەردەڕەشی هەراسان كردووە

:: PM:03:11:11/05/2019 ‌

ماوەی زیاد لە 10 رۆژە جۆرە كرمێكی درێژ ژمارەیەك لە گوندەکانی سنووری شارۆكەی بەردەڕەشی هەراسان كردووە، بەپێی لێدوانی هاووڵاتییان كرمەكە بە دەرمان لەناو ناچێت و داوا دەكەن چارەسەریان بۆ بکرێت ئەگینا بەرهەمەکانیان لەناو دەچێت.

ئەمڕۆ شەموو 11ی ئایار، شێرزاد ئەمجەد، موختاری گوندی قادسیەی بچوك بە"وشە"ی، راگەیاند، زیاتر لە 10 رۆژە جورە كرمێك بەربوتە نێو ماڵ و بەروبومە کشتوکاڵییەکانی چەند گوندێكی شارۆكەی بەردەڕەش و كاریگەری خراپی لەسەر كشتوكاڵی هاوڵاتیان داناوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، كرمەكان دێنە نێو ماڵان و بە گیانی خەڵکیدا هەڵدەچێن، ئەگەر ئاگامان لێ نەبێت دەچێتە نێو خواردن و خواردنەوە و تەنانەت دەچێتە نێو دەممانەوە، ئەو كرمە بگاتە هەر شتێک لەناوی دەبات بەتایبەت بەرهەمە كشتوكاڵیەکان، چەند جۆرە دەرمانێكمان تاقی كردەوە، بەڵام دوای چەند سەعاتێك جارێكی تر دەردەكەونەوە، بۆیە داوا دەكەین بە زووترین كات چارەسەریێك بدۆزنەوە ئەگینا بەروبومی ناوچەکە هەمووی لەناو دەبات و ڕەنج و ماندوبوونمان بەفێڕۆ دەچێت.

زوبێر حەسەن، ئەندازیاری كشتوكاڵ لەبارەی ئەو كرمە بە "وشە"ی، راگەیاند، ئەو كرمە یەكێكە لە حەشەراتە كاتییەكانی وەرزی بەهار و دوای دەستپێكردنی وەرزی گەرما خۆی دەمرێ‌، بەڵام تا دەمرێ‌ زیانێكی زۆر لەدوای خۆی بەجێ دەهێلێت‌.

"كرمەكە بە چەند جۆرە دەرمان لەناو دەچێت، بەڵام پێویستە هەموو ئەو ناوچەیە دەرمانڕێژ بکرێت کە کرمەکەی لێیە، واتە هەر شوێنێك دەرمانڕێژ نەکرێت، کرمی ئەو ناوچەیە لەناو ناچێت و جارێكی تر دەگەڕێتەوە، بویە پێویستە لایەنی پێوەندیدار سەرتاپای ئەو ناوچانە دەرمانڕێژ بکەن بۆ ئەوەی بە تەواوەتی كرمەکە لەناو بچێت"زوبێر حەسەن وای گوت.

لە ئێستەدا هەریەكە لە گوندەكانی "قادسیەی بچوك، گوندی بارە‌وا، گوندی تلبە‌ سپی، گوندی درین، گوندی زمزمۆك، گوندی دووسە‌رە و گوندی شێخالك، کەوتوونەتە بەر لیشاوی ئەو کرمانە و خەڵکەکەی بەتەواوەتی هەراسان بوون.

بەردەڕەش/ نەوزاد هلۆری







وشە - هیدایه‌ت جان